وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هۆشداری لە بارودۆخی ژنانی ئەفغانستان دەدات
بریکاری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، بارودۆخی مرۆیی ژنانی ەفغانستان ترسناکە، بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و کچانی ئەفغانستان یەکێکە لە پێشینەی کارەکانی بەریتانیا و لەبیریان ناکات.
ناوەندی هەواڵ
هامیش نیکۆلاس فالکۆنەر، بریکاری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستان و پاکستان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی بارودۆخی ژنانی ئەفغانستان پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، بارودۆخی مرۆیی ژنانی ئەفغانستان ترسناکە و مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵیان جێی قبوڵ کردن نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە مەبەستی گفتۆگۆکردن لەبارەی بارودۆخی ژنان و کچانی ئەفغانستان لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان و بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان گەشتم بۆ نیویۆرک کردووە، بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و کچانی ئەفغانستان یەکێکە لە پێشینەی کارەکانی بەریتانیا و وڵاتەکەی ڕێگە نادات ژنان و کچانی ئەفغانی لەبیر بکرێن.
هامیش نیکۆلاس فالکۆنەر بریکاری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستان و پاکستان جەختی لەوە کردەوە، تاڵیبان ناتوانێت چاوەڕێی پشتیوانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات بەبێ گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتەکانیاندا.
جێگای ئاماژەیە، تاڵیبان لەدوای گەرانەوەی بۆ ئەفغانستان نزیکەی ٨٠ بڕیاری سنووردارکردنی لەسەر ژنان و کچان دەرکردووە و ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە ژنانی ئەفغانستان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کراون، لەوانە مافی خوێندن، کار، گەشت و کات بەسەربردن.