تەژەکە-ئە بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکانی پاریسدا بانگەوازی کرد
تەژەکە-ئە ڕایگەیاند کە بەهۆی ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکانی پاریسەوە چالاکییەکان لە وڵاتانی ئەوروپا ئەنجام بدەن و داوای بەشداریکردنیان کرد.
ناوەندی هەواڵ
تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا "تەژەکە-ئە"، سەبارەت بە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و کۆمەڵکوژیی ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە پاریس، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوەو بەبیری هێنایەوە کە ساکینە جانسز "سارا" یەکێک لە کادیرە پێشەنگەکانی پەکەکە، فیدان دۆغان "ڕۆژبین" نوێنەری کەنەکە لە پاریس، و لەیلا شایلەمەز "ڕۆناهی" ئەندامی تەڤگەری گەنجان، لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، ئەمینە کارا "ئەڤین گۆیی"، هونەرمەند میر پەروەر و وڵاتپارێز عەبدولڕەحمان کزل لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ گیانیان لەدەستدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەڤاڵەکانمان کە لە دوو کۆمەڵکوژیەکەدا گیانیان لەدەستدا؛ بە ڕێز و خۆشەویستییەوە بە بیر دەهێنینەوە، لە دوای کۆمەڵکوژیی پاریسەوە لە ساڵی ٢٠١٣، چەمکی هێرشکردنە سەر ژنان بەردەوام بووە، دیسان لە باکووری کوردستان سێ ژنی پێشەنگی کورد سێڤێ دەمیر، پاکیزە نایر و فاتمە ئویار؛ لە ڕۆژئاوا هەڤرین خەلەف، ژیان تۆلهەڵدان، دایە عەقیدە؛ ناگیهان ئاکارسەل، فریال سلێمان خالید، گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین و زۆرێک لە هاوڕێکانمان لە باشووری کوردستان تیرۆر کران.
ئاماژە بەوەکراوە، تەژەکە-ئە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بەردەوامە لە تێکۆشانی خۆی بۆ دادپەروەری و لێپرسینەوە و وتی:هەرچەندە سەلمێندرا کە یەکەم کۆمەڵکوژی ٩ی کانوونی دووەم لەلایەن میتەوە پلانی بۆ داندرابوو، بەڵام دۆسیەی کۆمەڵکوژییەکە لە ئەنجامدا دادگاییکردنی لێنەکەوتەوە، لە دووەمین کۆمەڵکوژی لە پاریس، بکوژەکە دەستگیرکرا، بەڵام تەنانەت دوای دوو ساڵ هیچ ڕاگەیاندنێک بۆ ڕای گشتی نەدرا، لە دۆخی ئەو دوو کۆمەڵکوژییەدا ''بڕیاری نهێنی'' دەوڵەتی فەرەنسا بە واتای پاراستنی کردەوەکە دێت، هاوکات دەبێتە هۆی هێرشی نوێ و کوشتنی سیاسی، وەک ژنانی کورد لە ئەوروپا وەک هەموو ساڵێک ئەمساڵ لە مەیدانەکاندا دەبین بۆ لێپرسینەوە لە کۆمەڵکوژییەکانی پاریس.
ڕێپێوان لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا
تەژەکە-ئە ڕایگەیاند کە دروشمی "بکوژ دیارە، بۆچی فەڕەنسا بێدەنگە''، داوا دەکەین جارێکی تر لێپرسینەوە لە تاوانباران بکەن و وتی: ئێمە هەڵوێستی خۆمان لە بەرامبەر ئەو هێزانە نیشان دەدەین کە بوونەتە هاوبەشی تاوانباران، لە ٢٣ی کانوونی یەکەمەوە، هەر لە پاریسەوە، لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا تا ٩ی کانوونی دووەم خۆپیشاندان و ڕێپێوان ئەنجام دەدەین، چالاکییەکانمان بە گردبوونەوە و ڕێپێوانێکی گەورە کۆتایی دێت کە لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە پاریس بەڕێوەدەچێت، ڕێگە نادەین ژن لە تاریکیدا ون ببن، شۆڕشی ژنان گەورە دەکەین، لەسەر ئەم بنەمایە، لە پلەی یەکەمدا، داوا لە هەموو پێکهاتەکانمان، بانگەواز لە هەموو گەلی کورد دەکەین، ژنانی کورد لە ئەوروپا، هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان کە باوەڕیان بە شۆڕشی ژنان و بەها دیموکراسیەکان هەیە، هێزە سۆسیالیستی و دیموکراسیەکان، هەموو هاوڕێکانمان کە پشتیوانی لەم تێکۆشانە جیهانییە دەکەن، بەشداری لە چالاکییەکانی ٢٣ی کانوونی یەکەم و ٩ و ١١ی کانوونی دووەم بکەن.
ڕۆژی چالاکییەکان بەم شێوەیەیە:
*٢٣ی کانوونی یەکەم: لەبەردەم ناوەندی کولتووری کوردی ئەحمەد کایا، کە کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس تێیدا ڕوویدا، کاتژمێر ١١:٣٧ خولەکی بەیانی، لە کاتی کۆمەڵکوژییەکە، بەڕێوەدەچێت، دوایی گوێگرتن لە دەنگبێژییەک، مەراسیمی یادکردنەوەکە کاتژمێر ١٨:٠٠ دەست پێدەکات. بنەماڵەی شەهیدانی پاریس، ئەندامان و نوێنەرانی تەژەکە-ئە، سیاسەتمەداران، ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕۆشنبیرانی فەرەنسا لەو یادەدا بەشداری دەکەن، جگە لە وتارەکان، هۆنراوە و مۆسیقا سەبارەت بە شەهیدانی پاریس دەوترێت.
*٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥: چالاکیی ناڕەزایەتی جەماوەری لەبەردەم باڵیۆزخانەکانی فەڕەنسا لە سەرانسەری ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، کاتژمێر ١١:٠٠ی بەیانی لە پاریس ڕێپێوانێک لە ناوەندی کولتووری کوردی ئەحمەد کایا بۆ نوسینگەی ڕاگەیاندنی کورد کە کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس تێیدا ڕوویدا بەڕێوەدەچێت، دوای ڕێپێوانەکە وەک هەموو ساڵێک لە بەردەم نوسینگە ڕاگەیەندراو دەدرێت، کاتژمێر ١٨.٠٠ لە شارەوانی ١٠ی پاریس پانێڵێک بە بەشداری پارێزەرانی دۆسیەی کۆمەڵکوژی یەکەم و دووەمی پاریس بەڕێوەدەچێت.
*١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥: گردبوونەوە و ڕێپێوانی ناوەندی بەڕێوەدەچێت، ڕێپێوانەکە کاتژمێر ١٠.٠٠ لەبەردەم "گار دو نۆرد" دەست پێدەکات.