داوای ئاگربەستی دەستبەجێ لە سودان دەکرێت

نوێنەری نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان، کلیمنتین نکویتا سەلامی، داوای کرد دەستبەجێ ئاگربەست لە سودان و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بۆ ئەوەی هاوکاری ڕزگارکەری ژیان، بگاتە دەستی دانیشتووان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ەوە، دانیشتووانی سودان تووشی قەیرانی مرۆیی خراپتر بوون، بەهۆی بەردەوامی ململانێکان و گەمارۆدانی هاتنە ناوەوەی هاوکارییە ڕزگارکەرەکانی ژیان، بەردەوامبوونی ئەو قەیرانە مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس هەیە.

 

نوێنەری نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان، کلیمنتین نکویتا سەلامی، ڕۆژی ١١ی ئایار، داوای ئاگربەستی دەستبەجێ لە سودان و کەمکردنەوەی توندوتیژی کرد بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت هاوکاری ڕزگارکەری ژیان بگاتە دەستی دانیشتووان.

 

هاوڵاتیانێکی زۆری سودان لە ناوەڕاستی ئازاری مرۆیی بەرچاودا دەژین، بەهۆی ململانێکانەوە کە ئێستا لە سێیەم ساڵیدایە. دۆخی باکووری دارفور بەهۆی بەردەوامی شەڕ و ئاوارەبوونی بەرفراوان، بەتایبەتی لە فاشر و کامپەکانی زم زم و ئەبو شووک خراپتر بووە.

 

ئەو ژنە ئەکتەرە ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخی کامپی ئەبو شووک لە باکووری دارفور کارەساتبارە، هاوڵاتیانی مەدەنی گیریان خواردووە، هاوکارییەکان ناتوانن بگەنە ئەو کەسانەی کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی. ناوبراو جەختی لە پێویستی ئاگربەستی دەستبەجێ و ئاگربەستی مرۆیی کردەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت بە گەیاندنی هاوکاری ڕزگارکەری ژیان.

 

لەگەڵ بەردەوامی ململانێکان، ١٨٠ هەزار ئاوارە لە کامپی زم زم کە دەکەوێتە ١٢ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژئاوای فاشرەوە گیریان خواردووە. هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ١٤ی نیساندا کامپەکەیان کۆنترۆڵکرد، ئەمە دوای چەند مانگێک تۆپباران و هێرشی زەمینی پچڕپچڕ.

 

لە کۆی ٤٠٦ هەزار کەس کە لە کامپی زم زم ئاوارە بوون، ٨٣ هەزار کەسیان بەرەو شاری فاشر هەڵاتوون، کە دانیشتووانەکەی تووشی قەیرانێکی مرۆیی ترسناک دەبن، بەهۆی کەمی خۆراک و ئاوی و دەرمان، لە ئەنجامی ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوەیە،کە بۆ ماوەی ساڵێک بەسەر شارەکەدا سەپاندووە.

 

لە باکووری شاری فاشر کە کامپی ئەبو شووک لێیە، هەزاران کەسی ئاوارە تێیدا نیشتەجێیە، قەیرانی مرۆیی لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی نزیکەی ڕۆژانە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا خراپتر دەبێت.

 

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، هەڵمەتی دابەشکردنی تۆوی ئەمساڵیان لە دارفۆری ڕۆژئاوا دەستپێکردووە، کە نائاسایشی خۆراک لە خراپترین ئاستیدایە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاندووە کە دارفور ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی ترسناک بووەتەوە و ٧٩%ی دانیشتووانی وڵاتەکەی پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.