ژنانی ڕانیە: دەوڵەتی تورکیا ئامانجی زیندووکردنەوەی خەلافەتی عوسمانییە

ژنانی ڕانیە لە بەرامبەر هێرش و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو، ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورکیا لە نێوان ئەو چەکدارانەی که هێناویەتی بە بەشێکی زۆرییان داعشن، دەیەوێت بە تەواوی داعش زیندوو بکاتەوە لە باشووری کوردستان.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق درێژەی هەیە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی سی پی تی لە ماوەی ١ی کانوونی دووەمی ١٩٩١ بۆ ٣٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ ٣٥٨ هاوڵاتی مەدەنی بریندار و ٣٣٤ هاوڵاتی دیکەش بە هۆی هێرش و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە گیانیان بەختکردووە.

 

ژنانی ڕاپەڕین سەرکۆنەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن و پێیان وایە، ئەو چەکدارانەی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچە سنورییەکان جێگیری کردوون، داعشن.

 

شادی سەمەد، چالاکوانێکی هەرێمی ڕاپەڕینە و لە ڕانیە نیشتەجێیە، ئاماژەی بەوەدا، لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی حزبێکی باشووری کوردستانەوە دەوڵەتی تورکیا زیاتر پەلکێشی باشوور کراوە و ئێستاش هەزاران هێزی چەکداری خۆی هێناوەتە شارۆچکەی ئامێدی و گوندەکانی دەوروبەری، وتیشی: دەوڵەتی تورکیا ڕۆژانە بەردەوام بۆردوومان دەکات و ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەڵبەت تەنها لەناوبردنی گەریلاکانی ئازادی کوردستان نییە، بەڵکو دەیەوێت ویلایەتی عوسمانی و خەلافەتەکەی زیندوو بکاتەوە، ئێستاش هەنگاو بە هەنگاو پیلانەکانی جێبەجێ دەکات.

 

شادی سەمەد باسی لە مەترسیداری دۆخی باشووری کوردستان کرد، هەروەها باس لە پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات و وتی: دەوڵەتی تورکیا لە نێوان ئەو چەکدارانەی که هێناویەتی بە بەشێکی زۆرییان داعشن، دەیەوێت بە تەواوی داعش زیندوو بکاتەوە لە باشووری کوردستان، هەروەها خەڵک لەوە ئاگادارن کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت خەلافەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە و ئێستاش بەشێکی زۆری شاری دەهۆک و زاخۆی داگیرکردووە، بەشێکی زۆری گوندەکان چۆڵ کراون و هەڕەشە لە خەڵکی گوندەکان دەکرێت، ئەو گوندانەشی ماونەتەوە هەڕەشە لە خەڵکەکەی دەکرێت چۆڵی بکەن، بۆ ئەوەی بە تەواوی ببێتە شوێنی داگیرکاری و ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیان، بە تەواوی لە ماوەی ئەم مانگەدا هەزاران دار و باغ و ڕەزی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە سوتێنراون، بۆیە من لێرەوە داوا لە سەرجەم حزب و لایەنەکانی باشووری کوردستان و هاوڵاتیان و ڕۆشنبیران و پیاوانی ئاینی دەکەم، کە بە جدی بێنە سەر خەت لەبەر ئەوەی ئەوە مەترسیەکی گەورە لەسەر باشووری کوردستان هەیە و دەبێت هەموو توێژەکان بە ژن و منداڵەوە هەڵوێستیان هەبێت، تا بە دەنگی خۆمان و بە بەرەنگاربوونەوەی خۆمان بتوانین هێزی فاشستی تورک تێک بشکێنین.

 

ئەدیبە عەلی محەمەد، دانیشتوی شاری ڕانیەیە و باس لەوە دەکات، لە بەرامبەر ئەو لەشکرکێشی و داگیرکارییەی سەر هەرێمی بادینان، دەبێت هەمووان بێنە سەر خەت و پارێزگاری لێبکەن، وتیشی: دەوڵەتی تورکیا هەرێمی بادینانی داگیر کردووە، دەسەڵاتداران و حزبی سیاسیش پاڵپشتی ئەو لەشکرکێشیە دەکەن، هەرێمی بادینان هەم ڕووبەڕووی زیانی ماددی، هەم زیانی گیانی دەبێتەوە، ئێستا لە بارودۆخی لەشکركێشی خراپ داین و دەبێت بە دەنگ بێین، دەبێت بە خۆپیشاندان و لێدوان و تێکۆشان لەشکرکێشی داگیرکەری تورکیای ڕابگرین، چونکە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت باشووری کوردستان داگیر بکات و ئیمپڕاتۆریەتی تورکیا دابمەزرێنێت.