کژار: دووبارە دەرکردنەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی لە ترسی دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت
لەلایەن دادگای ئێرانەوە، بۆ دووەمین جار سزای سێدارە بەسەر وریشە مورادی سەپێندرا، کژار لەم بارەیەوە دەڵێت: دووبارە دەرکردنەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی، لە ترسی ڕژێمەوە لە بەرامبەر ئیرادەی سیاسی ژنان، سەرچاوە دەگرێت.
ناوەندی هەواڵ
دوای ئەوەی دادگای ئێران بۆ دووەمین جار سزای لەسێدارەدانی بەسەر وریشە مورادی سەپاند، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" بە ڕاگەیاندراوێک ئەم بڕیارەی شەرمەزار کرد.
ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:
دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، لە درێژەی سیاسەتە سەرکوتکەر و دژە ژنەکانی، جارێکی تر بە بانگهێشتکردنەوەی وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"، بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕش بە سەرۆکایەتیی دادوەری مەرگ (سەڵاواتی)، هەوڵ دەدات سیناریۆ دووبارەبووەوە و تۆڵەسەندنەوەکانی خۆی دژی تێکۆشانی ژنانی ئازادیخواز پێش بخات.
وریشە مورادی دوای تێپەڕاندنی زیاتر لە سێ ساڵ لە بەندکران و خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەشکەنجە دەروونی و جەستەییە توندەکان و پێشێلکردنی مافی دەستگەیشتن بە چارەسەر و دیدار لەگەڵ بنەماڵە، بە هەڵوێستی ئاشکرای خۆی و بە ڕاگەیاندنی دانپیانەنان بە دادگاکە، جارێکی تر شەرعییەتی دادگا نادادپەروەرەکانی ڕژێمی خستە ژێر پرسیارەوە. هەڵوێستی پۆڵایینی ئەو، درێژەی هەمان ئیرادەی شۆڕشگێڕانەیە لە بەرامبەر پەتی سێدارە و بڕیارەکانی دادگا.
دووبارە دەرکردنەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی، لە ترسی ڕژێمەوە سەرچاوە دەگرێت لە بەرامبەر ئیرادەی سیاسی ژنان و جووڵانەوەی "ژن، ژیان، ئازادی". ئیرادەیەک کە ئامادە نییە لە بەرامبەر ستەم، سەرکوت و حوکمە دڕندانەکان وەک سزای لەسێدارەدان سەر نەوی بکات.
کژار لەگەڵ شەرمەزارکردنی توندی ئەم بانگهێشتکردنەوە دووبارانەو هەوڵدان بۆ دەرکردنەوە یان پەسەندکردنەوەی حوکمە قورسەکان و لەسێدارەدان، ڕای دەگەیەنێت: ١- بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی گیان و تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی وریشە مورادی لە ئەستۆی دەزگای دادوەری و دەزگا ئەمنییەکانی دەسەڵاتدایە . ٢. لە سەرجەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی ژنان، ئازادیخوازان و ڕای گشتی داوا دەکەین کە لە بەرامبەر ماشێنی سەرکوت و لەسێدارەداندا بێدەنگ نەبن و ببنە دەنگێکی بەرز بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سەرجەم سزاکانی لەسێدارەدان و ئازادکردنی بێمەرجی وریشە مورادی و هەموو ئەو زیندانییە سیاسییانەی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.