"ژیانپێداندنەوەی کەلەپوور، داگیرساندنەوەی ڕۆحی شارە"
لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک، ئینستیتیوتی زەینەب خان بە هاوبەشی لەگەڵ ئینستیتیوتی گۆتەو بە هەماهەنگی لەگەڵ فێستیڤاڵ ئەکادیمی، کارگەی کولتوور و ناوەندی KCAC، هەستا بە بەڕێوەچوونی "فێستیڤاڵی کولتووریی بەریدان".
شلێر کۆیی
کۆیە_لەم بزووتنەوە کەلەپوورییەدا، پێنج خانووی دێرین و مێژوویی لە کۆڵانەکانی بایزئاغای شاری کۆیە، نوژەنکرانەوە،و دەرگای ئەم شوێنەوارانە بۆ چالاکیی جۆراوجۆری هونەری و کولتووری بەڕووی ئامادەبووان و میواناندا کرایەوە، تەوەر و چالاکییە زیندووەکانی فێستیڤاڵ بریتی بوون لە کاری هونەری و شێوەکاری و مۆسیقاو ماڵی ئەدەب و خواردنی کوردەواری و کاری دەستی کە زۆربەی ژنان ڕۆڵیان تیا بینیوە.
شریڤان بارانی، بە وێنەکێشان بەشداری کردوە وتی: خەڵکی قەزای بەردەڕەشەم لە هەولێر دەژیم، لەم فێستیڤالە وەک شێوەکار، زۆر خۆشحاڵم کە بەشێکم لەم فێستیڤاڵە، کەسازکراوەبۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی بواری کەلتووری و هونەرییە، هەروەها ئەم ماڵە زۆر بەنرخە لە شاری کۆیە ، بۆ من زۆر زۆر شوێنێکی تایبەتن ئەگەر بێتو بگۆڕدرێن بۆ شوێنێکی چالاکی و هونەری و کەلتووری، زۆر خۆشحاڵم کە ئەم کارە کراون و هیوادارم لە داهاتوودا کاری زیاترو پرۆژەو پلانی باشتر هەبن، هەم لە ڕاگرتنیان بۆ ئەوەی نەڕوخێن و هەروەها ببنە خزمەتێک بۆ شاری کۆیەو ببێتە ژێرخانێکی کولتووری بۆ شارەکە.
"کار لەسەر ژن و سروشت دەکەم"
شریڤان وتیشی: خۆم وەکو شێوەکارێک زیاتر کار لەسەر ژن و سروشت دەکەم، ئەمڕۆ لێرەدا هەوڵمداوە زیاتر کارەکانم بەرەو کەلتووری بن، هەڵبەته پێگەی ژن و بەشداریکردنی ژن لەم جۆرە فێستیڤالانەو گرنگە لە داهاتوودا بتوانین ئەو بابەتانەی کە پەیوەست بە ژنان و بە مافی ژنان و بە ڕۆڵی ژنانی کوردەوە هەیە لەم ناوچەیەدا، کە ژنانیەک یەکجار زیرەک و بەهێز لەم شوێنە هەلکەوتوون لە ڕاستیدا، بۆیە زۆر پێویستمان بەوە دەبێت کە ئەوان بەرچاو بخەین.
نوا پشتیوان، ئەندامی ئینستیوتی زەینەپ خان وتی: لە چوارچێوەی پرۆژەی (Net Together)دا، بەهەماهەنگی لەگەڵ ئینستیوتی گۆتا و هەروەها بەهاوبەشی لەگەڵ ئینستیوتی زینەب خان، لێرەکانە پێنج خانووی کۆن نوێ کراونەتەوە، کە تێیدا هەر پێنج ماڵەکە چالاکی جۆراوجۆریان هەیه بەرووی گەنجاندا کراونەتەوە، چالاکی وەک ماڵی شێوەکاریمان هەیه، ماڵی ئەدەب، ماڵی هونەر، تام و چێژی ڕەسەنمان هەیه، تێیدا هەر یەکە لەوانە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، یەکێکی تر لە کارە گرنگەکانی کە لە فێستیڤاڵدا کردوومانە ئەوەیە که لە نموونه هیچ شتێکی پلاستیکمان نییە لە ڕووی ژینگەییەوه، وەکو پێشتر، وەکو لە مێژینە، ئاوی کوپە بەکار هاتووە و ئاوی کوپە دەدرێت بە میوانەکان.
سەبارەت بەناوی "فێستیڤاڵی بەریدان" نوا پشتیوان وتی: بەریدی جاران (پۆستەو گەیاندن )کە پێشتر لە میژوودا بەکار هاتووە، لە بەردەم ماڵەکاندا ئەوتورەکانە هەڵدەواسرا، بۆ خستنە ناوی نامە و ئەو شتانەی کە دەنێردران بۆ شوێنان، بۆیە بەناو کردنی ئەم فێستیڤاڵە بە ناوی بەریدان شێوەیەکە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی.
ئەمیرە محەممەد، لە کۆیە کاری دەستڕەنگینی دەکات، وتی کارەکەی من ئێکسوارات و زیندۆکردنەوەی بابەتی کوردەوارییەکانن، لە کۆنەوە کە ژنان بەخۆیانەوە کردوون، نوێکردنەوەیان و مۆدێرن کردنیان، خۆشحاڵم کە بەشداریشمان کردووە لە فێستیڤاڵەکە وەکو نوێکردنەوەی ڕابردووێک یان نوێکردنەوەی ئەو خانوانەی کە لەکۆندا چیگای ژیانکردنی بنەماڵەکانی کۆیە ببون، ئەمرۆ زیندوومان کردنەوە، دەستی ئینستۆتی زەینەب خان و ئەو رێخراوانەش خۆشبێت کە هاوکارمانن لە نمایشکردنی شتەکانمان.