ژنانی کورد، عەرەب، سریانی، ئەرمەنی: کۆنگرەکەی شام نوێنەرایەتی ئێمە ناکات

ژنانی پێکهاته کورد. عەرەب، سریانی و ئەرمەنییەکانی شاری حەسەکە، جەختییان لەوە کردەوە کە ئەو کۆنگرەیەی بەناوی سەرکەوتن لە شام بەڕێوەچوو، کە بکوژانی هەڤرین خەلەف تێیدا ئامادەبوون، نوێنەرایەتی گەلی سووریا ناکات و ناڕەوایە.

ڕۆنیدا حاجی

 

 حەسەکە- ناڕازیبوون و کاردانەوەی ژنان بەرامبەر بەو بکوژانە بە ناوەکانی حاتم ئەبو شەقرە و ئەبو ئەمشا، کە بە شێوەیەکی دڕندانە هەڤرین خەڵەف، سکرتێری گشتی پارتی سسوریای ئایندەیان لە پێش چاوی جیهان کردە ئامانج، ئێستا بەشێکن لە ئیدارەی کاتی سووریا لە دەستی گروپە جیهادییەکانی چەتەکانی هەتەشە، لە زیادبووندایە، ژنانی پێکهاتەکانی کورد، عەرەبی وسریانی و ئەرمەنی ناڕازیی خۆیان له کۆنگرەکە دەربڕی، و هیچ ژنێک بەشداری تێدا نەکرد، بەڵکو تاوانباران و بکوژانی ژن لەوێ بوون.

 

 'بەبێ بوونی ژن، ناتوانرێت سەرکەوتن و داهێنان لە سووریا ئەنجام بدرێت'

 سیلاڤا ئەحمەد، لە پێکهاتەی کورد ڕایگەیاند، سەرکەوتن کاتێک دێت کە ژنان قبوڵ بکرێن و ڕۆڵیان هەبێت، هەروەها وتی: ئێمە ئەو کۆنگرەیە ئیدانە دەکەین کە گوایە لە شام بە ناوی سەرکەوتنەوە بەڕێوەچوو و جەختیش دەکەینەوە کە بە بێ ئامادەبوونی ژن، هیچ سەرکەوتن و داهێنانێک لە سووریا ناکرێت،  ئەو کەسانەی بەشداری کۆنگرەکە بوون، هەموویان بکوژی ژنان بوون، ئەگەر لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرایە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە دەستیان لە کوشتن و دەستدرێژی و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی گەلی سووریادا هەبووە، هیچ یاسایەک ڕێگە بە بکوژەکان نادات ببنە کارگێڕ، بەڵام ئەمڕۆ ئەمە لە ئیدارەی کاتی سووریادا دەبینرێت، ئەم خەڵکە نوێنەرایەتی خەڵکی سووریا ناکەن. پیلانێک دژی دەستکەوتەکانی ژنان و شۆڕش بەڕێوەدەچێت، هەروەها دەڵێین لە سەدەی ٢١دا سیستەمێک یان عەقڵیەتێک کە ژن ڕەت بکاتەوە زاڵ بێت قبوڵ ناکرێت.

 

 'چۆن ئەو کەسانەی لە لیستی تیرۆردان جێگەی خۆیان لە ئیدارەدا دەگرنەوە؟'

 ئەناهید وەسەبیان، ڕێکخەری یەکێتی ژنانی ئەرمەنستان، ئاماژەی بەوەدا کە بەبێ بیرۆکە و ناسنامەی ژنان، سووریا بەرەو مەترسی دەڕوات و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەوانەی لە لیستی تیرۆردان چۆن بەشداری لە بونیادنانی سووریادا دەکەن؟  ئەمە جێگای قبوڵ نییە، دەبێت ئەم کەسانە دەستگیر بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، وادیارە سووریا بەرەو مەترسییەکی زۆر گەورە دەڕوات، سووریا پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی پاک و دیموکراسی هەیە، دوور لە عەقڵیەتی سێکسیستی و ئایینی، لەبەرامبەر ئەم عەقڵیەتەدا پێویستی بە بەهێزکردنی ڕێکخستنی ژنان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین سووریایەکی ئازاد و دیموکراسی بونیاد بنێین، دەمانەوێت سووریا بە ناسنامە و مێژووی ژنان بونیاد بنرێت و سوود لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی وەربگیرێت.

 

 'هەڤرین ڕێگەی ئازادی بۆ ژنان خۆش کرد'

 سەنا ائەبود حەمود، کە بەڕەچەڵەک عەرەبە و یەکێکە لە ئاوارەکانی سەرێکانی، جەختی لەوە کردەوە کە هەڤرین خەڵەف کاری بۆ ژنان کردووە بۆ ئەوەی بە ئازادی لە سووریا بژین و وتی: شەهید هەڤرین ڕێگەی ئازادی بۆ ژنان کردەوە، هەر بۆیەش کوژرا، ئەم کۆنگرەیە بەبێ ئامادەبوونی ژن بەسترا، ئەوان دەیانەوێت ژن بگەڕێننەوە بۆ کۆیلایەتی و هەژموون، بەڵام ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین و ڕەتیدەکەینەوە، چونکە بوونی بکوژی شەهید هەڤرین لە کۆنگرەدا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە، هەموو شوانێک بەرپرسیارە لە مەڕەکانی، کەسانێک کە خوێنی گەلی سووریایان لەسەر دەستە، چۆن دەتوانن ببنە سەرکردە.

 

 'سیستەمی خۆبەڕێوەبەری چارەسەرە بۆ بونیادنانی سووریایەکی دیموکراسی'.

 ستێل موراد، سەرۆکی یەکێتی ژنانی سووریا ڕایگەیاند، کۆنگرەی بە ناوی 'سەرکەوتن' ناڕەوایە و وتی: ئێمە ڕەخنە لەو کۆنگرەیە دەگرین کە ناوی 'سەرکەوتنە"ە، چونکە تاکەکانی ناو لیستی تیرۆر ئامادە بوون،  ئەم کۆنگرەیە نایاساییە و ناڕەوایە، چونکە ژنانی تێدا نەبووە و نوێنەرایەتی داواکاری گەلی سووریا ناکات، سەرکەوتنی پڕۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە یەکڕیزی و پاراستنی مافی گەلان بەدیهات، لەبەر ئەو هۆکارە سیستمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک گونجاوترین سیستمە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراسی.