یۆنامی: پێویستە چاكسازییە یاساییەكان گونجاو بێت لەگەڵ پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی عێراق

یۆنامی لەسەر هەموواری یاسای باری کەسی عێراق هاتە دەنگ و دەڵێت: پێویستە چاكسازییە یاساییەكان گونجاو بێت لەگەڵ پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی عێراق.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەم، پەرلەمانی عێراق هەموواركردنەوەی یاسای باری كەسی پەسەندكرد و پەسەندکردنی یاساکە ناڕەزاییەتی ناوخۆی و جیهانی لێکەوتەوە.

 

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق "یۆنامی"، سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای باری كەسی لە عیراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: پێویستە چاكسازییە یاساییەكان گونجاو بێت لەگەڵ پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی عێراق.

 

ئاماژە بەوەکراوە، یۆنامی چاودێریی دوایین گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە پەسەندكردنی هەموواری یاسای باری كەسی ساڵی ١٩٥٩ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەكات، هاوكاتی هەندێك یاساداڕێژیی دیكە.

 

یۆنامی جەختدەکاتەوە لەسەر گرنگیی زامنكرنی ئەوەی چاكسازییە یاساییەكان گونجاو بێت لەگەڵ پابەندییە نیودەوڵەتییەكانی عێراق لە بواری مافەكانی مرۆڤ، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە پاراستنی مافەكان و خۆشگوزەرانیی ژن و منداڵ، بەجۆرێك لە ئاست خواست و داواكارییەكانی گەلی عێراقدا بێت، پارێزگاری لە پێشكەوتن و دەستكەوتە مێژووییەكان بكات.

 

ئەوەشیخستەڕوو، پەیوەندیی چڕمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە عێراقییەكان گرێداوە، جەختمان كردووەتەوە لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی گفتوگۆی بوونیادنەران و فراوان لەم بوارەدا، درێژەش بە هەوڵەكانمان لەو ئاراستەیەوە دەدەین، نەتەوە یەكگرتووەكانیش پاڵپشتیی عێراق دەبێت لە خواست و هەنگاوەكانی بەرەو دەوڵەتی یاسا و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ.