ئێران و تورکیا هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان
ئێران و دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکەنە سەر چیاکانی هەرێمی کوردستان و بۆردومانەکانیان بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
پاش نیوەڕۆی دوێنێ، ٢٦ی ئەیلول، ئێران لە ڕێگەی توپخانەكانییەوە بە چڕیی سنووری سیدەكانی سەر بە ئیدارەی سۆران تۆپباران دەكەن و ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردووش تۆپبارانەکان بەردەوام بوون.
هەر دوێنێ، فڕۆکەی بێفرۆكەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆردومانی چیای ئاسۆس و ناوچەی شارباژێری لە سنوری پارێزگای سلێمانی کرد، کە نزیکەی ٢ کیلۆمەتر بۆردومانەکان لە گوندی گەڵاڵەوە دوورە.
ئەمڕۆش، ٢٧ی ئەیلول بۆردومانەکانی سوپای ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە و کاتژمێر ٩:٥٥ خولەکی بەیانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران چیای پاش قەڵاتانی بۆردومانکرد.
چیای پاش قەڵاتان کەمتر لە کیلۆمەترێک لە سەنتەری شارۆچکەی چۆمانەوە دوورە و بەهۆی بۆردومانەکەوە ئاگر لە پوش و پاوانی ناوچەکە کەوتووەتەوە.
ئەم بۆردومانانەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەکاتێکدایە، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە شاری تاران لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دەستیپێکرد و تەشەنەی سەندووە و جگە لە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەلانی دیکەی ئێران بەشداری خۆپیشاندان بوون و داوای ڕووخانی ڕژێمی خۆسەپێن و ستەمکاری ئێران دەکەن، ئێرانیش هەڕەشەی بۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.