تەژەئا داوا لە تورکیا دەکات دەستبەرداری سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن بێت و بەرەو چارەسەری کۆمەڵایەتی هەنگاو بنێت

تەڤگەری ژنانی ئازاد "TJA" لە ڕاگەیەندراوێکدا، بڕیاری لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپای دەربارەی "مافی هیوا" سەبارەت بە ڕێبەری گەلی کوردی عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرا کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

تەڤگەری ژنانی ئازاد "TJA" جەختی لەوە کردەوە، کە ئەنجومەنی ئەوروپا دەبێت واز لە هاوبەشی لە سیستەمێکی گۆشەگیریدا بهێنێت کە ئیرادەی ژنان بۆ ئاشتی پشتگوێ دەخات، گەلی کورد زیاتر لە سەدەیەکە بە شێوەیەکی سیستماتیکی سیاسەتی بێبەشکردن و جینۆساید و ئاسمیلەکردن خراوەتە ژێر کاریگەرییەوە.

 

ڕۆژی ٢٣ی ئەیلوول، تەڤگەری ژنانی ئازاد سەبارەت بەو بڕیارنامەیەی لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا دەربارەی "مافی هیوا" سەبارەت بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، جەختی لەسەر گرنگی ئەم بڕیارنامەیە لە چوارچێوەی خەبات بۆ ماف و ئازادییەکان کردەوە، تەڤگەرەکە ڕاگەیاندراوێکی فەرمی ئاراستەی ئەنجومەنی ئەوروپای کرد، کە هەنگاوێکە بەئامانجی گەیاندنی دەنگ و هەڵوێستی خۆی بە دەستە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەم چوارچێوەیەدا دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ وەک بەشێک لە پیلانێکی نێودەوڵەتی بە هێرشێکی ئاشکرا تەماشا دەکرێت، کە هیوای گەلان بۆ ئاشتی و خواستەکانی ژنان بۆ ژیانێکی یەکسان و ئازاد و هەوڵەکانی بونیادنانی سیستەمێکی سیاسی دیموکراتی دەکاتە ئامانج، لەو کاتەوە، کۆی گۆشەگیریی سەپێنراو بەسەریدا بەردەوام لە زیادبووندایە، هەروەها گۆڕا بۆ سەرتاسەرییەکی هەمەلایەنە، میکانیزمێکە کە ئامانجی دامرکاندنەوەی ئیرادەی کۆمەڵگەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی دادپەروەرانە و بەردەوام.

 

"رێگاکانی چارەسەرکردن و گفتوگۆ تێکدەدرێن"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ڕژێمی گۆشەگیری ئەمڕۆ تەنها لە زیندانەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو بۆ کایەی کۆمەڵایەتی درێژبووەتەوە و گۆڕاوە بۆ هێرش بە ئامانجی سەرکوتکردنی ئازادی ژنان بەتایبەتی، کە بە ڕوونی لە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا هاتووە، ڕژێمی توندوتیژی زیندانی هەتاهەتایی لە تورکیا پێشێلکردنی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپە کە بە ماددەی ٣ی ڕێکەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ مسۆگەر کراوە، هەروەها بە ڕەتکردنەوەی هیوای ئازادکردنی زیندانییەکان بۆ هەتا هەتایە.

 

 ئاماژە بەوە کراوە، کە تورکیا، ساڵانێکە، بە شێوەیەکی سیستماتیک گەمارۆکەی پێشێل کردووە، بە پشتگوێخستنی پابەندبوونە یاسایی و ئەخلاقییەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ، لەم چوارچێوەیەدا، بڕیاری لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا سەبارەت بە "مافی هیوا" بە تایبەتی گرنگە، بەڵام دواخستنی بۆ ماوەی نۆ مانگی دیکە، بە هەڵبژاردنێکی تەواو سیاسی دادەنرا و دەرفەتی چارەسەری لاوازکردن و بەربەست خستنە سەر ڕێگای گفتوگۆ، بەتایبەتی بۆ ئەو ژنانەی کە بەردەوامن لە خەبات بۆ دادپەروەری و یەکسانی، ئەم دواخستنە تەنها ڕێوشوێنێکی ئیداری نییە، بەڵکو بەردەوامی ملکەچبوونی گەلی تورکیا بۆ سیاسەتی سەرکوتگەرانە و پاوانخوازانە درێژە پێدەدات کە پێچەوانەی سەرەتاییترین بنەماکانی دیموکراتییە، هاوکات دەنگی ئاشتی کە گەلان و ئایینەکان و ژنان و کرێکاران داوای دەکەن پشتگوێ دەخات و بە چەقبەستوی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا قوڵتر دەکاتەوە.

 

"مافی هیوا هەنگاوێکی گرنگە"

جەخت لەوە کراوەتەوە، کە بەربەست خستنە سەر ئازادی جەستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تەنها پێشێلکردنی تاکەکەسی نییە بۆ مافەکان، بەڵکو وەدەرنانی سیستماتیکی بنکەی کۆمەڵایەتییە لە هیوای ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی و بەشداری سیاسی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سیستەمی گۆشەگیری ڕاستەوخۆ دیدگای ژنان بۆ ئاشتی و ئازادی دەکاتە ئامانج، بەدیهێنانی مافی هیوا هەنگاوێکی گرنگ دەبێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئیرادەی هاوڵاتیان بۆ پێکەوە ژیان بە یەکسانی و ئازادانە، هەروەها بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی لەڕێگەی پێشەنگایەتی و ڕۆڵی گۆڕانکاریخوازی ژنان، بەبێ دانپێدانانی ئەم مافە، مەحاڵە باس لە دادپەروەری، دیموکراتی، یان هەوڵی ڕاستەقینەی ئاشتی بکرێت.

 

تەڤگەری ژنانی ئازاد لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختی لەسەر کۆتایی هێنان بەو گۆشەگیرییەی کەا سەپێنراو بەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و دەستبەجێ دەستکردن بە جێبەجێکردنی مافی هیوا کردەوە، داوا لە ئەنجومەنی ئەوروپا دەکەین بەپێی بنەماکانی خۆی مامەڵە بکات، داواش لە تورکیا دەکەین دەستبەرداری سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن بێت و بەرەو چارەسەری کۆمەڵایەتی هەنگاو بنێت، ئێمە بە ئیرادە لە هەموو بوارەکاندا بەردەوام دەبین لە خەباتمان بۆ پەروەردەکردنی هیوا و زەمینە خۆشکردن بۆ ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی.