ڕژاک: بە تێکۆشانی ژنی ئازاد، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین
٢٣ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، ڕێبەر ئۆجالان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ڕایگەیاند، کە گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی تا ئێستا بە بەرگی جیاواز لەسەر گەلی کورد بەردەوامە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/02/20220306-rjak-jpg8efbfe-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، بەبۆنەی ٢٣یەمین ساڵیادی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا ڕێبەر ئۆجالان ڕێبەری بیری ئازاد و مرۆڤایەتی ئازاد و ژنی ئازادە، "ئەو گەلەکۆمەیە لە جەوهەردا هەنگاوێک بوو بۆ سڕینەوەی شوناسی کورد و لەباربردنی تێکۆشانە ڕەواکەی، کە ئامانج لێی مسۆگەرکردنی یەکسانیی ڕەگەزیی و پێکەوەژیانی گەلان و شکاندنی کۆت و بەندەکانی سیستمی سەرمایەداریی و پیاوسالاریی بوو، بۆ ئەوەش ڕێبەر ئۆجالان کەوتە بەر تیغی ڕمی زلهێزانی دەسەڵاتپارێز، دەیانویست بەو هەنگاوە چەپەڵە جارێکی دیکە ڕۆژی کورد تاریک بکەن و بۆ هەمیشە لە ئومێدی ژیانێکی ئازاد و دیموکرات دایببڕێنن".
"بەرخۆدانی ٢٣ ساڵەی ڕێبەر ئۆجالان و گەلی کورد، تەونی پیلانگێڕی پوچەڵکردەوە"
لە بەیاننامەکەدا ڕژاک ئاماژەی بەوەداوە کە تائێستا ڕێبەر ئۆجالان لە ژێر گۆشەگیرییەکی توند دایە لە زیندانی ئیمرالی، بە ئەرکی لە پێشینەی گەلی کوردی دەبینێت کار بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان بکەن، "هەڵبەت ئەوەش بە تێکۆشان و هەوڵێکی هەمەلایەنی گەلانی ئازادیخواز بەگشتیی و ژنان بە تایبەتی دەکرێت، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم یادە ببێتە وێستگەیەکی دیکە بۆ ئەوەی پێکەوە گووڕی زیاتر بە کارەکانمان بدەین بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریی و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان".
"گەلەکۆمە بە بەرگی جیاجیا بەردەوامە دژی گەلی کورد"
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "پیلانگێڕان دەیانەوێت بەهەر نرخێک بێت ئامانجەکانیان لە سەرکووتکردنی تێکۆشانی گەلی کورد بەدیبهێنن و گەلەکەمان لە ئیرادەی ئازاد و هیوای ژیانێکی یەکسان و دیموکرات داببڕێنن، بۆیە هەموو ڕێگاکانی سەرکووت و دژایەتییکردن دەگرنەبەر لەو پێناوەدا، هەڵبەت لێرەدا پێویستمان بەوەیە ئیرادەیەکی هاوبەشمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین پیلانەکانی داگیرکەران پووچەڵ بکەینەوە و وەک هەمیشە دەست بەڕوویاندا بەرزبکەینەوە و پێیان بڵێین؛ بووەستن".
لە کۆتایدا ڕژاک داوا لە ژنانی ئازادیخواز و یەکسانخواز دەکات، پیلانگێڕیی قبوڵ نەکەن و ڕێگەنەدەن چیتر ئەو ڕێبەرەی نەخشەی ئازادیی ژنانی جیهانی داڕێژا، لەژێر گۆشەگیرییدا هەوڵی بێدەنگکردنی بدرێت، "ڕێبەرایەتییمان وەک چۆن بە فکر و فەلسەفەکانی لەگەڵمان دەژی، پێویستە بە جەستەش لەگەڵماندا بێت، تا بەیەکەوە مەشخەڵی سەرکەوتنی تێکۆشانی ئازادیخوازیی گەلی کورد و ژنانی کورد بەرزبکەینەوە و ساڵی ٢٤ـەمینی گەلەکۆمە بکەینە ساڵی ئازادیی ڕێبەرەکەمان".
ت.پ