۳۰ ڕێکخراوی ژنان بانگەواز بۆ پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەکەن
زیاتر لە ٣٠ ڕێکخراوی ژنان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانیانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادییان کردو ڕایانگەیاند: تەنها لەسەر داوای ڕژێمی ئێران سزا دراون و پێویستە زووتر سزاکە هەڵبگیرێت نەک درەنگتر.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250211-jpg1f8f1f-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژ بە ڕۆژ توڕەیی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی ژنانی کورد، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی زیاتر دەبێت، لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە ٣٠ ڕێکخراوی مافی ژنان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕاگەیەندراوێکییان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە دەزگای دادوەری ئێران کراوە کە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و سەرجەم زیندانیانی سیاسی دیکە ڕابگرێت.
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: پێویستە ڕێز لە پرۆسەی سیاسی و دادگاییکردنی دادپەروەرانە بگیرێت، بەو پێیەی سزای لەسێدارەدان سزایەکی نامرۆڤانە و پێشێلکردنی ڕوون و ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە، دەبێت سزای لەسێدارەدان لە سیستمی یاسایی ئێراندا هەڵبوەشێتەوە، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە، تەنیا لەسەر داوای ڕژێمی ئێران بڕیاری سزادانیاا بەسەردا سەپاوە.
ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری زیندانی سیاسی پەخشان عەزیزی، ڕایگەیاند کە دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی سەپێندراو بەسەر پەخشان عەزیزیدا پەسەند کردووە، هەروەها باسی لەوەش کرد کە ئەو بەڵگەنامانەی کە بۆ بەرگریکردن لە پەخشان عەزیزی پێشکەشیان کردبوو، لەلایەن دادگاوە ڕەتکراونەتەوە.
جگە لەوەش سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی کە لە ۱٦ی حوزەیران و ٤ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲٤ لە دانیشتنی دادگادا ڕاگەیەندرا، بە فەرمی بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندرا.