"ڕاپەڕینی خەڵکی ڕۆژهەڵات و ئێران دژی زوڵمی سەر ژنانە"
ئەو ڕاپەرینەی وەک کاردانەوە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەریهەڵداوە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن، و شادیە عومەر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە ئاماژەی بەوەکرد کە چیتر خەڵکی کوردستان داگیرکاری قبوڵ ناکەن.
عەبیر موحەمەد
قامیشلۆ – شادیە عومەر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکرات "پەیەدە" دەربارەی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ کە بەدەستی پۆلیسی ڕەوشتی ئێران دوای ئەشکەنجەدان کوژرا، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
هەموو شتێک بۆ ژنان قەدەغەکراوە
شادیە عومەر، ئاماژەی بەوەکرد، کە هەموو شتێک بۆ ژنان قەدەغەکراوە و سنوردارە وتی: "بەداخەوە تا ئەمڕۆ لە سەدەی ٢١دا دەسەڵات بەسەر ژناندا لەلایەن دەوڵەتەکانەوە دەسەپێندرێت، دەوڵەت هەمیشە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بە ناوی ئایین و داب و نەریتی کۆمەڵگا یاسا دەردەکات کە دیارترین نموونەی ئەو ڕوداوەی ئێرانە کە بینیمان چۆن ژنێکی کورد بەناوی ژینا ئەمینی بە بیانوی دەرکەوتنی چەند تاڵێک لە قژی بە دڕندانەترین شێوە کوژرا، ئەم کێشەیە تەنیا بۆ ئێران نییە، بەڵکو ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا بەهەموو شێوازەکان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت بە درێژایی مێژوو و لە هەموو بوارەکاندا هەموو شتێک بۆ ژنان قەدەغەکراوە".
"لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا گۆڕانکاری زۆر کراوە"
شادیە عومەر ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا گۆڕانکارییەکی زۆر ڕوویدا و کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەبووە وتی: " بە هاتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا چەندین گۆڕانکاری گەورە و دەستکەوتی پیرۆز لەلایەن ژنانەوە بەدیهاتوون بێگومان ئەمە لەڕاپەڕینی ئێران دا هاتووە کە چۆن ژنان هەستان و چیتر ستەمیان قبوڵنەکرد، بێگومان ئەمە کاتێکی پیرۆزە بە سایەی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا و ئەم شۆڕشە کاریگەری لەسەر هەموو جیهان داناوە بەتایبەتی سەرکردەکانی ئەم شۆڕشە ژنان بوون و لە هەموو بوارەکاندا خۆیان بەرزکردەوە".
"ڕاپەڕینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی زوڵم و ستەمە"
شادیە عومەر ئاماژەی بەوەدا کە ڕاپەڕینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی زوڵم و ستەمە و وتی: " دەوڵەت هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوان وڵاتێکی پێشکەوتوون و بانگەشەی دیموکراسی دەکەن، بەڵام هیچ شتێکی وا نییە، کوشتنی ژنێکی کورد بە بیانوی دەرکەوتنی چەند تاڵێک لە قژی ئەوەی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی ئێران ئاشکرا دەکات و پشتڕاستی دەکاتەوە خەڵکیش گەیشتوونەتە ئاستێک کە چیتر ئەو کارانە قبوڵ ناکەن و شۆڕش ڕوودەدەن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری".
"دەوڵەت لە ڕێکخستنی ژنان دەترسێت"
شادیە عومەر، داوای لە ژنانی جیهان کرد، کە ڕێکخراوەکەیان لە دژی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی دژی ژنان بەهێز بکەن و لە کۆتاییشدا وتی: " دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان هەمیشە لە ڕێکخستن و هێزی ژنان دەترسن، بۆیە دەبێت ترسمان لە دڵی دوژمندا بمێنێتەوە و بۆ ئازادی و ڕێکخراوەکەمان تێدەکۆشین، ئێمە پێویستمان بە شکاندنی توێکڵی دڵڕەقییە بەسەر خۆماندا، بانگی ئێمە بۆ هەموو ژنانی جیهان ئەوەیە کە دەبێت بتوانین بە هەڵوێست و وەڵامدانەوەیەکی بەهێز یەکڕیزیی خۆمان لە دژی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بەهێز بکەین".