کاکەییەکان نەورۆزی ئەمساڵیان پیرۆزکرد

کاکەییەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە ساڵانە خۆیان سەربەخۆ یادی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی دەکەنەوە و ئەمساڵیش ئاگری نەورۆزیان گەشکرد.

هەڵەبجە

 

خەڵکی گوندی هاوار و یارسانییەکان (کاکەییەکان) رۆژێکی جیاوازیان بەڕێکرد و سەرجەمیان بە ژن و گەنج و پیرەوە بە جلی کوردی ڕەنگاوڕەنگەوە بەشداری نەورۆز و سەری ساڵی کوردی بوون.

 

عاسی فایەق، سەرپەرشتیاری مەراسیمی نەورۆز و بەهاری کوردی لە هاوار بە نوژنهای راگەیاند مەبەستیانە ساڵانە جەژنی نەورۆز بە پیرۆزی ڕابگرن، چونکە جەژنیکی کۆنی کوردە و هەر لە دێر زەمانەوە کاکەییەکان بە پیرۆزیان زانیوە و لە هەمان جێگەی ئەمساڵ یادەکەیان کردووەتەوە.

 

مەراسیمی جەژنی نەورۆز هەر سێ گوندی هاوار و هەوارەکۆن و دەرەتوو بەشدارییان تێداکرد و جگە لە داگیرساندنی مەشخەلی ئاگری نەورۆز چالاکی جۆراوجۆر ڕێکخرا، ڕوخسار ڕەحمەت، ژنێکی گەنجی کاکەییە، بە پێشەنگای شێوەکاری بەشداری جەژنی نەورۆزی کردووە و لە ڕیگەی تابلۆکانیەوە نمایشێکی جیاوازی بە یادەکە بەخشیوە، داواش لە ژنانی گەنجی بەهەرەمەند دەکات کە بەهرەکانیان دەربخەن و بە کارەکانیان بەشداری مەراسیمەکان ببن.

 

مەراسیمی جەژنی نەورۆز ساڵانە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بە چەندین جۆر دەکرێتەوە، بەڵام کاکەییەکان خۆیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و جیا لە هەر لایەنێکی دیکە یادەکە پیرۆز دەکەن.

 

ت.پ