سوپاس و پێزانینی ژنانی سنە بۆ دوکاندارەکان

لە ئاماژەیەکی سیمبولیدا ژنانی سنە نامەی سوپاسگوزارییان، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، بۆ دوکاندارەکانی شارەکە نارد، لە پای بەشدارییان لە مانگرتنی سەرتاسەری بۆ ساڵیادی ژینا ئەمینی.

ژونا ئەردەلان

 

سنە- ژنانی سنە بەشداریکردنی دوکاندارەکانی شاری سنەیان لە مانگرتنی سەرتاسەریدا بەرز نرخاند، چونکە سەرەڕای هەڕەشە و گرتن و فشارەکانی سەریان، بەڵام دوکاندارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین جار بەشداری مانگرتنی سەرتاسەرییان کرد و دوکانەکانیان داخست.

 

سنە یەکێک بوو لەو شارانەی کە هەرچەندە لە ڕووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی زۆر سەختدا بوو، بەڵام لە شۆڕشی ژینادا بە شەرەفمەندانە مامەڵەی کرد و ئەم دۆخەش نەبووە هۆی ئەوەی بازرگان و کاسبکاران لە دواوە بمێننەوە، بەڵکوو هەر جارێک بە توندتر بەشدارییان لە مانگرتنەکاندا دەکرد.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە کە چەند مانگێک پێش ساڵیادی ژینا ئەمینی، زۆرێک لە دوکاندارەکان بانگهێشتی ناوەندی ئیتلاعات کران و بەڵێننامەیان لێوەرگیرا کە نابێت بەشداری لە هیچ مانگرتنێکدا بکەن و دوکانەکانیان دابخەن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەی ڕژێم، کاتێک لەلایەن حزب و لایەنەکانەوە بۆ ساڵیادی ژینا داوای مانگترنی سەرتاسەری کرا، لە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوکانداران مانگرتنی تەواویان ئەنجامدا و شاری سنەش وەک هەمیشە سەرکەوتوو بوو.

 

لە پای بەشدارییان لە مانگرتنەکان و بەرچاوخستنی خەباتی مەدەنییان، ژنان نامەی سوپاسگوزارییان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەسەر دوکاندارەکاندا دابەشکرد و ڕایانگەیاند، بەردەوام دەبین لەم کارە، دوکاندارەکان ئاگاداریان دەکەینەوە کە ئێمەی خەڵک قەدریان دەزانین، ئەوانیش دەڵێن کە ئەمە وایان لێدەکات بەشداری مانگرتنی دوکاندارەکانی داهاتوو بکەن، چونکە دەزانن خەڵک پشتی نییە و ئاگاداری قوربانیدانی خۆیانن.