زیادبوونی توندوتیژی پیاوان لە ئەفغانستان ئاماری کوشتنی ژنانی بەرز کردووەتەوە

بەپێی دەسەڵاتی کۆمەڵگەی پیاوسالاری و بەرژەوەندیخواز، ئەو تاوانەی بەرامبەر ژن ئەنجام دەدرێت، ڕێگە نادرێت ڕەنگدانەوەی هەبێت و بە پێی ئەوڕاپۆرتانەی کە بڵاودەکرێنەوە، زۆرینەی بکوژەکان سزا نادرێن.

بەهاران لاهیب

 

کابول- کوشتنی ژنان لە ناو حکومەتی تالیباندا بووەتە شتێکی ئاسایی کەڕۆژانە لە هەموو گۆشەیەکی ئەفغانستان ڕوودەدات، لە هەموو ڕووداوە سروشتییەکان و پێکدادانی ئۆتۆمبێلدا، ژمارەی کوژراوانی ژنان زیاترە، دەبێت بوترێ ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس لە کوشتنی ژنان لە ئەفغانستان دەکرێت سنووردارە، بەپێی دەسەڵاتی کۆمەڵگەی پیاوسالار، ناهێڵن کە زۆرینەی ئەو تاوانانەی کە لەبەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت بڵاوبێتەوە، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاودەکرێنەوە، زۆرینەی بکوژەکان بە شانازییەوە درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن و ژنان تاوانبار دەکەن کە خۆیان بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە بکوژرێن و هەزار و یەک ئازاری تر ئەزموون بکەن.

 

بەشی فارسی ئاژانسەکەمان نوژنها، ئەو زانیاریانەی کۆکردەوە، سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەو داتایانەی لە چاپەمەنیدا بڵاودەکرێنەوە زۆر ورد نین، لە ٢١ی ئەیلوول تا ٢١ی تشرینی یەکەم ٤ ژن و ٣ منداڵ لەئەفغانستان کوژراون، ٢ ژن، ١ منداڵ بو گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، منداڵێک بە سەختی بریندار بوو.

 

ئەو ئامارانەی دەزگاکەمان لە ڕاگەیاندنەکانەوە کۆیکردۆتەوە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

 

ڕۆژی ٢١ی ئەیلوول لە گوندی گەرشەک سەر بە پارێزگای هەلمەند لە نزیک بازگەی تالیبان ژنێک بە چەقۆ کوژرا و کچە بچووکەکەیشی بریندار بوو.

 

ڕۆژی ٢٦ی ئەیلوول، محەمەد ئیلیاس تەمەن ١٩ ساڵ لەگەڵ کچە هاوڕێ تەمەن ١٧ ساڵەکەی لە ناوچەی دەرەنور سەر بە پارێزگای نەنگەرهار کوژران.

 

رۆژی٣ی تشرینی یەکەم، گۆڵشەنی تەمەن ٢٧ ساڵ لەناوەندی پارێزگای بادغیس لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە چەقۆ کوژرا.

 

ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەم، سامعە تەمەن ١٥ ساڵ لە ناوچەی ئەرغەنداب سەر بە شاری قەندەهار لەلایەن هاوژینە ٥٥ ساڵانەکەی تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.

 

ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەم لە ئەنجیل سەر بە شاری هەرات پیاوێک دەستدرێژی کردە سەر ژنێکی گەنج و کوشتی.

 

ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەم، لە ئۆشتۆرلی سەر بە شاری دایکەندی، ژنێکی گەنج بە شێوەیەکی گوماناوی لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستدا.

 

لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا، زاهیرە تەمەن ١٩ ساڵ بە شێوەیەکی گوماناوی لە پەنجاب سەر بە پارێزگای بامیان گیانی لەدەستدا.

 

ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم، ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە ماڵەکەی خۆی لە فارس لە هەرات گیانی لەدەستدا.

 

لە ١٤ی تشرینی یەکەم ئەندامانی تالیبان لە بەشی یەکەمی ناوچەی پەنجشیر بە ئۆتۆمبێلێک لە منداڵێکی کچی تەمەن ١١ ساڵانیان دا و کوشتیان.

 

ڕۆژی ١٤ی تشرینی یەکەم ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ لە ناوچەی ٤ی هەرات لەلایەن براکەیەوە کوژرا.