ساکینە؛ ئەو منداڵەی لە سەرمادا لەدایکبوو، تێکۆشانی ژنانی گەرم کرد

ساکینە-سارا لە زینداندا نووسی، "مادام دوژمن ئەوەندە بە مەترسیم دەزانن، منیش بەردەوام دەبم بە بەڵا بەسەریانەوە"، بەڵێ سارا بوو بە بەڵا بۆ دوژمن، لە کەسایەتی سارای ئازاددا، ئەمڕۆ هەزاران ژن تێکۆشان دەکەن و ترسن بۆ گیانی دەوڵەت-پیاو.

ئەڤین نەسرین

 

سلێمانی- لە مانگی یەکەمی وەرزی زستاندا ئەو کاتەی سروشت توانای خۆی لە ساردیدا دەسەلمێنێت، ساردیەک کە تەنها دەروونە گەرمەکان باوەڕ بە جەستە دەهێنن کە تۆش بەشێکی سروشتیت و بەرگەی ئەم ساردیە دەگریت، بەڵام ئای بۆ ئەو ساتەی مانگی ڕێبەندان کە دەنگ و ئازارێکی بەهێز ساردیەکە لە جەستەوە دەگوازێتەوە بۆ دەروونی مرۆڤ، بە بیستنی هەواڵێک، ئەویش تیرۆرکردنی جەستەیی پێشەنگی ژنانی نیشتمانەکەتە.

 

ئەو منداڵی وەرزی زستان بوو، لە زستانێکی ساردی گوندی تەختی خەلیلی سەر بە شاری دێرسیم لە ساڵی ١٩٥٨ لەدایکبووە و بووە دووەم منداڵی خێزانەکەی، ئەو دەنگی هاژەی چەمی مونزوری ژنەفت، هەوای چیای دێرسیمی هەڵمژی، بۆنی خاکی سوری نیشتمانەکەی کرد.

 

ئەو ساکینە جانسز بوو، خۆی بۆ لەدایکبوونی لە وەرزی بەفردا دەڵێت: "لە دایکبوون لە ساردی و بەستەڵەکی بێ ئەندازە چانسێکی جیاواز بوو، باشتر وایە من لێرەوە دەست بە بڕوا بە چانس بکەم، لە ساڵی نوێ و لە نیوەی زستاندا، لە جوگرافیایەکی بەفراویدا لە دایکبوون، بەلای منەوە چانسە"، ساکینە لە منداڵیەوە ئارەزووی گەیشتن بە سەرچاوەی هەبوو، هەر ئەو کاتەی ڕایدەکردە سەر سەرچاوەی ئەو کانییەی ئاوی بۆ گوندەکەیان دابین دەکرد، وەک ئەوە بووە شتێکی نوێی دۆزیبێتەوە.

 

هەر لەو تەمەنە منداڵەکەیدا گوێبیستی گێڕانەوەکانی دایک و باوک و کەسوکاری دەبێت کە باسی ڕۆژانی سەختی کۆمەڵکوژی ساڵی ١٩٣٨ تا ١٩٤٥ی دێرسیمیان دەگێڕایەوە، ئەو دەیووت "کە باوکم باسی بەسەرهاتەکانی دەکرد، هەمیشە دڵ و چاوی پڕ دەبوو، بۆ ئەوەی ئێمەش تووشی ئێش و ئازار و زەحمەتییەکانی نەبینەوە، ئامۆژگاری دەکردین، دەیویست بە ڕاست و دروستی بجوڵێینەوە دەیوت ئێوە چیتان بینی؟ لە کوێ بە واتای ژیان دەزانن؟"

 

ساکینە بووە داستانی نیشتمان

بێ ئاگا لەوەی ساکینەی بچکۆلە، ڕۆژێک لە ڕۆژان ژیانی دەبێتە داستانێکی نیشتیمان و دەنووسرێتەوە و دەگێڕدرێتەوە بۆ منداڵەکان، چونکە ئەو بەڕاست و دروستی جوڵایەوە.

 

ساکینە دەست دەکات بە یەکەم قۆناغی خوێندن، ئەو قۆناغەی کە یەکەم هەنگاوی سەندنەوەی شوناس و زمانە لە ناوەندەکانی خوێندنەوە، ساکینە دەڵێت: مامۆستای پۆلی یەکەمم ژنێکی تورک بوو تا پۆلی سێ ئەو وانەی پێدەداین، فێربوونی تورکی خۆی لە خۆیدا ئەشکەنجەیەک بوو، زۆر زەحمەت بوو، بەڵام خواستی فێربوون هەبوو، مامۆستاکانمان دەیانترساندین کە دەبێت لە دەرەوەی خوێندنگەش بە تورکی قسە بکەین، دەیانووت ئەگەر بە کوردی قسە بکەن لێدان دەخۆن.

 

ساکینە بەجۆرێک لە ژێر ئەم پەروەردەیەدا کاریگەری زمانی تورکی لەسەر دروسدەبێت کە بە دایکی دەڵێت، "من شەرم دەکەم کاتێک تۆ ناتوانیت باش بە تورکی بدوێیت"، بەڵام ئەوکاتە دایکی پێی دەڵێت کە پێویستە شەرم لە کوردبوونی خۆی نەکات.

 

ساکینە کاتێک تەمەنی دەبێت بە ١١ ساڵ دەبینێت چۆن پۆلیسی تورک پەلاماری خەڵک دەدەن، کاتێک کەسێک شەهید دەکرێت بۆ یەکەمجار ساکینە گوێی لە دروشمی نامرێت دەبێت، بۆیە خۆی دەڵێت، "لە مێشکمدا بوو بە پرسیار واتای چیە کەسێک دەکوژرێت و دەڵێن شەهید نامرێت، بۆچی شەهیدەکان نامرن؟"، ساکینە قۆناغی سەرەتایی تەواو دەکات و دەست بە قۆنا‌غی ناوەندی دەکات و قوتابیەکی چالاک و زیرەک دەبێت.

 

ساکینە لە گەنجیدا بەر کردەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەوێت

ساکینە جانسز دەبینێت دەوڵەتی تورکیا بە شۆڕشگێرەکان دەڵێت تیرۆرست، ناو و وێنەیانی بڵاودەکردنەوە و بە ستوون و دیوارەکاندا هەڵیان دەواسی تا خەڵک جێگاکەیان بە پۆلیس بڵێت، بەڵام ئەو دوای تەواوبوونی وانەکانی، لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەچوون ئەو کاغەزانەیان دەدڕاند کە پۆلیس هەڵیواسیبون، لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا دەڵێت: هەر لە منداڵیەوە یاخبوونیان تیادا چاندین، ڕووداوەکان دونیای هەست و بیرکردنەوەیان سەراوبن دەکردین.

 

دەکرێت بوترێت قۆناغی خوێندنی ناوەندی بۆ ساکینەی گەنج قۆناغێک بوو، کە درکی بە هەستێک دەکرد کە وەک خۆی دەڵێت "یاخیبوون بوو، هەستی چەپڕەوێتییەکی منداڵانە بوو"، ئەو حەوت خوشک و برای تری هەبوو، بەهۆی ئەوەی خوشکە گەورەبووە، هەر لە منداڵیەوە خاوەن بەرپرسیارێتی بوو، ساکینە کاریگەری داپیرەی لەسەر بوو، بەڵام سەبارەت بە دایکی دەڵێت: دایکم بە کەسایەتیەکی سەرکەشی گەیاندم، فێری شەڕکردنیشی کردم، بەوهۆیەوە زۆر قەرزاری ئەوم.

 

دوای تەواوکردنی خوێندنی ناوەندی لە تەمەنی چواردە ساڵیدا لەگەڵ باوک و براکەیدا دەچن بۆ ئەڵمانیا و لە بەرلین دەست بە ژیان دەکەن، لە ئەڵمانیادا ساکینەی گەنج زیاتر ئاشنای بیری چەپ دەبێت، کاتێک لەگەڵ باوک و براکەیدا ئێوارەیەک دەچن بۆ ئاهەنگێک و لەوێ شانۆگەریەک نمایش دەکرێت، لە کاتی نمایشی شانۆکەدا هەست بە ڕۆحی شۆڕشگێڕی ساکینە دەکرێت، کاتێک لەناو شانۆکەدا گەنجێک لەلایەن پۆلیسی تورکەوە لێی دەدرێت، ساکینە لە ناو ئامادەبەوەکاندا هاوار دەکات و هۆنراوەیەکی هۆنەری کورد، ئەحمەد عارف، کە لە زیندانی تورکیادا نوسیوویەتی،  دەڵێتەوە؛

لێمدەن، کوڕە، لێمدەن بە ئاسانی نامرم

پشکۆی خۆڵەمێش لێنیشتووی وەجاخم

گووتەم هەیە لە ناخمدا

بۆ ئەوانەی لە حاڵم دەزانن"

 

تەماشاکارانی شانۆکە هەموو وادەزانن ئەوە بەشێکە لە دیمەنەکانی ناو شانۆکە، ساکینەی گەنج دەڵیت "دواتر وا هەست دەکرا کە هەنگوینیان لە داردا دۆزیوەتەوە" بۆیە لەلایەن چەن گروپێکەوە داوای لێدەکرێت سەردانیان بکات، بەڵام ئەو داواکان بە هەلپەرستی دەبینێت و لەوبارەیەوە دەڵێت: "بە خۆمم دەگوت تا خۆم باوەڕی نەهێنم، تەنها لەسەر خواستی هەندێکیتر نابم بە شۆڕشگێڕ".

 

بەشداری یەکەم کۆبوونەوەی تایبەت بە کورد دەکات

لە دواتردا بانگێشتی کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێن، کە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی تایبەت بە کورد بۆ ژیانی ساکینەی گەنج، کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوەدەچێت، کۆبوونەوەی کوردەکانی دەرەوەی وڵات و هاتنە لای یەکیان دەبێتە دەستپێکێکی گەورە بۆ ئاشنابوونی ساکینە بەرامبەر بە کوردستان ساکینە، دەشڵێت" هێشتا نامۆبووین لە دیاردەی کوردایەتی، دەمانگوت عەلەوین، لە ناسنامەشماندا کورد ناوی نەبوو لە دێرسیم یا قەیسەری بوویتایە، هەر بە هاوڵاتی تورک دەناسێنرایت، کەس لە بنەچەی نەتەوە نەدەگەڕا".

 

ساکینە کاتێک دەبینێت هەرچی هاتووەتە ئەو کۆبوونەوەیە بە پۆشاکی کوردیەوە هاتووە و ئەویش بە تەنورەوە چووە، دەڵێت "نازانم شەرمم دەکرد من پۆشاکی کوردیم نەپۆشیوە، جاران شەرمم لەوە دەکرد کە دایکم ناتوانێت بە تورکییەکی باش قسە بکات، ئەمڕۆ خۆم شەرم دەکەم کە جلی ئاڵوواڵای کوردیم لەبەر نییە و نامۆم بە مرۆڤەکانی تر، سەرچاوەی ئەو شەرمەم لە هەستی گەڕان بە دوای کوردبوون و خاوەن دەرکەوتن دەهات لە کوردایەتی، کورد بوون و شۆڕشگێڕی لە پاڵ یەکتردا بە واتا بوون"، دوای ١١ مانگ مانەوەیان لە ئەڵمانیا، ساکینە دەگەڕێتەوە دێرسیم و درێژە دەدات بە خوێندنەکەی لە پۆلی یەکەمی دواناوەندیەوە دەست پێدەکاتەوە، ساکینەی گەنج وریاتر لە ڕابردوو هەنگاوی دەنا و بەشداری هەر چالاکی و بایکۆتێکی دەکرد کە لەناو خوێندنگەدا بەڕێوەدەچوو.

 

ئەگەر بڵێین مرۆڤێکی ئاسایی خاوەنی پێنج هەستە، ئەوا ساکینە خاوەنی شەش هەست بوو، ئەو هەستەش شۆڕشگێڕی بوو، کە لە منداڵیەوە لەگەڵی لە دایکبووە، ساکینە بەردەوام لەلایەن خێزانەکەی و چوار دەوریەوە هەوڵی لەگەڵ دەدرا کە وەک ژنێکی ئاسایی گەنج ژیان بکات و بەو ڕێڕەو و نەریتانەدا تێبپەڕێت کە دایک و داپیرانی پێیدا تێدەپەڕین، بەڵام ساکینە بە هەستێکی قوڵەوە لە هەموو شتێک نزیک دەبۆوە و هەڵوێستی خۆی ون نەدەکرد.

 

ساکینە کاتێک دەبێت بە شۆڕشگێڕ دەڵێت: "شۆڕشگێڕی بە تایبەت بۆ ژنان هیچ ئاسان نییە، لەو خێزانانەشدا کە بە باشترین ناومان دەهێنان، بە شێوازی جیاجیا فشار و قەدەغە لەسەر ژنان هەبوو، لە ڕاستیدا هیچ خێزانێک نەیدەویست تەنانەت کوڕەکانیشیان شۆڕشگێڕێتی بکەن، چونکە شۆڕشگێڕی سەر قایمکردن بوو لە بەرامبەر دەوڵەت"، ساکینە وەک ژنێکی گەنج لە بەرامبەر ویستی خێزانەکەیدا وەستایەوە و خۆی بڕیاریدا کە چۆن بژی و ببێتە چۆن شۆڕشگێڕێک.

 

ساکینە بە لەیلا قاسم کاریگەر دەبێت

ئیدی ساکینە لە هەرشوێن و جێگایەکدا بوایە، دەبووە پێشەنگێک بۆ ئەو جێگایە، لە ساڵی ١٩٧٤دا ساکینە ئاشنای بیری ئازادی کوردستان بوو، لەگەڵ کۆمەڵێک هەڤاڵی گەنجدا خەریکی خۆپەروەردە کردن و لێکۆڵینەوە دەبن، یەکێک لەو ژنانەی ساکینە پێی سەرسام دەبێت شۆڕشگێڕی کورد لەیلا قاسمە. لە باسی لەیلا قاسمدا دەڵێت: "لەیلا قاسم بۆ من ئەفسانە بوو، کچە قارەمانێک بوو، هەمیشە کاریگەری هەبوو لەسەرم، ژن و چەک، ژن و شەڕ، ژن و تێکۆشان لە پێناو ڕزگاری نیشتمانی، ژن و مردن ئەمانە شتی ئاسایی نەبوون، ژنی کورد بە جێگرتن لە تێکۆشاندا لە کۆیلایەتی دەربازی دەبوو"، ئەم هەستە شۆڕشگێڕیەی ژنێک کە ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی دۆزیوەتەوە، هەمیشە دەبووە ئیلهامێک و کە چاوی بە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلان دەکەوێت گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرد.

 

ساکینە ئیتر بڕیار دەدات ناوێک هەڵبژێرێت کە لەگەڵ کەسایەتی خۆیدا بگونجێت، ناوێک کە خۆی دیاری بکات و قبوڵی بکات، بۆیە ئیتر ناوی لە ساکینەوە دەکات بە "سارا"، لە ساڵی ١٩٧٨دا یەکەم کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە گوندی فیسی سەر بە شارۆچکەی لیجەی ئامەد بەڕێوە دەچێت، دوو ژن تیایدا بەشدار دەبن، بێگومان یەکێکیان هەڤاڵ سارایە.

 

هەڤاڵ سارا لە کۆنگرەی یەکەمدا سەرنج ڕادەکێشێتە سەر ئەو هەڵوێستانەی بەرامبەر بە ژنان دەکران و ڕەوشی ژن لە ناو جوڵانەوەکەدا و تیایدا دەڵێت: "هەڤاڵان، بۆ بە شۆڕشگێڕکردنی نزیکترین کەسەکانیان هاوژین و خوشکەکانیان هەوڵی پێویستیان نەداوە، هەر لە چاوەڕوانی هەڤاڵێکی ژندان، ئەگەر ئەمە لەلایەن هەڤاڵانی پێشەنگەوە بکرێت سەرنج ڕاکێشە"، هەڤاڵ سارا بەم بیر و باوەڕەیەوە دەستی بە تێکۆشان کرد، بۆیە بە پێشەنگی ژنانی شۆڕشگێری کورد پێناسە دەکرێت.

 

هەڤاڵ سارا ناوچە بە ناوچە و شار بە شار دەگەڕا، بۆ ئەوەی لە دەرگای بیری هەر مرۆڤێک بدات و بڵێت هۆشیاربن، کوردبوون بەرپرسیارێتیە و هەڵوێستە، با ژنانە و کوردانە بژین، لەگەڵ تێپەڕاندنی چرکە بە چرکەدا تێکۆشانی بەهێزتر دەکرد، تا لە لە ساڵی ١٩٨٠ دەستگیر دەکرێت.

 

دەستگیرکردنی سارا قۆناغێکی نوێ دەبێت لە ژیانیدا

دەستگیرکردنی هەڤاڵ سارا و هاوڕێیانی دەبێتە قۆناغێکی نوێ لە ژیانیدا، هەڤاڵ سارای مەشخەڵ بەدەستی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، زیندانیش دەکاتە مەیدانی بەرخۆدان، بەشێویەک ڕووبەڕووی هەرکەسێک دەبووەوە، کە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرد، بە هیچ هێزێک نە دەتواندرا وای لێبکرێت نکۆڵی لە کوردبوونی بکات و دەبێتە نموونە و پێشەنگ بۆ ژنانی ناو زیندانیش.

 

ئەو کاتەی هەڤاڵ سارا لە ساڵەکانی دەستپێکی زیندانیدایە، لە ناوچەی ئەلبستانی ماراش لە ساڵی ١٩٨٢ منداڵێک لە دایک دەبێت ناوی دەنێن "فیدان"، ئەویش وەک ساکینە منداڵی وەرزی زستانە، هەڤاڵ سارا و هاوڕێیانی بۆ ئەوە بوون بە شۆڕشگێڕ، تا ڕێگای تێکۆشان بۆ منداڵێکی وەک فیدان دۆغان بکەنەوە.

 

فیدان وردە وردە گەورە دەبوو، بەرخۆدانی ساراش لە زیندان بەردەوام بوو، لە ساڵی ١٩٨٩دا و هەر لە وەرزی زستاندا منداڵیکی دیکە لەدایکدەبێت ناوی دەنرێت "لەیلا"، ئەو لەیلا شایلەمەز بوو.

 

دوای زیندان تێکۆشانی سارا، ڕۆژبین، ڕوناهی دەستپێدەکات

کات ناوەستێت دە بەهار و دە هاوین و دە دە پایز و دە زستان تێدەپەڕێت، لە کۆتایدا ژنی ڕۆح بەفر لە زینداندا ئازاد دەبێت، دوای ئازدبوونی کاتی گەیشتن بە خەونەکەیەتی، بۆیە خۆی دەگەیەنێتە ئەوروپا و لە دواتردا دەچێتەوە بۆ سوریا، تا بتوانێت بە زووترین کات بگات بە مەیدانی پەروەردە و بە دیداری هەڤاڵانی شاد ببێتەوە، ئیتر لێرە بە دواوە ژیانی هەڤاڵ سارا وەک هەمیشە بە تێکۆشانێکی گەرمەوە بەردەوام دەبێت، ئەو دەچێتە چیا و لە چیاشدا دەبێتە گوڵێکی سوری چیا بە چیایی نیشتمانەکەی.

 

هەمیشە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلان، پێشنیار بۆ هەڤاڵ سارا دەکات کە چیرۆکی ژیانی خۆی بنووسێتەوە، بۆیە هەڤاڵ ساراش بڕیار دەدات و لە ساڵی ١٩٩٦دا لە چیاکانی کوردستاندا و لە هەرێمی زاپدا دەستدەکات بە نووسینەوەی ژیانە پڕ لە سەرکێشیە ئیلهامبەخشەکەی لە پەرتوکێکدا بە ناونیشانی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو" لە سێ بەرگدا ژیانی خۆی یاداشت دەکات.

 

لێرەدا فیدان-ڕۆژبین و لەیلا-ڕوناهی ئاشنای بیری ئازادی بوون و هەردووکیان لە دەرەوەی کوردستان لە تێکۆشاندا بوون، دوای ئەوەی هەڤاڵ سارا بە ناچاری و بۆ پێویستی ڕوو دەکاتە ئەوروپا و لە فەرەنسا دەمێنێتەوە، تێکشانی سارا، ڕۆژبین، ڕوناهی شان بەشانی یەکدی بەردەوام دەبێت.

 

کۆمەڵکوژی پاریس دژی تێکۆشانی ژنان ئەنجامدرا

لە ٩ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣دا بە پلانێکی بەرنامە بۆداڕێژراوی تورکیا و بە هاوکاری وڵاتانی تر لە پاریسی پایتەختی فەرەنسادا، ساکینە جانسز-سارا و فیدان دۆغان-ڕۆژبین و لەیلا شایلەمەز-ڕوناهی، سێ ژنە یەک چارەنووسەکەی لە زستاندا لە دایکبوون و یەک تێکۆشانیان کرد، لە یەک چرکە و ڕۆژی وەرزی زستاندا تیرۆر کران.

 

ئیتر زستان بۆ ژنانی ئازادیخوازی جیهان و کوردستان بووە وەرزی گەرمی تێکۆشان بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی ژنانی شۆڕشگێڕی نیشتمان، ئیتر پاریسیش لە چاوی ئەو ژنانەدا بووە پارچە سەهۆڵێکی بەستوو، لە دواتردا جەستەی بە شکۆی تێکۆشەرانی ئازادی گەڕێندرایەوە ئەو خاکەی دڵیان تیایدا بۆ ئازادی لێیدا و جەستەیان ئامانەتی خاکی نیشتمانەکەیان کرا.

 

ئەو دەم هەڤاڵ سارا بە خاکی وت "ئەی خاکی نیشتمانەکەم بمگرە ئامێزت، با لەباوەشی تۆدا بم بۆ هەتا هەتایە، من هی تۆم و تۆش هی منیت ئێمە هەرگیز جیا نابینەوە، لەناو تۆدا ئەی خاکی نیشتمانەکەم ڕۆحم دەکەمە ئیلهامی نوێ بۆ درێژەدان بە تیکۆشان لە پێناوتدا، من باوەڕم بە گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوە، چونکە لە منداڵیشدا دەگەڕامەوە بۆ سەرچاوەکان و دەمویست بزانم سەرچاوەی ئاوی کانییەکانت لە کوێدان، ئێستا منیش لە ناو تۆدا دەبمە دڵۆپەی هەر ئاوێک لە کانییەکانی نیشتمانەکەم، تا تونییەتی ئەو ژنانە بشکێنم کە لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانەکەم هاواری ژن، ژیان، ئازادی دەکەن و سارد نابنەوە لە شۆڕش، تا لە باشووری نیشتمانمدا ببمە کانییەک بۆ ڕۆحی هەڤاڵ زیلان و لە شەقامە کۆنکرێت و ڕەقەکاندا هەڵقوڵێم و بڵێم زیلان تەنها جێتناهێڵم، تا لە ڕۆژئاواشدا ئەو دڵۆپە ئاوە بم کە نەهێڵم هەڤاڵانم بە تونییەتی درێژە بە شۆڕش بدەن".

 

سارا لە زینداندا نووسی، "مادام دوژمن ئەوەندە بە مەترسیم دەزانن، منیش بەردەوام دەبم بە بەڵا بەسەریانەوە"، بەڵێ سارا بوو بە بەڵا بۆ دوژمن، لە کەسایەتی سارای ئازاددا، ئەمڕۆ هەزاران ژن تێکۆشان دەکەن و ترسی دەوڵەت لە جەستەی ئەو ژنانەیە کە بە شەهیدبوونیش لە گۆڕدا ئازاریان دەدات، سارا بەڵا بوو، بەڵاکەی خۆی لە زیلان و ئەڤین گۆیدا درێژە پێدا و دوای ئەوانیش هەزاران سارا، ڕۆژبین، ڕوناهی، زیلان و دەستینا و ئەڤین، بە ئەڤینەوە هەڵگری مەشخەڵی تێکۆشانی ئازادی، کوردبوون و ژیانن.