پارێزگاری هەڵەبجە وەک یەکەمین ژنی پارێزگار لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا
نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە، وەک یەکەمین ژنی پارێزگار لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا.

هەڵەبجە
دوێنێ ٥ی ئەیلوول، لە دەیەمین کۆڕبەندی نیشتمانی بۆ ڕێزلێنان لە دەستەبژێرە نیشتمانییەکان، کە بە پاڵپشتی پارێزگاری سلێمانی بەڕێوەچوو، نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا.
ئەم ڕێزلێنانە وەک داننانێکە بە ڕۆڵی پێشەنگانەی ناوبراو، وەک یەکەمین ژن کە پۆستی پارێزگار لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان وەردەگرێت.
خەڵاتەکە لەلایەن کۆمەڵێک نوێنەری پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پێشکەشکرا، وەک داننانێک بە تواناکانی لە بەڕێوەبردنی پۆستێکی باڵادا.
نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمەکە کرد، بەرامبەر بەم پاڵپشتی و ڕێزلێنانە و خەڵاتە بەنرخەی کە پێی بەخشرا.
وەرگرتنی ئەم خەڵاتە نەک تەنها ڕێزگرتنە لە خودی پارێزگاری هەڵەبجە، بەڵکو داننانێکی گرنگە بە توانای ژنانی کورد لە وەرگرتنی پۆستە باڵاکان و سەرکەوتنیان لە ئەرکەکانیاندا. ئەم دەستکەوتە وەک لاپەڕەیەکی نوێی پرشنگدار لە مێژووی ژنانی سەرکردە لە کوردستان و عێراقدا تۆمار دەکرێت.