یەژەشە: ڕزگارکردنی شنگال وەڵامی ٧٤ جینۆساید بوو

یەژەشە لە ١١هەمین ساڵڕۆژی ڕزگارکردنی شنگال ڕایگەیاند، ڕۆژی ١٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ تەنها شکستی داعش نییە، شکستی هێڵی خیانەتەشە، ئەم بەروارە گۆڕینی چارەنووسێک و سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەی ژیانە.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرماندەیی یەکینەکانی ژنانی شنگال "یەژەشە"، لە ١١هەمین ساڵڕۆژی ڕزگارکردنی شنگال لە دەستی چەتەکانی داعش، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

 

ڕاگەیاندراوەکەی یەژەشە بەم شێوەیەیە:

“لە قۆناغێکی مێژووییدا، پێشوازی لە ١١ـیەمین ساڵڕۆژی ڕزگارکردنی شنگال دەکەین، وەک یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە)، لە سەرەتادا ئەم ڕۆژە لە ڕێبەر ئاپۆ، هەموو گەلانی ئازادیخواز، هەموو ژنان، هەروەها لە شەڕڤانانی ئازادی پیرۆز دەکەین کە لە نووسینی بەرخۆدانی داستانیدا بوون بە خاوەنی ڕەنج و بە گیانی خۆیان بوونە قەڵغان بۆ گەلی ئێزدی، هەروەها لە کەسایەتی ١٢ سوارەدا، پاکڕەوانانی گەورە شەهید دڵشێر هەرەکۆل، شەهید مام زەکی، شەهید مەدیا عەگید، شەهید سەعید، شەهید بەرفین نورهاق، شەهید نوژین، شەهید بەرخۆدان، شەهید بێریڤان، شەهید زەردەشت، شەهید دژوار، شەهید ئارین، شەهید پیر چەکۆ، شەهید چیچەک، شەهید ئاڤێستا، شەهید ئامارا، شەهید دیندار، شەهید نوژیان، شەهید دۆخایان و هەموو شەهیدانی بەرخۆدان بەبیردەهێنینەوە و سەری ڕێزیان بۆ دادەنێین، هەر شەهیدێک کە گیانی خۆی لە پێناو ئازادیدا بەخت کرد، لە تێکۆشانی ئێمەدا ئەمڕۆ دەبینە مانیفێستۆی ژیان و تێکۆشان.

 

١٢ ساڵ لەمەوبەر و لە ٣/٨/٢٠١٤ گەلی ئێزدیمان لە بەرچاوی هەموو جیهاندا ڕووبەڕووی جینۆسایدێک بووەوە بەدەستی داعش، لەم هێرشەدا هەزاران کەس لە گەلەکەمان کۆمەڵکوژ کران و هەزاران کچ و ژنی ئێزدی ڕفێنران و لە بازاڕەکاندا فرۆشران، لە کەسایەتی ژندا هێرشیان کردە سەر شکۆی گەلەکەمان، ئەوان دەیانویست جینۆساید و مردن وەک چارەنووسێکی نەگۆڕ بۆ گەلەکەمان قبوڵ بکەن.

 

ئەوان دەیانویست مردن بەسەر ئەم خاکەدا حوکم بکات و ژیان جارێکی تر سەوز نەبێت، بەڵام ئەو هاوارانەی لە دڵی خاکی دێرینەوە بەرزدەبوونەوە، گەیشتە ئەو کچ و کوڕانەی کە بە کولتوور و باوەڕی کۆن، بە فکر و فەلسەفەی ئازادی دڵیان هۆنیوەتەوە، لە ئەنجامی بەرخۆدانێکی بێوێنە و قوربانیدانێکی زۆردا، شنگال لە ١٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ بە خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم خاکە ڕزگار کرا.

 

ڕۆژی ١٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ تەنها شکستی داعش نییە، شکستی هێڵی خیانەتیشە، ئەم ڕێکەوتە گۆڕینی چارەنووسێک و سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەی ژیانە، سەرهەڵدانی ڕۆحی بەرخۆدان و وەڵامی ٧٤ جینۆساید بوو، تۆڵەسەندنەوەی هەزاران کچ و ژنە کە کوژراون، بەدیهێنانی خەونی شەهیدان و سوێندی ئازادییە.

 

یەکینەکانی ژنانی شنگال، لە ناو قیڕە و هاواری ژنان و دایکان لەدایک بوون، لەناو زۆر و زەحمەتییە قورسەکاندا دڵ و مێشکی خۆیان لەگەڵ فکری ئازادیدا یەکخست، ئەوان لە ناو شەڕ و بەرخۆداندا گەورە بوون و لە تێکۆشانی ڕزگارکردنی شنگالدا بوونە هێزێکی پێشەنگ و فیدایی، هەر لەو ڕۆژەدا و لە مێژووی ڕزگاکردنی شنگالدا بوو بەڵێنیان دا تۆڵەی ئەو ژنە دیلانە بکەنەوە، خۆبەڕێکخستنکردنی ژنانی ئێزدی بوو بە ڕێنوێنی و هیوا و باوەڕ.

 

وەک یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە)، ئەو بەڵێنەی کە بە شەهیدان و گەلەکەمان و ژنانی ئێزدیمان دا، بوو بە هۆکاری بەرزکردنەوەی تێکۆشان و بەرخۆدان و خۆبەڕێکخستن کردن، بەڵام هێشتا مەترسی جینۆساید ماوە، بۆیە لە ڕۆژی ڕزگارکردنی شنگالدا، بەتایبەتی ژنان پێویستە زیاتر لە دەوری یەژەشە خۆیان بەڕێکخستن بکەن، چونکە مەگەر بەس ژنانی بەڕێکخستنکراو دەتوانن ئازادی بهێنن و ببنە پارێزەری دەستکەوت و خەون و خواستەکانی شەهیدان.

 

لەسەر ئەم بنەمایە، بە بانگەشە و ئامانج و بەڵێنی دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئازادی ژنان و گەلی ئێزدی، جارێکی دیکە پیرۆزبایی ١١ـیەمین ساڵڕۆژی ئازادکردنی شنگال لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو ژنان و گەلەکەمان و دایکانی شەهیدان دەکەین”.