ژنانی ئێزدی: گۆڕینی یاسای باری کەسی کارەساتە
ژنانی شەنگال ڕایانگەیاند، گۆڕینی یاسای باری کەسی کارەساتە و هەروەها بڕیاری لێبووردن بە ئەندامانی داعش لە پەرلەمانی عێراق کارەساتە بۆ ژنان و داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە دەستبەجێ ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە.
هێڤیدار شەنگالی
شەنگال- ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و تاژێ سەبارەت بە بڕیاری لێبووردنی گشتیی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو لە گۆڕستانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان لەلایەن نایف شەمۆ، هاوسەرۆکی خۆبەڕێوەبەری شەنگالەوە خوێندرایەوەو تێیدا هاتووە: خۆبەڕێوبەری شەنگال بە توندی بڕیاری لێبوردنی گشتی ڕەتدەکاتەوە و ئیدانەی دەکات کە لە ٢٢ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق پەسەندی کردووە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٢٠ی کانوونی دووەم، سێ ڕەشنووسی یاسای خستە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کران. ئەو ژنە ئێزیدیانەی بەشدارییان لە ڕاگەیەندراوەکەدا کردووە، هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە دەربڕی و وتیان: 'یاسای باری کەسی' و 'لێبووردنی گشتی' کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکراوە، دوو یاسان کە لە بەرژەوەندی ژنان و خەڵکی عێراقدا نین.
"عێراق بەرپرسیارە لەو خراپەکارییەی بەسەریدا دێت"
سەمیرە خەلەف، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی دیگوڕ باسی لە یاسای لێبووردنی گشتی کرد و ڕایگەیاند کە عێراق بەم ڕێبازە دوژمنایەتی خۆی بەرامبەر ئێزدییەکان نیشان داوە وتی: ئێمە دژی بڕیاری لێبووردنی گشتیین کە بە چەتەکانی داعش دراوە، وەک هاوڵاتی ئەم خاکە بە دەستی ئەو چەتانە ئازارێکی زۆرمان چەشتووە، ئێمە کوژراوین و فرۆشراوین و دەستدرێژیمان کراوەتە سەر و سووتێندراوین، ئەمڕۆ لێبووردنی گشتی بۆیان ڕادەگەیەنرێت، ئەمە دڕندەیی و نادادپەروەرییە بەرامبەر ئێزدییەکان، دەبوو عێراق دان بەو جینۆسایدەدا بنێت کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بەرامبەر ئێزدییەکان ئەنجامدراون، بەڵام بەداخەوە خەریکی لێخۆشبوونی چەتەکانە، عێراق بەم هەڵوێستە دژایەتی خۆی بۆ ئێمە ڕاگەیاندووە، مافی پێکهاتەی ئێزدی لە عێراقدا نەماوە، چەند بڕیارێکی تریش گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە، ئێمە دژایەتیان دەکەین و قبوڵیان ناکەین، ئەگەر گروپە چەتەکان جارێکی تر هێرش بکەنە سەر خەڵک و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن، حکومەتی عێراق تاوانبار و بەرپرسیار دەبێت.
"ئەم یاسایە کارەساتە"
فیلوز بەرکات ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی تل عوزێر باسی لە هەمووارکردنەوەی 'یاسای باری کەسی' کردو ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە دژی هەموو ژنانە و پێویستە هەمووان هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەری.
فیلوز نیگەرانییەکانی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: ئەم بڕیارە دوورە لە ڕەوشتی مرۆڤایەتی، کچێک کە منداڵ بێت، ناتوانێت خۆی بەڕێوە ببات، چۆن منداڵێک لەدایک دەکات و پەروەردەی دەکات؟ ئەگەر منداڵان منداڵ پەروەردە بکەن، کارەسات ڕوودەدات، زیانی گەورە بە ژنان و کۆمەڵگە دەگەیەنێت، ئەم یاسایە دژی هەموو ژنانە، بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو ژنانی عێراقە؛ با دژی ئەم بڕیارە ڕاپەڕن و هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن، ئەم یاسایە قبوڵکراو نییە.