لێکۆڵینەوە لەسەر کوشتنی شیرین ئەبو عاقلە یەکلاکەرەوە نەبوو
ئەمریکا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر کوشتنی شیرین ئەبو عاقلە ڕاگەیاند، خستیەڕوو کە نەیانتوانیوە بگەنە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە سەرچاوەی فیشەکەکەی ئیسرائیل کە ئەو ڕۆژنامەنووسەی پێکوژراوە.
ناوەندی هەواڵ
١١ی ئایار، لە ئەنجامی پێکدادانێکدا لە نێوان سوپای ئیسرائیل و کامپی پەنابەران لە جینینی فەلەستین، شیرین ئەبو عاقلە، پەیامنێری فەلەستینی- ئەمریکیی ٢٥ ساڵەی کەناڵی ئەلجەزیرە بە فیشەکی ئیسرائیل کوژرا، لەو کاتەدا کەناڵی ئەلجەزیرە و وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایانگەیاند کە سوپای ئیسرائیل کوشتوویانە، بەڵام ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕەنگە فەلەستینییەک کوشتبێتی.
نوسینگەی کۆمسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەسەڵاتی فەلەستین لە لێکۆڵینەوەکانیاندا گەشتبوونە ئەو ئەنجامەی کە ئەو پەیامنێرە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراوە، ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکاش دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لەسەر ڕووداوەکە.
لە تازەترین بەیاننامەدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان خرایەڕوو، ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە دوای شیکارییەکی ورد نەیتوانیوە بگاتە ئەنجامی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە سەرچاوە-شوێنی فیشەکەکەی ئیسرائیل، چونکە فیشەکەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە، دوای پرۆسەی شیکارییەکەش ئەنجومەنی ئاسایش گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، پێدەچێت تەقەکردن لە پێگەکانی ئیسرائیلەوە هۆکار بووبێت بۆ کوژرانی شیرین ئەبو عاقلە.