پێنج ژن بە تۆمەتی خۆپیشاندان دژی بڕیارەکانی تاڵیبان دەستگیرکران

بڕیاری تاڵیبان بۆ ڕێگریکردن لەخوێندکارانی کچ لەبەردەوامبوونی خوێندنی زانکۆ، کاردانەوەی بەرفراوان و ناڕەزاییەکانی لەئەفغانستان بەدوای خۆیهێناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنان لە شاری کابولی ئەفغانستان ناڕەزاییان دەربڕی لە بڕیاری تاڵیبان بۆ قەدەغەکردنی چوونە ناوەوەی خوێندکارانی کچ بۆ زانکۆکان و بەردەوامیدان بە خوێندنیان.

 

بەپێی میدیاکانی ئەفغانستان، ژنان لە شاری کابول ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ کانوونی یەکەم لە خۆپیشاندانێکدا ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ئیدانەکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی چوونەناوەوەی خوێندکارانی کچ بۆ زانکۆکان، هێزەکانی تاڵیبان لە کاتژمێرەکانی سەرەتای خۆپیشاندانەکەدا هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و لە هەوڵێکدا بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەیان بە چەک لێیانداون.

 

سەرەڕای ڕاگەیاندنی تاڵیبان کە دەرچوونی خوێندکارانی کچ لە زانکۆکان قەدەغە دەکرێت و ژمارەیەکیان لە دەرەوەی دەرگای زانکۆکان دەرکەوتن و بە هێزەکانی تاڵیبانیان گوت: دەتەوێت چی بسەلمێنیت؟ هێزەکانی تاڵیبان پێنج خۆپیشاندەری کچ و سێ ڕۆژنامەنووسیان دەستگیرکرد.

 

ڕۆژی ٢٠ کانونی یەکەمی ڕابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە دەبێت زانکۆ تایبەت و حکومییەکانی کچان دابخرێن، هەروەها بەنیازە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا قوتابخانەی زانستی و زمان بۆ کچان دابخرێت.

 

لە بەرامبەر ئەم بڕیارەدا ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئەفغانستان سەریهەڵدا، هەروەها خوێندکارانی زانکۆی نەنگەرهار خۆیان لە بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز بەدوور گرت و شان بە شان لەگەڵ هاوپۆلە ژنەکانیان وەستان، هاوکات یەکێک لە پرۆفیسۆرەکان، محەمەد هادی ئەسەدی لە زانکۆی زانستە کارپێکراوەکان لە کابول، داواکارییەکی پێشکەش کرد بۆ دەستلەکارکێشانەوەی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا.

 

سەرەڕای کاردانەوە توندەکان بەرامبەر بە بڕیارەکانی تاڵیبان کە دژی مافەکانی ژنانە، هێشتا بەردەوامە لە سەپاندنی بڕیاری سەرکوتکەرانە، دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری تاڵیبان فەرمانی بە میدیاکانی ئەفغانستان کرد کە خۆیان لە پەخشکردنی زنجیرەیەک بپارێزن کە تێیدا ژنان ڕۆڵیان بینیوە.