فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان پاڵپشتی دەنگی ناڕەزایەتی ئێران دەکات
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان پاڵپشتی خۆی بۆ دەنگی ناڕەزایەتی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنێت و ئاماژەی بەوەداوە کە ئیدانەی تاوان و توندوتیژییەکانی ڕژێمی ئێران دەکەن دژ بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ناوەندی هەواڵ
ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ کە خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەشتێکیدا بۆ تاران لە لایەن هێزەکانی دەوریەی ئیرشادەوە دەگیرێت و لێی دەدرێت و پاش چەند ڕۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات، ئەمەش ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لایەنەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن ودێنە دەنگ.
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان پاش دروستبوونی خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی، پاڵپشتی خۆی بۆ دەنگی ناڕەزایەتی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنێت و ئاماژەی بەوەداوە کە ئیدانەی تاوان و توندوتیژییەکانی ڕژێمی ئێران دەکەن دژ بە ژنان و هاوڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەردەوام دەستدرێژی دەکاتە سەر مافەکانیان.
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو کەسانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون، خوێنیان بە فیڕۆ ناچێت و دەبێتە هەوێنی شۆڕشی ئازادی بۆ گەلی کورد تا بە مافەکانیان بگەن و بتوانن ئازادی بەدەستبهێنن، ئەو ژنە کوردانەی کە لە جیاتی ملکەچکردن بۆ یاساکانی ڕژێمی ئێران شەهید بوونیان هەڵبژارد جێگەی شانازین بۆ تەواوی نەتەوەی کورد.
لە پێناو پشتگیری کردنی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان، فیدراسیۆنەکە داوا لە سەرجەم پارتە سیاسییەکان، سەندیکا، ڕێکخراوەکان، چالاکوانان و سیاسەتمەدارەکانی سەرجەم پارچەکانی کوردستان دەکات هەڵوێستی خۆیان نیشانبدەن و پشتگیری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن کە لەم دۆخەی ئێستادا بتوانن مافەکانیان بەدەستبخەن.