یەکەم کاروانی کۆچبەرانی سەرێکانی بۆ زێدی خۆیان بەڕێکەوتن
دوای ٧ ساڵ ئازار و ناخۆشی، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی کۆچبەرانی سەرێکانی گەڕانەوەی بۆ شار و گوندەکانیان دەستیپێکرد. لەم قۆناغەی یەکەمدا زیاتر لە ٤٠٠ بنەماڵە بەرەو سەرێکانی بەڕێکەوتن.
حەسەکە
دوای حەوت ساڵ کۆچبەریی و ژیان لە کامپەکاندا، ئەمڕۆ دەرگایەکی نوێ بۆ بنەماڵەکانی سەرێکانی دەکرێتەوە، ئەم گەڕانەوەیە وەک دەرئەنجامی بەردەوامی خەبات و داخوازی خەڵکی کۆچبەری سەرێکانیە بۆ گەڕانەوەیەکی پارێزراوو شکۆمەندانە و ئاشتیانە سەیر دەکرێت.
لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر سەرێکانی و گرێ سپی. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە ماڵ و زەوی و زارەکانیان ئاوارە بوون.
لەو ڕۆژەوە ساڵانێکە بنەماڵەکانی سەرێکانی لە کامپەکانی کۆچبەرییدا دەژین. سەرەڕای هەلومەرجی سەخت و نەبوونی هاوکاری مرۆیی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، خەڵک هەمیشە پابەند بووە بە مافی گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و خاکی خۆیان و داوای گەڕانەوەی پاریزراوو شکۆمەندانەیان کردووە. لەم ساڵانەدا کامپەکانی خەڵکی ئاوارە بوونەتە شوێنی ژیان بۆ زۆرێک لە بنەماڵەکان، بەڵام هیوای گەڕانەوە بۆ سەرێکانی هەمیشە بە زیندوویی ماوەتەوە.
ئەمڕۆ دوای حەوت ساڵ بەرخۆدان، قۆناغی یەکەمی گەڕانەوە دەستپێدەکات. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی نێوان حکومەتی کاتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "هەسەدە"،ڕێککەوتنەکە ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ ناوچەکانی خۆیان و ئامانجی ئەوەیە کە گەڕانەوەکە بە شێوەیەکی پارێزراوو ڕێک و پێک و بە پاراستنی ماف و موڵک و ماڵی دانیشتووانی سەرەکی ئەنجام بدرێت. لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا ئامادەکاری ئەمنی و پاککردنەوەی مین و پاشماوەی شەڕیش بۆ سەرێکانی کراوە.
سەبارەت بە گەڕانەوەی کۆچبەران، زەهرا سەمۆ، وتەبێژی کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەمڕۆ یەکەم کاروانی کۆچبەرانی سەرێکانی کە لە ٤١٠ خێزان پێکهاتبوون، بەرەو شارەکەیان بەڕێکەوتن و گەڕانەوەیان دەستپێکرد.
"هەر هەفتەیەک کاروانێک دەگەڕێتەوە"
زەهرا سەمۆ وتی: ئەگەر هیچ کێشەیەک نەبوو، هەموو هەفتەیەک کاروانێک دەگەڕێتەوە شارەکەی خۆیان، هیوادارین ئازاری کۆچبەریی کۆتایی پێبێت و هەمووان بگەڕێنەوە بۆ سەرێکانی، داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین پاڵپشتی ئەو بنەماڵانە بکەن و هاوکار بن بۆ ئەوەی سەرێکانی ئاوەدان بکرێتەوە و ژیان لەوێ دەستپێبکاتەوە.
زەهرا تیشکی خستەسەر لایەنی ئەمنی و جەختی لەوەکردەوە کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسیارێتی پاراستنی کاروانەکان و گەڕاوەی خێزانەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ڕێگا و ناوچەکانی گەڕانەوە دەگرێتە ئەستۆ، وتی: ئەمە قۆناغی یەکەمی گەڕانەوەیە و هیوادارن پرۆسەی گەڕانەوە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی هەموو کۆچبەرانی سەرێکانی بتوانن بە پاریزراوی و بە کەرامەتەوە بگەڕێنەوە بۆ شار و ماڵەکانیان.
لە کۆچکردنەوە بۆ گەڕانەوە...
سوعاد عومەر ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ ڕۆژی بەدیهێنانی خەونێکی حەوت ساڵەیە، ئەم گەڕانەوەیە کۆتایی ئازاری کۆچکردنە، وتی: ئێمە ماوەی حەوت ساڵە بەهۆی کۆچەوە لە ئازار و سەختیدا دەژین، هەموو جۆرە سەختییەکمان بینیوە و بەرگەی هەموو جۆرە سەختییەکمان گرتووە بۆ گەیشتن بەم ڕۆژە، گەرمای هاوین، سەرمای زستان، بەفر و بارودۆخی سەخت، ئێمە تەنها لێرەین بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بگەینە ئەم ساتە، ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ شار و ماڵەکانمان.
هەروەها نورا محەمەد گەڕانەوەی پارێزراوی بە گەورەترین هیوای خێزانەکانی پیناسە کردو وتی: ئێمە دەمانەوێت بە پارێزراوی و ئارامی بژین، ئەمڕۆ بەرەو ماڵەوە دەڕۆین بۆ ئەوەی دووبارە ژیانمان دەستپێبکەین، دوو ڕۆژە لە خۆشیدا نەمانتوانیوە بخەوین، دەمانەوێت بەم زووانە بگەینە ماڵەکانمان.
"بە گوڵی سپییەوە دەگەڕێنەوە خوێندنگە و گەڕەکەکەیان"
لە هەمانکاتدا شەمسە ئەحمەد باسی لە خۆشی منداڵەکانی کردو ڕایگەیاند کە منداڵەکانی گوڵی سپی لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن، وەک هێمای ئارامی و ئاسایش وتی: منداڵەکانم گوڵی سپی هەڵدەگرن، باوکیان ئەم گوڵە سپیەی پێبەخشین و وتی ئەم گوڵانە بۆ ژیانێکی ئارام و ئاسایشە، ئێمە زۆر دڵخۆشین، منداڵەکانیشم زۆر دڵخۆشن کە جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە گەڕەک و خوێندنگەکەان، ئەمڕۆ خەونەکانمان، خەونی منداڵەکانمان و خەونی داپیران و باپیرانمان خەریکە دێتە دی، بۆ ئێمە ئەم گەڕانەوەیە تەنها گەڕانەوە نییە بۆ شوێنێکی ژیان؛ گەڕانەوەیە بۆ هیوا و خێزان و منداڵ و ژیانێکی نوێ.