ڕاوا: خەباتی قارەمانانەی ژنانی کورد جێپەنجەی لەسەر هەموو جیهان بەجێهێشت

ڕاوا لە پەیامێکدا هێرشی سەر ناوەندی کولتووری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریس شەرمەزار دەکات و دەڵێت: خەباتی ژنانی کورد جێپەنجەیەکی درەوشاوەی لەسەر جیهان بەجێهێشت، کە دەبینین لە ڕاپەڕینە شکۆمەندەکانی ژنان لە ئێران و ئەفغانستان دەنگی داوەتەوە.

کابول

 

کۆمەڵگەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان-ڕاوا لە پەیامێکدا هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ناوەندی کولتووری کوردیی ئەحمەد کایا لە پاریس شەرمەزار دەکات و لە پەیامێکدا دەڵێت: ئێمە پێمان وایە ئەم هێرشە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕژێمی ڕق لێکراوی ئەردۆغانەوە ئەنجام دراوە، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن، دەمێکە دڕکی جەستەی ڕژێمی ئیخوانەکانی تورکیا بووە.

 

دەقی پەیامی کۆمەڵگەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان-ڕاوا؛

ئێمە هێرش بۆ سەر ناوەندی کوردیی لە پاریس ئیدانە دەکەین و بە کارێکی خیانەتکارانە و دژە ئینسانی دەزانین، بەداخەوە ئەمە یەکەمجار نییە کە حکومەتی فاشیستی تورکیا بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیمپریالیستە فەرەنسییەکان باشترین شۆڕشگێرانی کورد لە دڵی ئەوروپا تیرۆر بکات. ١٠ ساڵ لەمەوبەر ژنانی شۆڕشگێر و هۆشیاری وەک ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە کاتی هێرشێکی هاوشێوە لە پاریس شەهید بوون، ئەمجارە هەڤاڵی بەڕێزمان ئامینە کارا، یەکێک لە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ژنانی کورد، هونەرمەند میر پەروەر و وڵاتپارێزی کورد عەبدوڵا کزلمان لەدەستدا.

 

ئێمە پێمان وایە ئەم هێرشە تەواو ئامانجدارە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕژێمی ڕق لێکراوی ئەردۆغانەوە ئەنجام دراوە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن، دەمێکە دڕکی جەستەی ڕژێمی ئیخوانەکانی تورکیا و کاردانەوەکانی ناوچەکە بووە، داعش و لایەنگرانی کینەیەکی قووڵیان هەیە بەرامبەر بە ژن و پیاوە بە پەرۆشەکانی ئەم بزووتنەوەیە، بۆیە ناکرێ ئەم تاوانە بە کاری "دەروونپیسی ڕەگەزپەرست" هەژمار بکرێت، وەک چۆن میدیای ڕۆژئاوا-ئەوروپا ڕیکلام بۆ لادانی بیروڕای گشتی دەکات.

 

ئێمە ژنانی ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان کە بە تاریکترین ڕۆژەکانی مێژووماندا تێدەپەڕین، پشتیوانی و هاوسۆزی خۆمان بۆ ئێوەی هاوڕێیانی ئازیز دەردەبڕین و هاوبەشین لە ماتەمینیدا، دڵنیاین خوێنیان وەک خوێنی پاکی سەدان شەهیدی شۆڕشگێڕی تر، بەفیڕۆ ناچێت، بەڵکو دەبێتە کانیاوی شۆڕش، کە دوژمنانی کورد دەشوات، خەباتی شۆڕشگێڕانە و بوێرانەی ژنانی کورد جێپەنجەیەکی درەوشاوەی لەسەر هەموو جیهان بەجێهێشت، کە دەبینین لە ڕاپەڕینە شکۆمەندەکانی ژنان لە ئێران و ئەفغانستاندا دەنگی داوەتەوە.

 

تاڵیبان و هێزە تیرۆریستی و ژنکوژەکانی دیکە لە یاخیبوونی ژنان دەترسن و دەوەستنەوە و بە چنگ و ددان هەوڵدەدەن لە خوێندن و کار و مافە سەرەتاییەکان بێبەشیان بکەن، بەمەش هێزی پێشکەوتنخواز و بوێرانەی ژنان بێلایەن دەکەن، بەڵام ئێمە بە ئیلهام وەرگرتن لە خوڵقێنەرەکانی کۆبانی و عەفرین و سەرتاسەری کوردستان، دژی ئەم گروپە بەربەری و مێژووییە دەجەنگین کە لەلایەن "سیا و ئەی ئێس ئا"ی پاکستانەوە دروستکراوە و هەرگیز تەسلیم نابین.

 

بژی هاوپشتی شۆڕشگێڕانی هەموو جیهان!

مردن بۆ کاردانەوە و ئیمپریالیزم!