یەکەمین فێستیڤاڵی گیا بەهاری و خواردنە کوردەوارییەکانی بناری قەندیل دەستپێدەکات
ئامادەکارییەکانی یەکەمین فێستیڤاڵی گیا بەهاری و خواردنە کوردەوارییەکانی بناری قەندیل تەواو بووە و بڕیارە ئەمڕۆ بە بەشدارییەکی فراوانی خەڵک، هونەرمەندان و چالاکوانان، دەستپێبکات و تا ٩ی مانگ بەردەوام بێت.
قەندیل
بڕیارە ئەمڕ یەکەمین فێستیڤاڵی گیا بەهاری و خواردنە کوردەوارییەکانی بناری قەندیل دەستپێبکات و کۆمیتەی ئامادەکاری ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکانی تایبەت بە ڕێکخستنی ئەم فێستیڤاڵە تەواو کراوە و هەوڵ دەدرێت بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و سەرکەوتووانە بەڕێوەببرێت.
سەروین جەلال، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری فیستیڤاڵی گیا بەهاری و خواردنە کوردەوارییەکان بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: ئامانجی سەرەکی لەم فێستیڤاڵە ناساندنی گیا بەهارییەکان و خواردنە کوردەوارییەکانە، هەروەها پاراستن و بڵاوکردنەوەی کلتووری تایبەتی ناوچەکە و پشتگیری لە بازاڕکردنی بەرهەمەکانی بناری قەندیل.
وتیشی: فێستیڤاڵەکە تەنها بە پیشاندانی خواردن و گیا بەهارییەکان ناوەستێت، بەڵکو چەندین چالاکیی جۆراوجۆریش لەخۆدەگرێت، لەوانە سیمینار لەسەر ژینگە و زانستی ژن، بەرنامەی گۆرانی و هەڵپەڕکێ بە بەشداری هونەرمەندانی ناسراو فەتاح سەوزەواری و زامۆ دارا، هەروەها ئەسپسواری، شێوەکاری، پێشبڕکێ جیاوازەکان و چالاکیی تایبەت بۆ منداڵان.
بەپێی وتەکانی سەروین جەلال، ئەمە یەکەمین جارە کە بناری قەندیل میوانداری ئەم جۆرە فێستیڤاڵە دەکات، و پلان هەیە لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە فیستیڤاڵێکی ساڵانە، بۆ پشتگیری لە گەشەپێدانی کلتوور و گەشەی گەشتیاری لە ناوچەکەدا.