"پلانگێڕیی ١٥ی شوبات دژی گەلان و جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە"
ڕیهام حجۆ، وتەبێژی تاژێ وتی: ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، پیلانگێڕی ۱٥ی شوبات پیلانێکە کە دژی گەلان و جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدرا.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250213-jpg14b441-image.jpg)
ڕووناهی زەردەشت
شەنگال- لە ۱٥ی شوباتی ۱۹۹۹، لە ئەنجامی پیلانێکی نێودەوڵەتی، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە دیل گیرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرا، عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ٢٦ ساڵە لە ژێر گۆشەگیریدایە و بەرخۆدان دەکات، گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجالان سەرەتای سەردەمێکی نوێ بوو بۆ گەلی کورد، بۆ ژنان، بۆ ناوچەکە و بۆ هەموو جیهان، لەگەڵ گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پرۆسەیەکی نوێ دەستی پێکرد، کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە 'دەستپێکردنی جەنگی جیهانی سێیەم' ناوی برد، ئامانجی سەرەکی ئەو پیلانگێڕییە، نەهێشتنی بزووتنەوەی ئازادی بوو لە کەسایەتی عەبدوڵڵا ئۆجالاندا، و بەم شێوەیەش لەناوبردنی ئەو بیرۆکە و فەلسەفەیە بوو کە لەسەر ئازادی ژن بنیات نرابوو، بەڵام هێزە پیلانگێڕەکان لە ئەنجامی بەرخۆدانی عەبدوڵڵا ئۆجالان و گەلی کورد بە ئامانجەکەیان نەگەیشتن، ئێستاش لە چوار پارچەی کوردستان و لە هەموو جیهاندا گەلی کورد و دۆستەکانی هەڵمەتێکی جیهانییان بۆ بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاشکراکردنی تەواوەتی پیلانگێڕییەکە دەستپێکردووە و ئەوانیش لە پێناو ئەمەدا دەوەستنەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی، ڕیهام حجۆ، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
" پلانێک دژی گەلان و جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدرا'
ڕیهام حجۆ سەرەتا ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند کە پیلانەکە لە کەسایەتی عەبدوڵڵا ئۆجالان دژی گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دراوە، هەروەها باسی لە هۆکار و ئامانجی پیلانگێڕییەکە کرد و وتی: هەموو زلهێزە نێودەوڵەتییەکان لەم پیلانگێڕییەدا جێگەی خۆیان گرتەوە، ئامانجی پیلانگێڕییەکەش بە تەواوی دژی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بۆ دەستوەردان لە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە، ئەگەر تەماشای بکەین، دوای ئەوەی پیلانگێڕی هێزە هەژموونخوازەکان، ڕەگەزپەرستی و شەڕ و کۆنەپەرستی ئایینی پەرەی پێدرا و گەلان کوژران، نموونەی ئەمەش فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤یە، پێش ئەوە، دوای ڕووخانی سەدام، شیعە و سوننە یەکتریان کوشت، ئەوان دەیانویست پیلان دابنێن بۆ ئەوەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی یەکتر بجەنگن و یەکتر بکوژن و ڕەوشتی کۆمەڵگە تێکبدەن.
'پیلانەکە دەستوەردان بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست'
ڕیهام حجۆ وتی: ئەمڕۆ زلهێزە هەژموونخوازەکان گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە جەوهەری خۆیان زەوت کردووە و لە بەهاکانیان دووریان خستوونەتەوە و بێ پێوانەیی جێیان هێشتوون و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هۆکاری دووەمی پیلانگێڕییەکە دەستوەردان بوو لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ نمونە، دوای ئەو پیلانگێڕییە، دەستوەردانیان لە عێراق کرد و دوای چەند ساڵێک، دەستوەردانیان لە سووریا کرد، شەڕی فەلەستین قووڵتر بووەوە، ئاژاوەی تورکیا قووڵتر بووەوە، دەوڵەتی تورکیا سەرەڕای ئەوەی هاوبەشی پیلانگێڕییە، بەڵام لە نێو قەیرانێکی سەختدایە، هێزە پیلانگێڕەکان دەیانویست لەو پیلانگێڕییە کەڵک وەربگرن بۆ دەستوەردان لە هەردوو گەلانی ناوچەکە و دەوڵەتەکانی ناوچەکە، ئەم پیلانگێڕییە بە تایبەتی دژی گەلی کورد ئەنجامدرا، ئەم پیلانە بۆ ئەوە پەرەی پێدراوە کە گەلی کورد نەتوانێت بە ماف و ئازادی خۆی بگات، ڕاستە ڕێبەر ئاپۆ وەک تاکێک گیرا، بەڵام فیگەری ڕێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلانی ناوچەکە دەکات.
ئامانجی ئەو پیلانگێڕییە لە ناوبردنی کۆمەڵگە و کولتوور و بوون و ناسنامەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، لەگەڵ گرتنی ڕێبەر ئاپۆ، بەشێک لە دەوڵەتە ناوچەییەکان سەرەڕای ئەوەی دیکتاتۆر و فەرمانڕەوا بوون، سازشیان لە دژی زلهێزە هەژموونخوازەکان نەکرد، پێش ئەو پیلانگێڕییە، هەندێک دەوڵەتی ناوچەیی بەبێ شەڕ و ململانێ خۆیان تەسلیمی زلهێزە هەژموونخوازەکان کردبوو، بەڵام هەندێک دەوڵەت وەک عێراق و سووریا، خۆیان ڕادەست نەکردبوو، بۆیە دەستێوەردانی سەربازی و سیاسی و ئابووری و ئەوانی تر لەدژی ئەوان ئەنجامدرا، ئێستا ئێرانیان گەیاندووەتە ئاژاوەگێڕی، بە کوشتنی قاسم سولەیمانی، پاشان لەناوبردنی حەماس و لاوازبوونی حزبوڵڵا و ڕووخاندنی حکومەتی ئەسەد، ئێرانیان سنووردار کردووە و گەمارۆیان داوە، هەموو ئەو شەڕانەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن، جودانین لەو پیلانگێڕییەی کە دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، بە واتایەکی تر، پیلانێک لە دژی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدرا.
سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک
ڕیهام حجۆ وتەبێژی تاژێ سەرنجی بۆ ئەو گۆشەگیرییە ڕاکێشا کە بۆ ماوەی ٢٦ ساڵ بەسەر عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێنراوە و ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: ئەو گۆشەگیرییەی ئێستا بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا سەپێنراوە، بەهەمان شێوە بەسەر ژنان و کۆمەڵگەدا دەسەپێندرێت، ڕێبەر ئاپۆ هەرچی گرنگی پێدابێت، هێزە پیلانگێڕەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئەوە، ڕێبەر ئاپۆ بایەخ بە ژن دەدات، هێزە هەژموونخوازەکان هێرش دەکەنە سەر ژنان، گرنگی بە کولتوور و کۆمەڵگە دەدات، هێرش دەکەنە سەر کۆمەڵگە، پڕۆژەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ نەتەوەیەکی دیموکراسییە کە هەموو ئایین و بیروباوەڕ و کۆمەڵگە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت، ڕێبەر ئاپۆ پێشتر لە خۆپارستندا ڕایگەیاندبوو کە پڕۆژەکەی بۆ ئازادی ژنان ناتەواوە و پێویستە ژنان ئەم پڕۆژەیە تەواو بکەن، بۆیە هێرشێکی زۆر گەورە و توند دەکرێتە سەر ژنان، ڕۆژێک تێناپەڕێت ژنان نەکوژرێن و تووشی توندوتیژی نەبن، بۆچی ژنان دەکرێنە ئامانج؟ چونکە ئەوانەی هەڵدەستن و دژی دەسەڵات دەجەنگن، ژنن، هێزە دەسەڵاتدار و هەژموونخوازەکان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ڕێگریکردن لە دامەزراندنی سیستەمی نەتەوەیی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
'ژن ژیان ئازادی لە جیهاندا دەنگی دایەوە'
ئەمڕۆ فەلسەفەی ژیان و ئازادی ژن لە هەموو جیهاندا دەنگی داوەتەوە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خەبات، تەنانەت دەسەڵاتدارانیش سەرەڕای هێرشە زۆرەکان، ناتوانن ئەم فەلسەفە و خەباتە ڕابگرن، لە چوار پارچەی کوردستانەوە تا هەموو جیهان ژنان دەڵێن نەخێر بۆ نادادپەروەری، دەڵێن ئێمە ملکەچی کۆیلایەتی و هێرشەکان نابین، ئەم شتە لەخۆیەوە ڕووی نەداوە،ئەگەر ئەمڕۆ ژن هەڵدەستێت، ئەگەر ئەمڕۆ کۆمەڵگەکان لە زوڵم و ستەم ناترسن و بەرخۆدان دەکەن، ئەگەر ئەمڕۆ ترسی دەوڵەت لە دڵی هەموو مرۆڤێکدا بنبڕ بووبێت، ئەمە لەسایەی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆوەیە کە کۆمەڵگە پشت بە خۆی دەبەستێت، ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ بە پڕۆژەی نەتەوەیەکی دیموکراسی کە لە چوار دیواردا پەرەی پێدا، خۆشەویستی لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست کرد، ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ لە چوار دیواردا قەتیس کراوە، بەڵام گەلە جیاوازەکانی دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکەوە لە دەوری سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک وەستاون و دژی هێرشەکان دەجەنگن و پێکەوە دەژین، ئەمڕۆ پێکهاتەکان لە هەموو شوێنێک لەگەڵ بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خەبات دەکەن و داوای ئازادی دەکەن.
'لە سایەی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ، ژنان هێزێکی گەورەیان بەدەستهێنا'
لە درێژەی قسەکانیدا، ڕیهام حجۆ سەرنجی بۆ کاریگەریی بیرکردنەوە و فەلسەفەی عەبدوڵڵا ئۆجالان لەسەر ژنان و کۆمەڵگەی ئێزیدی ڕاکێشا و وتی: ئێستا کە فەرماندەییمان وەرگرتووە، کاریگەرییەکی زۆر چارەنووسساز جێگیر بووە٫ ئەگەر ژنانی ئێزیدی لە ڕۆژی فەرمانەکەدا هیچ بیر و فەلسەفەیەکیان هەبوایە، ئەوا ئەو فەرمانە جێبەجێ نەدەکرا، ژنان نەیاندەزانی چۆن بەرگری لە خۆیان بکەن و خۆیان ڕزگار بکەن، بەڵام ئەمڕۆ بە بیرکردنەوە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، ژنانی ئێزیدی دەسەڵاتی بەرگریکردن لە خۆیان بنیات ناوە، ئەمە کاریگەری بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە، ئەمڕۆ لە سایەی بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، بزووتنەوەیەکی ژنان لە شەنگال دامەزرا، تاژێ دامەزرا، تاژێ تەنها بزووتنەوەی ژنانی ئێزیدی نییە، بزووتنەوەی هەموو ژنانی شەنگالە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی پێکهاتەی ئێزیدیدا ڕێکخراوێکی بەهێز و ڕێکخراوی ژنان سەرهەڵدەدات، ئەمڕۆ لە شەنگال، تاژێ پێشەنگایەتی شۆڕش بۆ ژنان و کۆمەڵگەی شەنگال دەکات، شۆڕشێکی ژنان لە چوارچێوەی شۆڕشی گەلدا بنیات نراوە، ڕەنگە ئەم شۆڕشە بە هۆی هێرش و دواکەوتوویی ناو کۆمەڵگە و سیاسەتی پیسەوە بە هێواشی بەرەوپێش بچێت، بەڵام گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ناو کۆمەڵگەدا هێناوەتە ئاراوە، ئێستا لەژێر چەتری تاژێدا، ژنانی ئێزیدی ڕۆژانە هاوار دەکەن و دەڵێن داگیرکاری قبوڵ ناکەین، جینۆساید قبوڵ ناکەین، دەسەڵات قبوڵ ناکەین، ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم قبوڵ ناکەین و هەتد...، ئەمڕۆ لە سایەی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، ژنانی ئێزیدی زۆر متمانەیان بەخۆیان هەیە و بە ئیرادەی خۆیان دژی هەموو هێرشەکان هەڵدەستن و بەرەنگاری دەبنەوە، ئەو ئیرادەیەی ئەمڕۆ لە نێو ژنانی ئێزیدیدا سەریهەڵداوە، لە سایەی ڕێبەر ئاپۆوەیە، لە ژنانی بێ ئیرادە و بێدەسەڵاتەوە، ئەمڕۆ لە سایەی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، ژن هەیە کە بەهێزترین ئیرادەی هەیە.
ئامانجی کەمپەینی 'خوێندنەوە و هاوبەشی ڕێبەر ئاپۆ'
لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕیهام حجۆ سەرنجی بۆ کەمپەینی 'خوێندنەوەی ڕێبەر ئاپۆ و هاوبەشی کردنی' ڕاکێشا کە لە ٢٦ی کانوونی دووەم دەستیپێکرد و وتی: ئامانجمان لەگەڵ ئەم کەمپەینەدا ئەوە بوو کە ڕێبەر ئاپۆ بە باشی بناسین و لە بیرکردنەوە و بیرۆکەکانی تێبگەین، خۆمان لە دەوری بیرۆکەکانی پەرەپێبدەین و پەروەردە بکەین، تا زیاتر ڕێبەر ئاپۆ و بیرۆکەکانی بناسین، زیاتر پەرە بە خۆمان دەدەین و ڕێکخراوەکەمان بەهێزتر دەکەین، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هەنگاوێکی وامان ناوە، تا زیاتر لەم بیرۆکەیە تێبگەین، ئازادتر دەبین، بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ هەموو ژنان و هەموو کۆمەڵگەیەکن، هەموو کەسێک دەتوانێت خۆی تێدا ببینێتەوە و ئازاد بێت، دەتوانیت خۆت بناسیتەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش داوا لە هەموو لایەک دەکەین، بەتایبەت ژنانی ئێزیدی، بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بخوێننەوە و خۆیان ئازاد بکەن، لەمەودوا بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە سەرتاسەری عێراق بڵاودەکەینەوە.