زیندانیان لە زیندانەکانی جۆری بیر داوای پشتیوانیان کرد
مەریەم ئۆزسۆگوت لە زیندانی ژنانی باکرکۆ، تیشکی خستەسەر ڕەوشی ئەو زیندانیانەی کە دژی زیندانەکانی "جۆری بیر" دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، داوای پشتیوانی لە هەمووان کرد.

ناوەندی هەواڵ
مەریەم ئۆزسۆگوت کە لە زیندانی ژنانی باکرکۆ لە ئیستەنبوڵ زیندانیکراوە، دەربارەی پێشێلکارییەکانی نێو زیندانەکان، نامەیەکی بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا نارد. مەریەم زیندانەکانی جۆری S و ئاسایشی باڵای وەک "زیندانەکانی جۆری بیر" پێناسەکرد. تیشکی خستەسەر ڕەوشی ئەو زیندانیانەی کە دژی ئەم پێشێلکارییانە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن و ڕۆژووی مردن کردووە، بانگەوازی کرد بۆ پشتیوانی.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، زیندانییەک بە ناوی سەرکان ئۆنور یەڵماز لە زیندانی جۆری Fـی بۆلو، ٣١٧ ڕۆژە چالاکی ڕۆژووی مردنی دەست پێ کردووە، هەروەها حوسەین ئۆزەن و ئومێد چۆبانئۆغلو، گورکان تورکئۆغلو، تەحسین ساگالتچی، فورات کایا، ئایبەرک دەمیردۆغان، موراد جانم، سەڤال ئاراجی، فیکرەت ئاکار، عەلی ئاراجی و عەلی دیلمان لە زیندانە جیاوازەکاندا زیاتر لە ٢٠٠ ڕۆژە لە چالاکیی مانگرتن لە خواردندان.
لە بەردەوامیدا مەریەم ئۆزسۆگوت دۆخی گرتووخانەی ئاساییشە باڵاکانی گێڕایەوە و وتی: ئەوانەی زیندانی نەکراون نازانن، حەوشەی زیندانەکە بۆ زیندانییان زۆر گرنگە. تەنها لەوێ دەتوانی هەندێک پیاسە بکەیت، وەرزش بکەیت، سەر بەرز بکەیتەوە و کەمێکیش بێت، سەیری ئاسمان بکەیت، جلەکانتی لێ وشکدەکەیتەوە، خۆڵەکەت لەوێ دەڕێژیت و تاکە شوێنە بتوانیت سەمای لێ بکەیت. لە گرتووخانەکانی جۆری بیر زیندانییان ڕۆژانە تەنها ١-٢ کاتژمێر دەتوانن بچنە حەوشەکە. گرتووخانەکان دوو نهۆمن، بەڵام گرتووخانەکانی جۆری بیر سێ نهۆمن. ئەو زیندانییانەی کە لە حەوشە سەیری ئاسمان دەکەن، دەڵێن وەکو ئەوەیە لەناو بیرێکدا بن.
مەریەم ئۆزسۆگوت باسی لەوە کرد، بارودۆخی خراپ لە گرتووخانەکانی "جۆری بیر" تەنها لەوەدا سنووردار نییە و وتی: "زیندانییان بێئەوەی ڕووخساری پاسەوانەکان ببینن، بە تەلەفوونی ناو ژوورەکان قسەدەکەن. کاتێک بۆ سەردان، چاودێریی پزیشکی و هتد، دەڕۆنە دەرەوەی ژوورەکانی زیندان، دەرگاکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبنەوە. لە ڕاڕەوەکاندا پاسەوان نییە، زیندانییەکان لەڕێی ئاماژەکانی ناو ڕاڕەوەکان ئاڕاستەدەکرێن. بۆ نموونە؛ 'بەلای ڕاستدا بڕۆ، بەلای چەپدا بڕۆ، بەسەر پلیکانەکاندا بڕۆ و هتد.' ڕووخساری مرۆڤی لێ نییە، دەنگی مرۆڤی لێ نییە! بە کورتی و بە کوردی، لە گرتووخانەکانی جۆری بیر، خۆر بوونی نییە، هەوا بوونی نییە، جووڵە بوونی نییە، دەنگ بوونی نییە، مرۆڤ بوونی نییە. حەلاجی مەنسوور دەڵێت 'دۆزەخی ڕاستەقینە ئەو شوێنە نییە، کە ئازاری لێ دەچێژی، ئەو شوێنەیە، کە کەس نازانێت تۆ ئازاری لێ دەچێژی.' هەر کەسێک لەدژی ئەو گرتووخانانەی جۆری بیر بێدەنگ دەبێت، ئاگری ئەم دۆزەخە خۆشتر دەکات.