هاوڵاتیان لە بناری قەندیل دەمێننەوە و چاوەڕێی ئاهەنگی نەورۆز دەکەن
سبەینێ ٢١ی ئادار، جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل ئاهەنگی پیرۆزبایی ساڵی نوێ بەڕێوەدەچێت و ئەمشەویش هاوڵاتیان لەژێر چادردا دەمێننەوە.
ڕاپەڕین
سبەی ٢١ی ئادار، هاوکات لەگەڵ سەری ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، کوردان لە هەر جێیەکی جیهاندا ئاگری نەورۆز دەکەنەوە و سەری ساڵی کوردی پیرۆز دەکەن، لە باشوری کوردستانیش ئەمڕۆ لە چەندین شار و شارۆچکە ئاگری نەورۆز کرایەوە و هاوڵاتیان بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری دەکەن.
هەموو ساڵێک لە بناری قەندیل ئاهەنگی پیرۆزبایی ساڵی نوێ، جەژنی نەورۆز بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەمساڵیش، سبەینێ ٢١ی ئادار، کاتژمێر ١١ ئاهەنگی نەورۆز لە بناری قەندیل بە دروشمی "وەرن هەموو پێکەوە نەورۆزی ئازادیی لە قەندیل پیرۆز بکەین" و بە بەشداری هونەرمەندان سەمیرە کارزان، نیان عەبدوڵا، ژینا سەقزی، پەیام ڕۆژهەڵاتی، فەرشاد ئەمینی، هۆزان کاوە، لوقمان سەلیم، کەریم خان سوورچی و گروپی چیای شەنگال بەڕێوەبچێت.
بەو بۆنەیەوە هاوڵاتیان لە چوار پارچەی کوردستانەوە ڕوویان لە بناری قەندیل کردووە و ئەمشەو لەژێر چادر و لەبەر ئاگردا دەمێننەوە و سبەینێ بەشداری ئاهەنگی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەکەن.
ت.پ