تەژەکە-ئەوروپا: پشتیوانیی لە ژنانی ئەفغانستان دەکەین
تەژەکە-ئەوروپا دەڵێت: ئێمە وەک ژنانی کورد لە ئەوروپا، جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە پشتیوانیی لە ژنانی ئەفغانستان دەکەین، تێکۆشانەکەیان، بە دابڕاو لە تێکۆشانی ئازادییمان نابینین.
ناوەندی هەواڵ
تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا "تەژەکە-ئەوروپا" لە ساڵیادی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵاتی ئەفغانستان (لە ١٥ـی ئابی ٢٠٢١)، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بۆ پشتیوانیی لە ژنانی ئەفغانستان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ئاماژە بەوە کرا کە لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا ژنان لە پەروەردە، کار، ژیانی سیاسی و ژیانی گشتی دوورخراونەتەوە و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان بە شێوازێکی توند ڕێگرییان لێ کراوە. هەروەها دووپاتکراوەتەوە کە دوورخستنەوەی ژنان لە گۆڕەپانی گشتی سیاسەتێکی سیستەماتیکە کە ژنان لە بەرامبەر توندوتیژی و فشاردا بێپاراستن دەهێڵێتەوە.
تەژەکە-ئەوروپا کشانەوەی ئەمریکا و هێزە ڕۆژئاواییەکان لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١دا و هاتنەوە سەر دەسەڵاتی تاڵیبانی بە بەخشینی داهاتووی ژنانی ئەفغانستان بە دەسەڵاتێکی ستەمکار هەڵسەنگاند. بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرا کە لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە لایەن تاڵیبانەوە بێدەنگ نەبن و ڕێگا نەدەن ئەم سیستەمە ببێتە شتێکی ئاسایی.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوە دووپاتکراوەتەوە کە ژنانی ئەفغانستان سەرەڕای هەموو فشارەکان بۆ مافی پەروەردە، کار، بەشداریی سیاسی و ژیانی ئازاد بەردەوامن لە بەرخۆدانی خۆیان.
تەژەکە-ئەوروپا ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان پشتگیری لە هەڵمەتی ئازادی لە نێوان ١٥ـی ئاب و ٢٥ـی تشرینی دووەمدا دەکەن و تێکۆشانی ژنانی ئەفغانستان وەکو بەشێک لە تێکۆشانی ئازادیی خۆیان دەبینن، پشتگیریی ژنان هێزێکی هاوبەشە کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت و ئازادبوونی ژنان یەکێکە لە مەرجە بنەڕەتییەکانی ئازادبوونی کۆمەڵگە.