ڕژاک بۆ ساڵیادی شۆڕشی ژینا ئەمینی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد، بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ژنانی کورد بە پشت بەستن بە مێژووی دەوڵەمەندی خەبات و خۆڕاگری خۆیان، لەم ساڵانەی دواییدا توانیویانە ببنە پێشەنگی زۆر خەبات و تێکۆشان.

 

 

دەقی بەیاننامەکەی ڕژاک؛

بە یەکڕیزیی ژنان ئایندەیەکی ئازاد لە کوردستان مسۆگەر دەکەین
ساڵێک بەسەر شۆڕشی "ژن ژیان ئازادیی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تێدەپەڕێت، وەکوو ژنانی باشووری کوردستان سەری ڕێز و نەوازیش بۆ سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی دادەنوێنین و بەڵێن دەدەین درێژە بە رێبازەکەیان بدەین.


 لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ژنان لە هەموو ئێران هاواریان دەکرد "ژن، ژیان، ئازادیی" بۆ ئەوەی بە هەمووان بڵێن ئەمە تەنها دروشم نییە، بەڵکو فەلسەفەی ژیانە. بینیمان کە ئەم دروشمە لە هەموو ئێراندا وترایەوە و ئەمەش ڕێک بەو مانایەیە کە پرسی ژن لە ئێراندا پرسێکی هاوبەشە لە نێو گەلاندا. ژنان توانیان زەمینەی یەکگرتوویی لە نێوان هەموو چین و توێژ و تاکەکانی ئێراندا بخوڵقێنن و بەدە سکەوتەتەکانیان توانیان شۆڕشێکی زیهنییەتی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دروست بکەن.


ژنانی کورد بە پشت بەستن بە مێژووی دەوڵەمەندی خەبات و خۆڕاگری خۆیان، لەم ساڵانەی دواییدا توانیویانە ببنە پێشەنگی زۆر خەبات و تێکۆشان. ماوەی ٥٠ ساڵە لە سەرانسەری کوردستاندا دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری و پیرسالار شەڕ دەکەن، لە سیاسەت و ڕێکخستنی کۆمەڵگا و کاروباری سەربازیدا قسەیان هەیە. بە خەباتی خۆیان ، نیشانیان دا کە ئەوان تەنیا قوربانیی سیاسەتەکانی سیستەمی پیاوسالاری نین، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێناسەی نوێ بۆ خۆیان و ژیان دەخەنە ڕوو.


لەبەرامبەر ئەمە دا، ڕژێمی پاوانخوازی ئێران، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ساتێک بێدەنگ نەبووە، ڕژێم پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان و خەباتی تەواوی کۆمەڵگای وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەبینی. بۆیە هەوڵیدا بە دڕندانەترین شێوە ئەو خەباتانە سەرکوت بکات، لەلایەک مادەی کیمیاویی بەسەر قوتابیانی کچ لە قوتابخانەکاندا باراند، لەلایەکی تریش چالاکانی مەدەنیی دەستگیرکرد، لەلایەکی ترەوە هەڕەشەی  لە دایکانی ئاشتیی و بنەماڵەی شەهیدان دەکرد و دەیان نموونەی تر. لە بنەڕەتدا دەتوانرێت بڵێین ئامانجی سیستەم لەم هێرشانەدا کۆمەڵکوژی سیستماتیکی ژنانە.


بەڵام ئەوەی سەرنجی جیهانی ڕاکێشا ئەوە بوو کە هیچ کام لە ستراتیژییەکانی ڕژێم بۆ سەرکوتکردن نەیانتوانی ڕێگری لە ژنان بکەن، لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان. هەتا ڕژێم زیاتر سەرکوتی کرد، ژنان زیاتر خەباتیان دەکرد. ئەو یەکڕیزیی و یەکگرتنەی کە لەم قۆناغەدا لە کۆمەڵگادا دروست بوو، ئەو یەکڕیزییە بوو کە دەسەڵاتی ترساند و جارێکی دیکە هیوای لە دڵی هەموو تێکۆشەران و ئازادیخوازاندا زیندوو کردەوە. بینیمان ژنانی بەشەکانی تری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان چۆن پاڵپشتی ژنانی ئێرانیان دەکرد. ئێستاش لەم رۆژانە لە سەرانسەری کوردستان و جیهان دا بۆ پاڵپشتی لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی، چالاکی بەڕێوە دەچێ و گەلان بە تەواوی لە سەر پێن.


ساڵانێکە خەبات لە کوردستان بەردەوامە، ساڵانێکە هاواری _باکور باشور ڕۆژهەڵات،  یەک ئامانج و یەک خەبات ئەدرێت. ئەمەش مانای ئەوەیە ئێمە پابەند و بەرپرسیارین بەرامبەر یەکتر. وەکوو ژنانی باشووریش هەوڵمان داوە کە ببین بە دەنگی ژنان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان. لە سەرەتای شۆرشی ژن ژیان ئازادی لە ڕۆژهەڵات، هەتا ئێستاش سەرەڕای هەموو کۆسپ و لەمپەڕەکانیش هەوڵمان داوە کە پاڵپشتی خۆمان ڕاگەێنین، لە بەر ئەوەی باش دەزانین کە دەردی بەشێکی کوردستان، دەردی هەموو کوردستانە، بۆیە جارێکی دی جەخت دەکەینەوە کە بە یەکگرتن دەتوانین ئایەندەیەکی ئازاد مسۆگەر بکەین.

 

بژی خەباتی و تێکۆشانی ژنان
ژن ژیان ئازادیی
١٩/٩/٢٠٢٣