ژنان لە ئێران بارگرانی سەرەکیی قەیرانی ئاویان لەسەر شانە

قەیرانی کەمئاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە قۆناغێکی مەترسیدار گەیشتووە و لەگەڵ کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر شانی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی ڕادیۆ زەمانه لە ڕاپۆرتێکی زانستیدا سەبارەت بە زیانەکانی قەیرانی ئاو لەسەر ژنان لە سی پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زانیاریی خستووەتەڕوو تێیدا هاتووە: قەیرانی کەمئاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و بارگرانییە سەرەکییەکەی کەوتووەتە سەر شانی ژنان، بەجۆرێک زیاتر لە ٣٥ ملیۆن کەس لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەم بێ ئاوییەدا دەژین، زۆربەی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی مامناوەند دان بەڵام هەناردەکردنی ئاوی ئەم ناوچانە بەرەو پارێزگاکانی تری ئێران مەترسی کەمئاوی درووست کردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، وشکبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دابەزینی ٣٠٪ـی بەرهەمی ڕووەکی بەهۆی پچڕانی کارەباوە، بووەتە هۆی ئاوارەبوون و کۆچکردنی ١٦ ملیۆن کەس بەرەو پەراوێزی شارەکان، هەروەها نادادپەروەری لە دابەشکردنی ئاوی ئاودێری بووەتە هۆی دروستبوونی ٢٤٪ جیاوازی لە بەرهەمداری ئەو زەوییانەی ژنان بەڕێوەیان دەبەن بەرامبەر پیاوان.

 

باس لەوەشکراوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسانی خۆراک بۆ ٦٤٪، گوشاری بژێوی لەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکان گەیشتووەتە لووتکە، هەروەها توێژینەوە لەسەر ٦٨٥ خێزان ئەنجام دراوە و دەریخستووە، بێئاوی و قەیرانی ئابووری ئاستی خەمۆکی و گرژییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرزکردووەتەوە.

 

ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر ڕاگەیاندراوی ساڵی ٢٠٢٦ـی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکاتەوە کە دەڵێت، نایەکسانی ڕەگەزیی و قەیرانی ئاو چارەسەر نابێت، سەرەڕای ئەوەی ژنان لە ئاستی باڵای بڕیاردانی بەڕێوەبردنی ئاو بێبەش کراون، بەڵام هێشتا وەک بزوێنەری سەرەکی لە داڕشتنی ڕێگەچارەی خۆڕاگرانە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکاندا لە هێڵی پێشەوەدا دەمێننەوە.