ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و مرۆیی لە کامپی هۆڵ بەردەوامە
بە بەشداریی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، قەسەدە، یەپەژە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی دژی شانە نووستووەکانی چەتەکانی داعش لە دووەم ڕۆژدا لە کامپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ
دوێنی بە بەشداریی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، قەسەدە، یەپەژە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی دژی شانە نووستووەکانی چەتەکانی داعش لە کامپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردو ئەمڕۆ لە دووەم ڕۆژدا بەردەوامە.
ئەمە چوارەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی پێشوو کە بەڕێوە دەچێت، کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە" و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی شانە نووستووەکانی چەتەکانی داعش لە کامپی هۆڵ ئەنجام دەدرێت.
مەترسی بەردەوامە
سەرەڕای ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و قەسەدە و یەپەژە، بەڵام بێهەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بارودۆخی کامپەکە هەڕەشەی زیاتر درووست دەکات.
هاوکات، زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوڵاتییە داعشەکانی خۆیان ناگەڕێننەوە و خۆیان لە بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و یاساییەکان دەدزنەوە.
بۆ ڕێگریی لە مەترسییەکانی کامپەکە پێویستە بەرنامەی نێودەوڵەتی دابنرێت، کە هەر وڵاتێک هاوڵاتییەکانی خۆی لە نێو داعشدا بگەڕینێتەوە، هەروەها پێویستە بەرنامەیەک بۆ پەروەردەکردنی ژن و منداڵانی داعش دابنرێت.
چەند ساڵە جموجۆڵ و چالاکییەکانی شانەکانی داعش لە کامپی هۆڵ زیادی کردووە، شانە نووستووەکان سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەردەگرن کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا درووست بووە، ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی نائارامی و دەرفەتێک بۆ چالاکییەکانیان.
بەپێی دوایین سەرژمێری کە لە بەڕێوەبەریی کامپی هۆڵ وەرگیراوە، ژمارەی دانیشتووانی کەمپی هۆڵ نزیکەی ٢٦ هەزار و ٥٣٩ کەسە، لەو ژمارەیە نۆ هەزار و ٣٥٢ کەسیان بیانین و چوار هەزار و ٩٣٣ کەسیان عێراقین و ١٥ هەزار و ٢٤٥ کەسیان سوریین و ناسنامەی نۆ کەسیشیان دیارنییە.