ژنان لە حەلەب هەست بە پارێزراوی ناکەن
دیارترین تایبەتمەندی ژیانی ژنان لە حەلەب، نەبوونی ئاسایشە، شەقامەکان بوونەتە مایەی ترس، ماڵەکان بوونەتە زیندانی زۆرەملێ، بەهۆی نیگەرانی ئەمنی و ترسی ڕفاندن، ژنان لە هەوڵی وەرگرتنەوەی ژیانی ئاسایی خۆیاندان.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250212-jpgee7d66-image.jpg)
غوفران هابیس
حەلەب – لە حەلەب، نەبوونی ئاسایش بۆتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی ژنان، هەر هەنگاوێک کە لەسەر شەقامەکان دەیگرنەبەر پڕە لە ترس و سنووردارکردن، بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکان و ڕووداوەکانی ڕفاندن، خێزانەکان کچەکانیان لە جیهانی دەرەوە دوور دەخەنەوە و لە ماڵەوە بە دیل دەیانهێڵنەوە.
دوای ٨ی کانوونی دووەم، ژنان خۆیان لە واقیعێکی پڕ لە ترس و نادڵنیاییدا بینیەوە، ئەوان لە زوڵمی ڕژێم ڕزگاریان بووە، بەڵام ئەمجارەیان لە ترسی ڕفاندن و هێرشی تۆڵەسەندنەوەدا دەژین، هەمیشە بەهۆی ئەم ترسەوە نیگەرانن، چوونە دەرەوە بووە بە مەترسی، ژنان چیتر ناتوانن ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بە ئازادی بژین، چوونە سەر کار یان قوتابخانە بووەتە بوارێک کە خەڵک بەردەوام لەگەڵ نیگەرانییەکانی سەلامەتیدا کێشەیان هەیە، خێزانەکە ترسیان لە سەلامەتی منداڵەکانیان هەیە، ئەمەش بووە هۆی گۆشەگیری لەناو ماڵەکاندا، ئەم گۆشەگیرییە کاریگەری لەسەر توانای بەردەوامبوونیان لە خوێندن و کار و لێهاتووییەکانیان هەبووە و سەلامەتی بووە بە خەون بۆیان، ژیانی کچان و ژنانی حەلەب بەهۆی ئالەنگاری نوێوە لە قاڵب دەدرێت لەبەر ئەوەی مەترسی لەسەر ژیان و ماف و ئازادییەکانیان هەیە.
ڕاستی سەرلێشێواوی و نائەمنی
نور ئەحمەد لە تەمەنی بیست ساڵیدایە، بەڵام بە هەموو ئەو ڕاستیانەی کە دڵی ئازار دەدەن، ئەو دۆخەی تێیدا دەژی، ناتوانێت لە ماڵەوە دەربچێت، مەگەر ئەندامێکی پیاوی خێزانەکەی لەگەڵدا نەبێت، چونکە مەترسییەکانی دەوروبەری هەمیشە هەڕەشەن بۆ سەری، نور لەم بارەیەوە وتی:پێمان وابوو ژیان جارێکی تر ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام وا نەبوو، ترسەکە لێرە هەرگیز ناڕوات، بەتایبەتی کاتێک بەناو شاردا دەسوڕێینەوە، هەمیشە هەست بە مەترسی دەکەین، وەک ئەوە وایە هەمیشە لە بازنەی ترسدا خۆمان ببینینەوە، خێزانەکەم بە هەمان شێوە بەردەوام نیگەرانن، ئێستا تەنانەت چوون بۆ قوتابخانە یان بازاڕ کێشەیەکی گەورەیە، بۆ ئەوەی من سەردانی هاوڕێیەکم هەبێت، دەبێت پیاوێکی ناسیاویشم لەگەڵدا بێت، بەهۆی ئەم کۆت و بەندانەوە گۆشەگیرین و ئازادیمان لەدەست داوە.
خەونێک کە هاتۆتە دی
نور ئەحمەد باسی لەوەکرد کە هێشتا گەنجە، بەڵام ئەو شتانەی بەسەریدا هاتووە، وایکردووە زوو گەورە ببێت، ڕوونیشیکردەوە کە ژنان بەهۆی نەبوونی ئاسایشەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە و وتی: پەروەردە هەمیشە خەونی گەورەم بووە، بەڵام بەهۆی شەڕەوە نەمتوانی خوێندن تەواو بکەم، ئێستاش دەبینم کە منداڵەکانی خوشکەکەم و زۆر منداڵی تر ناتوانن بچنە قوتابخانە، ئەمەش واملێدەکات هەست بە قورسایی ئەو بەرپرسیارێتییە بکەم کە دەکەوێتە سەر شانم، قوتابخانەکانی شاری حەلەب سەلامەت نین، بۆیە خێزانەکان ناوێرن منداڵەکانیان بنێرن، ماوەیەک لەمەوبەر، بیستمان کە مامۆستایەک و منداڵێک لە قوتابخانە ڕفێندرابوون ترسمان زیادی کردووە بەهۆی ئەم ڕووداوەوە، هەروەها تێچووی خوێندن زۆر زیادی کردووە.
ئایا لە کۆتایی تونێلەکەدا ڕووناکی هەیە؟
سەرەڕای ئەم ڕووداوە دڵتەزێن و ڕەشبینانە، نور ئەحمەد هەوڵ دەدات ئومێد لەدەست نەدات، بە ئاسەواری نادڵنیایی لە چاوەکانیدا، وتی: سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەوڵدەدەم هیوا لەدەست نەدەم، هیوادارم ڕۆژێک بتوانم بەردەوام بم لە خوێندن و منداڵەکان بتوانن بەبێ ترس بچنە قوتابخانە، خەونی من ئەوەیە کە ئاسایش بۆ شارەکەمان بگەڕێتەوە و بگەڕێینەوە بۆ ژیانی کۆنمان،گەورەترین شت کە هیوام پێدەخوواست کۆتایی هاتنی ڕژێمی ستەمکارانەی ڕابردوو بوو، لانی کەم چیتر بۆمبارانمان ناکەن، بەڵام دەبێت بەرەو پێشەوە بچین بۆ ئەوەی حەلەب ببێتە شوێنێکی سەلامەت.
هەروەها وتیشی: چارەسەرەکە بریتییە لە دامەزراندنەوەی یەکە ئسایشییەکانو تیمە ئاسایشییە تایبەتەکان بۆ ئەوەی ئاژاوەگێڕییەکانی ناو شارەکە کۆنترۆڵ بکەنەوە، پێویستە سەرەتا ئەولەویەت بدرێت بە کەرتی پەروەردە و تەندروستی، ئەگەر بمانەوێت حەلەب چاک بێتەوە، دەبێت گەورەترین وەبەرهێنان لە خەڵکدا بکرێت.
پەیامێکی هیوا
لەکۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا، نور ئەحمەد بانگەوازی سەرجەم ژنانی کرد و وتی: تەنانەت لەم کاتە سەختەدا، لەبیرتان نەچێت کە هێز لە سەبر و ئیرادەی ئێوەدایە، سەرەڕای هەموو ئەو سەختییانەی کە لە پێشمانن، هێشتا چانسی بنیاتنانی داهاتوومان هەیە، ئێوە ئومێدی حەلەبن، ئەگەر بەردەوام بین لە پێشکەوتنەکانمان لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستیدا، ئێمەش دەتوانین وەک پێشتر شارەکەمان بنیات بنێین، ئاگاداربن پرۆسەیەکی سەختمان لە پێشە، بۆیە دەبێت بە وریاییەوە و ژیرانە مامەڵە بکەین، لەبیرتان نەچێت، ئێمە داهاتووی حەلەبین و باوەڕیمان بەهێزترین ئامڕازە کە شارەکەمان دەگەڕێنێتەوە سەر پێیەکانی.