"بە سەرکەوتن لە لابردنی حیجابی زۆرە ملێ، یەکسانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیش بەدی دێت"

ژنانی ناڕازی کە ئێستا لە شەقامەکاندا دەجەنگن، گەیشتن بە ئازادی بە زەمینەیەک بۆ یەکسانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەزانن و دەڵێن، ئەم نەوەیە چیتر باوەڕی بە چاکسازی نییە، بەڵکو تاکە ئاواتی ئەوەیە بۆ لابردنی ئەم دەسەڵاتە

دیلان محەمەدی

مەهاباد- یەکێک لە گرنگترین هۆکارە سەرەتاییەکانی ناڕەزایەتییەکانی دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، پرسی حیجابی زۆرە ملێیە، دوابەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی قوربانیی حیجابی ناچاری لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایی بەرفراوان دروست بوو.

 

ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان لە شوێنە گشتییەکان لە شارە جیاجیاکان وەک نیشانەی ناڕەزایەتی خۆیان حیجابەکانیان لابرد، ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە سروشتی کۆنەپەرستانەی ڕژێمی ئێران، ئەمجارە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و ئەم دروشمە بووە خاڵی بەهێزی ناڕەزایەتییەکان و لەلایەن ئازادیخوازانی سەرتاسەری ئێرانەوە پێشوازی لێکرا.

 

ژنان پێشەنگی ئەو ناڕەزایەتیانەن و لە هەموو بەشەکانی ئێران و کوردستان بە ئامادەبوونی بەرفراوان لە شەقامەکان و نووسینی دروشم و ڕاگەیاندنی داواکارییەکانیان، پێداگری لەسەر خەبات تا ڕزگاریی تەواوەتی دەکەن.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ژن، ژنێکی ناڕازی بە ناوی سەحەر "ناوی: خوازراو" باس لە داواکارییەکانی ژنان دەکات و بۆچوونی خۆی سەبارەت بە "حیجابی زۆرە ملێ" دەردەبڕێت.

 

تێڕوانینی ئێوە بۆ حیجابی زۆرە ملێ چییە؟

حیجاب شتێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو شتێکی تەواو کەسی و تەواو ئیختیارییە کە پێویستە کەسەکە بڕیار بدات چ جۆرە پۆشاکێک لەبەر بکات، ئەوە خێزان و حکومەت و  کۆمەڵگەن کە بۆ تۆ بڕیار دەدەن کە دەبێت چ جۆرە بەرگێک لەبەر بکەیت، و لەناودا لەم حاڵەتەدا جەستە دەبێتە موڵکی کەسێکی تر و کەسەکە خۆی هیچ دەسەڵاتێکی بڕیاردانی نییە بۆ هەڵبژاردنی پۆشاکەکەی.

 

من دژی حیجابی زۆرە ملێم، چونکە لە ئەنجامدا سنووردارکردنی زۆری بۆ من دروست کردووە، یەکێک لەو سنووردارکردنانە ئەوەیە کە من ناتوانم بۆ خۆم بڕیار بدەم کە چ جۆرە جلوبەرگێک لەبەر بکەم، ئەمەش مانای ئەوەیە کە من لە یەکەمین مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بێبەشم.

 

وەک ژنێک لە چ بوارێکدا هەست بە جیاکاری دەکەیت لە کۆمەڵگە؟

وەک ژنێک هەمیشە هەستم بە نایەکسانی ڕەگەزی و یاسایی لە کۆمەڵگە و خێزاندا کردووە، ژن و پیاو دەسەڵاتی یەکسانیان هەبێت بۆ چوونه قوتابخانه و زانکۆ و مافی یه کسانیان له شوێنی کاردا هەبێت هەروەها بەرپرسیاریەتی منداڵ و کاری ماڵەوه.

دەسەڵاتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە زۆر بەشەکانی کۆمەڵگەدا دابەش دەکرێن و ژنان پێگەی کۆمەڵایەتی نزمتریان هەیە لە پیاوان و زۆربەی پیاوەکانیش پۆستی ڕێکخراوەیی بە دەسەڵاتە گەورەکانەوە هەڵدەگرن، هەروەها له ڕووی یاساییه وه هەڵاواردنمان لەگەڵ ئێمەی ژنان بەتایبەتی له بواره کانی جیابوونەوە، مارەیی و  میرات که ئێمه به نیوەی پیاو دادەنرێین.

 

ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران کە ژنان پێشەنگن، چۆن دەبینن؟

نەوەی نوێ، وەک خۆیان دەناسن، ئیتر حیجاب و جلوبەرگی زۆرە ملێ قبوڵ ناکەن و بەدەست نایەکسانی جێندەرییەوە دەناڵێنن، ئازادی و سەربەخۆیی کەسییان دەوێت و لە پەیامی پڕوپاگەندەیی و فێرکارییە ئایینیەکانی سیستەمی حاکمدا هەڵدەگەڕێنەوە.

ئەم وەرچەرخانە چیتر وەک دایکان و باوکانی نەوەی پێشوو نییە، ئەوان دەیانەوێت چاکسازی لە سیستەمی حوکمڕانیدا بکرێت، بەڵکو ئاواتەخوازن بۆ کۆتایی هاتنی ئەم سیستەمە و هەموو بەربەستەکانی.

 

بە بڕوای من ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە دەرئەنجامی گوشار و نادادپەروەرییەکانی چەند ساڵی ڕابردووە، کە گۆڕاوە بۆ شۆڕشی ژنان و ئیدیۆلۆژیای کۆنەپەرستانە لە ئێراندا چیتر ناتوانێت بە زەبری هێز و سەرکوت ڕێگری لێبکات.

 

دەتەوێت ژنان بەم ناڕەزایەتیانە چی بەدی بهێنن؟

لە ئێران مافی ژنان پێشێل دەکرێت، لەگەڵ حیجابدا هەست دەکەم لە ڕەگەزی دووەمم، سیاسەتیش بەسەر جەستەمدا جێبەجێ دەکرێت، ئەوە جەستەی منە کە حکومەت بڕیار دەدات کە دەبێت چۆن بێت، هەست دەکەم وەک کاڵا تەماشا دەکرێم، هەر بۆیە شەڕ لەگەڵ حیجابی ئیجباری دەکەم، چونکە ئەگەر لەم بوارەدا سەرکەوین، مافی دیکەی وەک یەکسانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیش بەدەست دێت.

 

حکومەت ڕازی نییە هەنگاوێک لە داواکارییە کۆنەکانی پاشەکشە بکات، بەڵام نەوەی نوێ گۆڕانی بنەڕەتی دەوێت و هەریەک لە ئێمە پێشەنگین لەسەر شەقام.