ڕۆژنامەنووسێکی لوبنانی کۆچی دوایی کرد
یومنا شێری، ڕۆژنامەنووسی لوبنانی دوای شەڕی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان لە تەمەنی ٥٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی هەواڵ
یومنا شێری بە یەکێک لەو کەسایەتییە میدیاییانە دادەنرێت کە کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی میدیایی لوبنان بەجێهێشتووە، ژیانی پیشەی ئەو تەنها لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکاندا سنووردار نەبوو، بەڵکو درێژبووەوە بۆ پێشکەشکردنی فێستیڤاڵ و نواندنیش.
میدیا لوبنانییەکان ڕۆژی ١٨ی ئەیلوول، کۆچی دوایی ڕۆژنامەنووس یومنا شێرییان لە تەمەنی ٥٤ ساڵیدا ڕاگەیاند، دوای ئەوەی تووشی شێرپەنجەی سییەکان بوو.
یومنا شێری لە ڕادیۆی "دەنگی گەل" دەستی بە کاری هونەری کردووە، دواتر ڕووی لە کەناڵی داهاتوو تیڤی کردووە، پێش ئەوەی پەیوەندی بە کەناڵی جەدیدە بکات، لەوێ زنجیرەیەک بەرنامەی کۆمەڵایەتی و جۆراوجۆری پێشکەش کردووە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەناوبانگ بوون.
ژیانی پیشەیی یومنا چێری تەنها لە پێشکەشکردنی تەلەفزیۆنیدا سنووردار نەبوو؛ هەروەها چالاکانە فێستیڤاڵە هونەری و کات بەسەربردنەکانی ڕێکخست و پێشکەشی کرد، ئامادەیییەکی بەرچاوی لە بۆنە دیارەکانی وەک "فێستیڤاڵی شوباتی هەلا" کە لە کوێت بەڕێوەدەچوو، و فێستیڤاڵی بازاڕکردنی دوبەی هەبوو.
دواتر یومنا شێری دەستی بە کاری نواندن کرد، لە کۆمەڵێک درامادا بەشداری کرد، لەوانە "قوتابخانەی حەیات"، " پاشا" و "هند خانم"، کە بەهرە هەمەچەشنەکانی و ئامادەبوونی لە بوارە جیاوازەکانی هونەر و میدیادا بۆ بۆچوونی گشتی پشتڕاستکردەوە.