ئامینەی جۆڵا کۆچی دوایی کرد

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ئامینەی جۆڵا لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، ئەوەش لە كاتێكدایە، ئەو ژنە یەکێک بوو لە ژنە دەستڕەنگینەکانی شارەکە و ناودارترین بەرهەمهێنەری برمە و چەندین جۆری دیكەی شیرینی، لە سلێمانی.

ناوەندی هەوال- سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ئامینە ئەحمەد ناسراو بە ئامینەی جۆڵا لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

ئامینە ئەحمەد ئیسماعیل، ناسراو بە ئامینەی جۆڵا لە ساڵی ١٩٢٨ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٩ەوە وەک حەز و خولیا دەستیکرد بە درووستکردنی پاقلاوە و برمە، کە بوو بە پیشەی سەرەکی و یەکێک بوو لە ژنە دەستڕەنگینەکانی شاری سلێمانی.

ئامینەی جۆڵا، ناودارترین بەرهەمهێنەری برمە و چەندین جۆر شیرینی ‌و ئیشی هەویرە لە سلێمانی ‌و تەنها براندێکیشە لە کوردستان، کە داهێنەرەکەی ژنە و بەناویشییەوە ناونراوە.

تەمەنی بەرهەمەکانی ئامینەی جۆڵا زیاتر لە ٥٣ ساڵە و لەو سەردەمەدا بە سینی لە ماڵاندا پاقلاوە و برمەی درووست کردووە و سەلیقەكی باشی هەبووە لە درووستكردنیاندا، کەم کەس هەیە لە خەڵکی سلێمانی تامی شیرینیە بەتامەکانی نەکردبێت، کە تام‌ و بۆن‌ و بەرامەیەکی کوردانە و خۆماڵیی هەبووە.