١٥ ژنی تێکۆشەر بۆ ناساندنیان وەک کێوێک و نووسینەوەی ژیانیان هەڵبژێردران
لەپای باس نەکردنی تێکۆشانی ژنان لەناو مێژووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، بە پێویستزانرا مێژووی ئەو ژنانە بنووسرێتەوە لە پڕۆژەیەکدا بە ناوی "کێوی پشت کەڵەپیاوەکان".
سلێمانی
ئەمڕۆ لە هۆڵی خاکی شاری سلێمانی، مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران بە هاوکاری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پڕۆژەی کتێبی "کێوی پشت کەڵە پیاوەکانیان" ڕاگەیاند.
چالاکییەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد، دواتر دڵپاک تاهیر وەک خاوەن پڕۆژەی "کێوی پشت کەڵە پیاوەکان" وتاری خۆی پێشکەشکرد و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، لە مێژووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەمیشە دەیان ژنی تێکۆشەر هەبوون، بۆیە بە پێویست زانرا تێکۆشانی ئەو ژنانە بنووسرێتەوە و لە مێژوودا ناویان هەبێت، بۆیە پڕۆژەیەکی لەو شێوەیەیان ڕاگەیاند.
پڕۆژە ژیانی ١٥ ژن لەناو تێکۆشان و مێژوودا دەنووسێتەوە
ئەم پڕۆژەیە باس لە ژیانی کۆمەڵێک ژنی تێکۆشەری ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات کە تیایدا هاوژینەکانیان شەهید بوون و دووبارە ڕووبەڕووی قورسی ژیان بوونەتەوە، وەک دەستپێکێکیش سەرەتا مێژووی ژیانی ١٥ ژنی گرتووەتە دەست کە لە شارە جیاوازەکانی کەرکوک، سلێمانی، هەولێر، هەروەها شارەزوور و گەرمیان و چەمچەماڵ، کۆیە، شەقڵاوە و سەنگەسەر، ئەوانیش، عیسمەت، گوڵەباخ، بەسێو، فەوزیە، گەردە، زوهرە، لەیلا، ئامینە، لیمۆ، ناجیە، مەلەک، مونیرە، حەمیدە، شیرین و حەلیمە.
دڵپاک تاهیر ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی ئاستەنگی ئابوری و مرۆی نەتوانراوە دەستیان بگات بە هەموو ژنەکان، بۆیە پڕۆژەکەیان کردووە بە چەند قۆناغێکەوە و بەردەوامی پێدەدەن، وتیشی: "مێژووی یەکێتی نیشتیمانی جۆرێک پیاوسالاری پێوەدیارە، لەکاتێکدا ئەو مێژووە بە هاوخەباتی ژنان و پیاوان بنیادنراوە، بەڵام هەمیشە ژنان شاردراونەتەوە و پیاوان دەرخراون، ئامانجمانە لەم کتێبەدا ڕۆڵی ژنانیش دەربخەین".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کاڕگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە، بەشداری مەراسیمەکە بوو تایبەت بە پڕۆژەکە باسی لەوەکرد، بۆ پیاوان زەحمەتە لە ئازار و تێکۆشانی ئەم ژنانە تێبگەن، بەڵام پێویستە وەک ژنان تێبگەین لە تێکۆشانی ئەو ژنانە، ئێستاش درەنگ نییە لە باسکردنی ئەو ژنە تێکۆشەرانە، وەک خانەوادە و کەسوکاری یەک بتوانین تێکۆشانەکانیان دەربخەین.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا کورتە ڤیدیۆییەک نمایشکرا کە ژیانی ١٥ ژنە تێکۆشەرەکەی نیشان دەدا.
"هەرچەندە پیاوان کەڵەپیاو بن، ژنان کێوی پشتیانن"
لە بارەی ناوی پڕۆژەکە کە بە ناوی "کێوی پشت کەڵەپیاوەکان" دڵپاک تاهیر ڕوونیکردەوە، ئەو ژنانەی دەستنیشانیان کردووە هەموویان ژنی پێشمەرگە بوون و هاوژینەکانیان شەهید بوون، واتە وەک کێوێک بوون لە پشت هاوژینەکانیانەوە، لەبەر ئەوەی باس نەکراون لە مێژوودا هەوڵمان داوە وەک کێوی پشت ئەو پیاوانە دەریان بخەین کە لە کۆمەڵگەدا بە کەڵەپیاو ناسراون.