پەنجەرەی هیوای کچانی ئەفغان؛خوێندنگەی شەفەق

یەک هەزار و ٧٤٧ ڕۆژە کچانی ئەفغان لە خوێندنی فەرمی بێبەشن، دەستپێشخەریی شەفەق کە لەلایەن سەفییە نابەوە دەستیپێکردووە، سەرەڕای فشارەکانی تالیبان، لە پارێزگا جیاجیاکاندا دەرگای خوێندنی ئۆنلاین و فێربوونی لێهاتووییەکانی ژیان بەڕووی خوێندکارانی کچان دەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ 

 

لە کاتێکدا کە زیاتر لە هەزار و ٧٤٧ ڕۆژ بەسەر بێبەشکردنی خوێندکارانی کچی ئەفغان لە دوای پۆلی شەشەم لە خوێندنی فەرمی تێپەڕ دەبێت، ژنێکی ئەفغان لە ڕێگەی کردنەوەی قوتابخانەیەکی ئۆنلاین بە ناوی شەفەق، هەوڵ دەدات پەنجەرەیەک بۆ بەردەوامبوونی فێربوونی خوێندکارانی کچ بکاتەوە. ئەم دەستپێشخەرییە کە لە ژێر سێبەری قەدەغەکارییەکانی تالیباندا ئەنجام دراوە، دەرفەتی خوێندنی زانستی، کلتوری و پیشەیی بۆ خوێندکارانی کچ لە پارێزگا جیاجیاکاندا دەڕەخسێنێت.

 

خوێندنی ئۆنلاین: وەڵامێکە بۆ قەدەغەکردنی خوێندنی خوێندکارانی کچ

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی قەدەغەکردنی خوێندنی خوێندکارانی کچ لە قوتابخانە ئامادەییەکان و زانکۆکانی ئەفغانستاندا، ژمارەیەک لە چالاکوانانی بواری پەروەردە هەوڵیان دا لە ڕێگەی بەکارهێنانی سەکۆ دیجیتاڵییەکانەوە، ڕێگری لە پچڕانی تەواوەتیی پرۆسەی خوێندن بکەن. یەکێک لەم دەستپێشخەرییانە، قوتابخانەی ئۆنلاینی شەفەقە کە ئامانجی دابینکردنی دەرفەتی فێربوونە بۆ ئەو خوێندکارانی کچەی کە لە خوێندنی فەرمی بێبەش کراون.

 

ئەم قوتابخانەیە بە دەستپێشخەریی سەفییە ناب، چالاکوانی بواری پەروەردە، دەستی پێکرد؛ بەتایبەت دوای داخرانی دەرگای قوتابخانە و زانکۆکان بە ڕووی خوێندکارانی کچدا بونیاد نرا. سەفییە ناب دەڵێت کە ئەو بڕیاری داوە لە جیاتی قبوڵکردنی ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن، ڕێگەیەکی نوێ بۆ بەردەوامبوونی فێربوونی خوێندکارانی کچ بدۆزێتەوە.

 

بە وتەی ئەو، بێبەشکردنی خوێندکارانی کچ لە مافی خوێندن، گەورەترین پاڵنەر بووە بۆ دامەزراندنی ئەم سەنتەرە. سەنتەرێک کە ئێستا لە ڕێگەی تۆڕە دیجیتاڵییەکانەوە، خوێندکارانی کچ لە پارێزگا جیاوازەکانی ئەفغانستانەوە لە پۆلە ئۆنلاینەکاندا کۆدەکاتەوە و دەرفەتی بەردەوامبوونی خوێندن و فێربوونی پیشەکانی بۆ دابین کردوون.

 

لە زمانە بیانییەکانەوە تا لێهاتووییەکانی ژیان

سەفییە ناب وتی: چالاکییەکانی قوتابخانەی شەفەق تەنها بە وانە کلاسیکییەکانەوە سنووردار نییە، بەڵکو بەپێی پێداویستییەکانی خوێندکارانی کچ داڕێژراوە، وانەکان لە بواری لێهاتووییەکانی ژیان، دەروونناسی، چیرۆکنووسی، وەرگێڕان، تەفسێری قورئانی پیرۆز، فێربوونی زمانە بیانییەکان و کارامەییەکانی تری زانستی، کلتوری و پیشەیی لەم سەنتەرەدا دەوترێنەوە، بۆ ئەوەی هەر خوێندکارێک بتوانێت بەپێی ئارەزوو و پێداویستیی خۆی ڕێڕەوی خوێندنەکەی هەڵبژێرێت.

 

پێیوایە لە بارودۆخی ئێستای ئەفغانستاندا، خوێندن تەنها بە واتای فێربوونی کتێبە دەرسییەکان نییە، بەڵکو فێربوونی هەر کارامەییەک دەبێتە زەمینەیەک بۆ گەشەی کەسایەتی، سەربەخۆیی و بنیاتنانی داهاتوو.

 

بە بڕوای دامەزرێنەری «شەفەق»، ئامانجی ئەم قوتابخانەیە تەنها گەیاندنی زانیاری نییە، بەڵکو پاراستنی پاڵنەر، هیوا و متمانەبەخۆبوونی ئەو خوێندکارانی کچەیە کە لە ساڵانی دواییدا ڕووبەڕووی قەدەغەکاریی بەرفراوانی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە.

 

سەفییە ناب جەختی لەوەکردەوە کە زۆرێک لە خوێندکارانی کچ دوای بێبەشبوونیان لە خوێندن، هەستیان کردووە داهاتوویان نییە، بەڵکو بەردەوامبوونی فێربوون دەتوانێت ئەم هەستە بگۆڕێت و بۆ داهاتوویان ئامادە بکات. سەفییە لەم بارەیەوە وتی: ئامانجمان تەنها پەروەردە نییە؛ ئێمە دەمانوێت خوێندکارانی کچ باوەڕیان بەوە هەبێت کە هێشتا دەتوانن بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن، تواناکانیان گەشە پێبدەن و بۆ گرتنەبەری ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگادا ئامادە بن.

 

دەرفەتەکان نایەن بە دواماندا

سەفییە ناب ئاماژە بە گرنگیی ئیرادە و بەردەوامبوون دەکات لە ڕێڕەوی فێربووندا و دەڵێت قەدەغەکارییەکانی ئێستا ئەگەرچی ڕاستییەکی تاڵن، بەڵام ناتوانن ببنە کۆتایی ڕێگەی خوێندن. هەروەها ڕایدەگەیەنێت کە ئەو خوێندکارانی کچەی کە دۆخی ئێستایان ڕەتکردووەتەوە و سەرەڕای هەموو بەربەستەکان بەردەوامن لە فێربوون، وەک سەرمایەی سەرەکیی داهاتووی ئەفغانستان دەیانبینێت و وتی: دەرفەتەکان نایەن بە دواماندا؛ دەبێت ئێمە بەدوای دەرفەتەکاندا بڕۆین. ئەگەرچی ڕێگای فێربوون سەختە، بەڵام ئەم سەختییە بەهای گەیشتن بە ئامانجەکە زیاتر دەکات.

 

خوێندنی ئۆنلاین: زیاتر لە پۆلێکی دەرس

ئەو خوێندکارانی کچەی کە لە پۆلەکانی شەفەقدا بەشدارن، دەڵێن ئەم قوتابخانەیە تەنها نەبووەتە جێگرەوەیەک بۆ پۆلە فیزیاییەکان، بەڵکو یارمەتیدەریشیان بووە بۆ پاراستنی هیوایان بەرامبەر بە داهاتوو.

 

مەدینە حەیدەری، یەکێک لە خوێندکارانی ئەم قوتابخانەیەیە، کە ئێستا لە هەندێک بەشدا هاوکاریی مامۆستایانیش دەکات، دەڵێت پێش ئەوەی شەفەق بناسێت، دەرفەتێکی لەم شێوەیە بۆ بەردەوامبوونی فێربوون و گەشەی کەسایەتی بوونی نەبووە.

 

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئەو، بێبەشبوون لە خوێندنی فەرمی ببووە هۆی ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە ڕێگای پێشکەوتن لەبەردەمیدا داخراوە، بەڵام بەشداریکردن لە پۆلەکانی ئەم سەنتەرەدا، ڕوانینی ئەو لەسەر تواناکانی خۆی گۆڕیوە.

 

مەدینە حەیدەری دەڵێت کە بەشداریکردن لە پۆلەکانی چیرۆکنووسی و تەفسیری قورئاندا تەنها نەبووەتە هۆی زیادبوونی زانیارییەکانی، بەڵکو شێوازی بیرکردنەوە، نووسین و دەربڕینی ڕوانینەکانیشی گۆڕیوە، و وتی گەورەترین دەستکەوتی ئەو لەم قوتابخانەیەدا، زیادبوونی متمانەبەخۆبوون و باوەڕبوونە بە توانای کەسیی خۆی.

 

گرنگیدان بە تەندروستیی دەروونیی خوێندکارانی کچ

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی قوتابخانەی شەفەق، گرنگیدانی هاوکاتە بە خوێندنی زانستی و تەندروستیی دەروونیی خوێندکاران.

فەهیمە سادات، مامۆستای دەروونناسی و لێهاتووییەکانی ژیان لەم سەنتەرەدا، دەڵێت خوێندکارانی کچی ئەفغانستان لە ساڵانی دواییدا ڕووبەڕووی فشاری قورسی دەروونی، ترس، هەستی بێهیوایی، کەمبوونەوەی متمانەبەخۆبوون و نیگەرانی لەسەر داهاتوو بوونەتەوە. ئەو پێی وایە لەبەر ئەم هۆکارە، وانەوتنەوەی لێهاتووییەکانی ژیان لە ئێستادا هاوشانی خوێندنی زانستی گرنگە.

 

بە وتەی سادات، لەم پۆلانەدا بابەتەکانی خۆناسین، بەڕێوەبردنی سترێس، کۆنتڕۆڵکردنی هەستەکان، دروستکردنی پەیوەندیی کاریگەر، بڕیاردان و چارەسەرکردنی کێشەکان دەوترێنەوە بۆ ئەوەی خوێندکارانی کچ بتوانن لە بارودۆخی سەختدا، توانای بەڕێوەبردنی کێشەکان لە ناخی خۆیاندا بەهێز بکەن.

 

ئەو جەخت دەکاتەوە کە زۆرێک لە خوێندکارانی کچ کاتێک ڕووبەڕووی قەیران دەبنەوە، لە جیاتی ئەوەی بیر لە چارەسەر بکەنەوە، هەستی بێدەرەتانی دەکەن، و فێرکردنی ئەم کارامەیییانە دەتوانێت ڕوانینی ئەوان بەرامبەر بە کێشەکان بگۆڕێت.

بە وتەی ئەم مامۆستایە، یەکێک لە خوێندکارانی کچ دوای بەشداریکردنی لە پۆلەکانی دەروونناسیدا، توانیویەتی ڕەفتاری خۆی لەگەڵ منداڵەکانیدا بگۆڕێت و توڕەیی خۆی باشتر کۆنتڕۆڵ بکات؛ ئەزموونێک کە نیشانی دەدات پەروەردە دەتوانێت لە گەیاندنی زانیاری زیاتر، کوالێتی ژیانی مرۆڤەکانیش بگۆڕێت.

 

خوێندنی ئۆنلاین: ڕێگەیەک بۆ ڕێگریگرتن لە دابڕانی پەروەردەیی

پسپۆڕانی بواری پەروەردەش پێیان وایە خوێندنی ئۆنلاین، ئەگەرچی ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی تەواوی قوتابخانە و زانکۆکان، بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا یەکێکە لەو کەمە ڕێگایانەی کە پەیوەندیی خوێندکارانی کچ بە پرۆسەی فێربوونەوە دەپارێزێت.

مریەم ئەیماق، لە پسپۆڕانی بابەتی پەروەردە، ئاماژە بەوە دەکات کە دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی پەروەردە، کتێب، ڤیدیۆی فێرکاری و پۆلە ئۆنلاینەکان بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە خوێندکارانی کچ هێشتا لە بواری زانستی دوور نەکەونەوە.

 

جەختی لەوەکردەوە کە بەردەوامیی خوێندن، تەنانەت بە شێوازی ئۆنلاینیش، جگە لە زیادبوونی زانیاری و کارامەیی، پاڵنەری فێربوون و هیوای داهاتووش لە ناو خوێندکارانی کچدا دەپارێزێت.

 

بە بڕوای ئەیماق، ئەو خوێندکارانی کچەی کە ئەمڕۆ دەرفەتەکانی خوێندنی ئێستا بەکاردەهێنن، لە داهاتوودا ئامادەکارییەکی زیاتریان دەبێت بۆ بەردەوامبوونی خوێندن، چوونە ناو بازاڕی کار و گرتنەبەری ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگادا. هەروەها ڕۆڵی سەنتەرەکانی خوێندنی ئۆنلاینی وەک «شەفەق»ی بە گرنگ نرخاند لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییەی لە سیستمی پەروەردەی ئەفغانستاندا دروستبووە، و داوای کرد دەستپێشخەریی لەم شێوەیە بەرفراوانتر بکرێن.

 

زیاتر لە چوار ساڵ بێبەشبوون لە خوێندن

ئێستا زیاتر لە هەزار و ٧٤٧ ڕۆژ بەسەر ئەو کاتەدا تێپەڕ دەبێت کە تالیبان خوێندکارانی کچی لە پۆلی شەشەم بە سەرەوە لە چوونە ناو قوتابخانە و زانکۆکان قەدەغە کردووە. بڕیارێک کە خوێندنی ملیۆنان خوێندکاری کچی ئەفغانی ڕاگرتووە و لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرفراوان بووەتەوە.

 

پسپۆڕان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار هۆشدارییان داوە کە بەردەوامیی ئەم بێبەشکردنە، دەرئەنجامەکانی لە بواری پەروەردەوە، داهاتووی کۆمەڵایەتی، ئابوری و پیشەیی نەوەی نوێی خوێندکارانی کچی ئەفغانستان لەگەڵ مەترسییەکی جیدیدا ڕووبەڕووی دەکاتەوە.

 

لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا، خوێندنگەکانی وەک شەفەق ئەگەرچی ناتوانن ببنە جێگرەوەی سیستمی خوێندنی فەرمی، بەڵام بۆ هەزاران خوێندکاری کچ بوونەتە پەنجەرەیەک بۆ پاراستنی زانست، بەهێزکردنی تواناکان و زیندووڕاگرتنی هیوای داهاتوو. پەنجەرەیەک کە لە ژێر سێبەری قەدەغەکارییە بەرفراوانەکاندا، هێشتا بە ڕوونی ماوەتەوە.