ئەنجومەنی ئاینیی ژنان: ڕێگە بە ئیسلامی سیاسی مەدەن
گولناز عوسمان، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئاینیی ژنانی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکی تل تەمر، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو پرۆسەیە کرد کە ژنانی سووریا لە ئێستادا ڕووبەڕووی دەبنەوەو ڕایگەیاند، نابێت بێدەنگ بن بەرامبەر بە ئیسلامی سیاسی.
سۆرگوڵ شێخۆ
تل تەمر- دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، پڕۆسەیەکی نوێ لە سووریا دەستیپێکرد، کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە، لە پرۆسەیەکی وادا، لە لایەن چەتەکانەوە بڕیاری نوێ لە دژی ژنان دەدرێت، وەک دابەشکردنی بروشور و عەبا و حیجاب، ئەمە لەکاتێکدایە هێرش دەکرێتە سەر هێما ئاینییەکانی پێکهاتە جیاوازەکان.
گوڵناز عوسمان، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئاینیی ژنانی کۆنگرەی دیموکراتیکی ئیسلامی تل تەمر سەر بە کانتۆنی جزیرە لەبارەی ئەم بابەتە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
"لە ژێر بەرگی چەتەکانی تەحریر شام، ڕاستییەکی خوێناویی هەیە"
گوڵناز عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، چەتەکانی تەحریر شام کە حوکمڕانی سووریا دەکەن، لە پیشینەکەیدا جەبهەت نوسرە هەبووە، کە مێژووەکەی پڕە لە کوشتن و حوکمڕانی بەسەر ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان و وتی: ئەمڕۆ بە نیقاب و ڕوخسارێکی نوێ دەردەکەون، هەرچەندە ڕوخساریشییان گۆڕی بێت بەڵام ڕەفتارەکانیان ئەوە دەردەخات کە هێشتا ئایدۆلۆژیایان نەگۆڕاوە، بۆ نموونە دەڵێن نابێت ژنان بەشداری لە دامودەزگاکانی دادپەروەریدا بکەن، ئەمانە مەترسیدارترین بڕیارن کە ژنان لە بوارێکی لەو شێوەیەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ژنانی سووریا کە ساڵانێکی زۆرە لە شەڕەکاندان و زۆرترین کاریگەریی لەسەریان هەبووە، دیسان بەرخۆدان دەکەن، بەڵام لەگەڵ هاتنی حکومەتی نوێ، چەتەکانی تەحریر شام؛ زۆرێک لە ژنانی هۆشیار، پزیشک و زانا کوژران".
"دەستوەردان لە جەستە و هەستی ژنان ڕەوا نییە"
گوڵناز عوسمان سەرنجی بۆ ئەو بڕیارە نوێیانە ڕاکێشا کە سەبارەت بە ژنان دراون، عەبا و حیجابی زۆرەملی بەسەریاندا دەسەپێندرێت، کە مەترسی لەسەر ناسنامەی ژنانیش بەم شێوەیە زیاتر دەبێت: "چاودێری دۆخی ژنان لە ناوخۆی سووریا دەکەین کە چۆن حیجابی زۆرەملی لەسەریان دەسەپێندرێت، دەستوەردان لە جەستە و هەستی ژنان شتێکی مەترسیدارە. حکومەت مافی ئەوەی نییە بە پاساوی ئیسلام حیجابی زۆرەملی بەسەر ژناندا بسەپێنێت. لە سەردەمی پێغەمبەردا ژنان لە بواری جەنگ و ئابووری و بازرگانی و کشتوکاڵ و پزیشکیدا ڕۆڵێکی کارایان هەبووە، بەڵام لەژێر ناوی ئیسلامدا ئەقڵیەتی پیاو، ژنان لە زۆرێک لە مافە ڕەواکانی بێبەش دەکات. حکومەتی ئێستا دەیەوێت ژنان لە ژیان ببڕێت".
''لە ڕاگەیاندنەکاندا سیاسەتەکانیان لە دژی ژنان نەرم دەردەخەن''
گوڵناز عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئایینی ئیسلام بۆ لەناوبردنی ژنان بەکاردەهێنن و هەوڵدەدەن بە زۆرەملێ ژنان لە بوارەکانی ژیان و کارکردن دووربخەنەوە، ئەم سیاسەتانە تەنها لە سووریا جێبەجێ ناکرێن، لە بواری ڕاگەیاندندا سیاسەتی خۆیان بەرامبەر بە ژنان نەرم دەکەنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە، ئەوان دەیانەوێت ئیسلامی ڕاستەقینە لە جەوهەرەکەی دوور بخەنەوە و بەپێی ئایدۆلۆژیاکەی خۆیان پراکتیزەی بکەن، ژن دەماری ژیانە، بەبێ ژن هیچ شتێک ڕوونادات.
"لە بەرامبەر ئیسلامی سیاسی، چارەسەری ئیسلامی دیموکراتیکە"
گوڵناز عوسمان ئاماژەی بەوەدا کە ئیسلامی دیموکراتیک گونجاوترین چارەسەرییە بۆ ئیسلامی سیاسی و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە ئەمڕۆ بیرۆکەی ئیسلامی دیموکراتیک بڵاودەکەینەوە، لەسەر ئەم خاکە ئایین و بیروباوەڕی زۆر هەیە، ئیسلامی دیموکراتیک ئەوەیە کە بە ئاشتیانە هەمووان لە باوەش بگرێت، ڕێزبگرێت و بەها بە هەموو کەسێک بدات، بەبێ ئەوەی کەس سووکایەتی بە کەسانی تر بکات؛ بۆیە لە کوێ ئیسلامی دیموکراتیک هەبێت ڕێگایەک بۆ ئیسلامی سیاسی نامێنێت.
بۆ نمونە ئێستا ئێران خۆی لەسەر بنەمای ئیسلامی سیاسی دادەنێت و هەموو شتێک لەڕێگەی خوێنڕشتنەوە دەسەپێنێت، پێشتر سعودیە بەم شێوەیە بوو، ئێستا دەوڵەتی تورکیاش بەم شێوەیەیە و ماوەیەکی زۆرە ئەفغانستان بەم شێوەیە بووە، بۆیە زۆر گرنگە ئیسلامی دیموکراتیک بناسێندرێت بۆ ئەوەی هەموو وڵات بەپێی ئەو مامەڵە بکات و بێتە دروستترین چارەسەری".
"ئایین و بیروباوەڕی سووریا و هێما ئاینییەکانیان لە مەترسیدان"
گوڵناز عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، کە سووریا لە ئێستاوە لە مەترسیدایە و هۆکارەکانیشی خستەڕوو: سووریا بەرەو دۆخێکی مەترسیدار هەنگاو دەنێت، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە ڕاستە گەنجانی سووریاش لە ناو چەتەکانی تەحریر شام هەن، بەڵام لەبیری نەکەین کە زۆر گروپ هەن لەناویاندا کە خەڵکی سووریا نین، ئەوان لە ئەفغانستان و ئۆزبەکستان و چەندین ناسنامەی ترەوە هاتوون و ئەمانە توندڕەوترینن، ترسێکی زۆر لە سەر ئایین و بیروباوەڕییەکانی سووریا هەیە، سووتاندنی کڵێسا و درەختی کریسمسی مەسیحییەکان مەترسیدارە و ترس دروست دەکات، لە داهاتوودا چی ڕوودەدات؟ بەڵام گەورەترین ترس لەسەر بوونی ژنانە.
"ڕەنگە سووریا بگۆڕێت بۆ شوێنی گروپە توندڕەوەکان"
گوڵناز عوسمان ڕاشیگەیاند، دڵنیا نییە لە حکومەتی نوێی سووریا و نیگەرانییەکانی بەم شێوەیە دەربڕی: ئێمە مێژووی ئەوان بە باشی دەزانین، بۆیە لە حکومەتی نوێ دڵنیا نین، چونکە بە مێژووی خوێناویی و کوشتنی ژنانەوە دەناسرێنەوە، مەبەستی حکومەتی نوێ لە دانوستانەکان و ڕێز نەگرتن لە پێکهاتە جیاوازەکان ڕوونە، لە بەرامبەر ژنانی سووریا، سیاسەتەکانی زهنییەتی پیاو-دەوڵەت بە شێوەیەکی نەرم بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت، بۆیە ئەگەر ژنان ئێستا داوای مافەکانیان نەکەن، لەمەودوا تا سێ مانگی داهاتوو زۆر شتی نوێ ڕوودەدەن.
"پێویستە ژنانی سووریا دەرفەتێکی مێژوویییان بۆ بڕەخسێت"
گوڵناز عوسمان داوای لە ژنان کرد کە ئێستا کاتی ئەوەیە ژنانی سووریا لە دژی ئەو بڕیارانە بوەستنەوە کە لەسەریان دەریدەکەن و لێی ڕازی نەبن، هەروەها ڕاشیگەیاند کە ئەوان نوێنەرایەتی لە دەستووری نوێی سووریادا ناکەن، حکومەتی نوێی سووریا هێشتا لە پڕۆسەی چاکسازیدایە، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە ژنان هەستنەوە و تێکۆشانی خۆیان بۆ مافەکانیان بەهێزتر بکەن، پێویستە ژنان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوەو داوای مافەکانیان بکەن لە دەستووری تازە نووسراوی سووریادا، ئەگەر لە دەستووری نوێدا جێگەی خۆیان نەگرنەوە، ئەوا دەرفەتی مێژوویی لەدەست دەدەن.
گوڵناز عوسمان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: سووریا ئەگەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە بەرەو تێکچوون دەروات، چونکە لێرە دروزی، ئیسماعیلی، مەسیحی، موسڵمان و عەلەوی هەن، ئەوان دەیانەوێت دەوڵەتی ئیسلامی بونیاد بنێن، بەڵام ئەوەی ڕوونە دەوڵەتێکی توندڕەو دروست دەکرێت و ژنان هیچ مافێکیان تێدا نابێت، لێرەوە داوا لە ژنانی سووریا دەکەین بێدەنگ نەبن، هاوار بکەن و داوای مافەکانیان بکەن، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵنەستنەوە مافەکانیان لەدەست دەدەن.