ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد داوای بە سزا گەیاندنی سووتێنەرانی تابلۆی گوڵستان و هێرۆ دەکەن
ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە باشووری کوردستان کاردانەوەیان دژی سووتاندنی تابلۆی گوڵستان و هێرۆ نیشانداو لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن: پێویستە بە زووترین کات تێکدەرانی ئەو کردەوە فاشیستیە بە سزا بگەیەندرێن.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٤، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی لە نزیکی شارۆچکەی سەیدسادقی سەربە سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی کرد، بە هۆیەوە هەردوو ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد “گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین” شەهیدبوون، بە مەراسیمێک لە ١٠ی شوبات پەردە لەسەر تابلۆی شەهیدان گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین لە شارۆچکەی سەیدسادقی سلێمانی لادرا کە لەو شوێنەدا بە فڕۆکەی بێفرۆکەوانی دەولەتی تورک کرانە ئامانج، بەڵام ئەمڕۆ ١٢ی شوبات بیندرا کە تابلۆکە شێوێندراوە و پاشان سووتێندراوە.
لە بەرامبەر سووتاندنی تابلۆکەدا، ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە باشووری کوردستان کاردانەوەیان نیشانداو ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو ئاماژەیان بەوەکرد، وەک ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە باشووری کوردستان، ئەو کرادەوە تێکدەرانە و فاشیستیانە شەرمەزار دەکەن، کە ئامانجیان بێڕێزیکردنە بە تێکۆشانی ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە باشووری کوردستان، چونکە ڕەنج و ماندووبوونی ئەوان لە ڕاگەیاندنی ئازاددا هۆکاری گەیاندنی دەنگی حەقیقەت بووە، دژی هەموو داگیرکارییەکان، بۆیە تێکدان و شێواندنی وێنەی هەردوو شەهیدی ڕۆژنامەنووس، پەیامێکی ڕەگەزپەرستانە و تێکدەرانەیە لە دژی تێکۆشانی ژن لە ناو ڕاگەیاندنی ئازاددا، پێویستە بە زووترین کات تێکدەرانی ئەو کردەوە فاشیستیە بە سزایی یاسایی خۆیان بگەیەندرێن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەک ژنانی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بانگەوازی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و بەتایبەت ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکەین، لە بەرامبەر ئەو کردەوەیە خاوەن هەڵوێست بن، تێکۆشانی خۆیان لە بواری ڕاگەیاندنی ئازاد بۆ گەیاندنی دەنگی ڕاستی بەهێز تر و فراوانتر بکەین.