وریشە مورادی بۆ دووەم جار سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا
وریشە مورادی، چالاکوانی سیاسی و مافی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ دووەم جار لەلایەن دادگای ڕژێمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ئەمیر سەجادی، یەکێک لە پارێزەرانی وریشە مورادی، سەبارەت بە بڕیارە نوێیەکەی دادوەرەکانی تاران زانیاری خستە ڕوو ئاماژەی بەوەکرد، وریشە مورادی، چالاکی سیاسی و مافی ژنانی کورد، بۆ دووەم جار لەلایەن لقی ١٥ـی دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، وریشە مورادی تۆمەتی (ئەندامێتی لە گرووپی بەغی)ـی خراوەتە پاڵ و سزاکە بۆ ماوەی ۲۰ ڕۆژ مافی داواکاری پێداچوونەوەی لە دادگای باڵای وڵاتدا هەیە.
ئەم سزایە لە کاتێکدا دەرچووە کە بەپێی وتەی پارێزەرەکانی، دادگا بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە و کەموکوڕییە داواکراوەکانی دادگای باڵای ئێران جێبەجێ بکات، دووبارە هەمان سزای داوەتەوە و هیچ بەڵگەیەکی بەهێز و باوەڕپێکراو لە دژی تۆمەتبار نییە؛
باس لەوەش دەکات، وریشە مورادی بەشداری لە هیچ کردەوەیەکی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێراندا نەکردووە و چالاکییەکانی تەنها پەیوەندیدار بوون بە خەبات لە دژی داعش لە ڕۆژاوای کوردستان.
هاوکات، کەیوان عەزیزی، پارێزەرێکی دیکەی دۆسیەکە، وێڕای ڕەخنەی توند لە سزاکە ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر دادگای باڵای وڵات سزای لەسێدارەدانی یەکەمی وریشەی بەهۆی (کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان)دا هەڵوەشاندبووەوە و دۆسیەکەی گەڕاندەوە بۆ لقی ۱٥؛ بەڵام دادگا بەبێ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە پێویستەکان و تەنها بە گۆڕینی ئاڕاستەی تۆمەتەکە، دووبارە سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕیوەتەوە.
تیمی پارێزەرانی مورادی ڕایانگەیاندووە، لە ماوەی یاساییدا دووبارە ناڕەزایەتی خۆیان لە بڕیارەکە تۆمار دەکەن و هیوادارن دادگای باڵای وڵات ئەمجارەش گوێ لە بەرگری و تێبینییە یاساییەکانیان بگرێت.
وریشە مورادی (ناسراو بە جوانا سنە)، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٥ و چالاکی سیاسی، مافی ژنان و ژینگەی پارێزگای سنەیە. ناوبراو لە ساڵی ٢٠٢٢ لە نزیک سنە دەستبەسەر کرا و دوای گوازرانەوەی بۆ زیندانی ئەوین، نزیکەی پێنج مانگ لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوو.
جێی ئاماژەیه، وریشه مورادی پیشتریش لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕش بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵواتی بە تۆمەتی (بەغی) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام لقی ۹ی دادگای باڵای وڵات لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا سزاکەی بەهۆی پەیڕەونەکردنی ڕێکارە یاساییەکان هەڵوەشاندبۆوە.