توێژینەوەیەک لەسەر کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف خرایەڕوو

توێژینەوەیەک لەبارەی کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف دەریخستووە، زۆرینەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف لێکهەڵوەشانی خێزانی دروستکردووە، ئەو پیاوانەش کە تاوانبارن پەشیمانن.

توێژینەوەیەک لەبارەی کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف دەریخستووە، زۆرینەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف لێکهەڵوەشانی خێزانی دروستکردووە، ئەو پیاوانەش کە تاوانبارن پەشیمانن.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- توێژینەوەیەک بە ناونیشانی "توندوتیژی و کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا" لەلایەن تیمێکی ١٢ کەسی لە ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت ئەنجامدرا.

 

توێژینەوەکە لە سنوری جوگرافی هەرێمی کوردستان "هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە" بووە، لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ بۆ مانگی ئابی ٢٠٢١ وەک نمونەی سنوری کاتی توێژینەوەکە بووە.

 

لە سنوری مرۆیی توێژینەوەکەشدا لە سێ ئاست و توێژی جیاواز چاوپێکەوتنی قوڵی مەیدانی ئەنجامدراوە، کە ٢٠ چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنانی ڕزگاربوو لە سەنتەری داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو و ڕێکخراوەکان بووە، لە فەرمانگەی چاکسازی گەوران چاوپێکەوتن لەگەڵ ٢٠ پیاوی بکوژ کراوە.

 

لە توێژی ناوەند چاوپێکەوتنی مەیدانی لەگەڵ ١٩ کەس کراوە کە پێکاهاتبوون لە سەرکردەکانی کۆمەڵگا، زانایانی ئاینی و لیژنەی فەتوا، چالاکوانانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کراوە، کە ١٠ نێر و ٩ مێ بووە.

 

لە ئاستی توێژی کۆتایی سەرچاوەی زانیاری گفتوگۆ لەگەڵ ١١ مێ و ٢٠ نێردا کراوە، لە بەرێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، لە سەنتەری ڕاوێژکاری، ئەفسەری پۆلیسی بەدواداچوون و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوە، لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە توێژەرانی سەنتەری داڵدەدان، توێژەرانی فەرمانگەی چاکسازی گەوران و توێژەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی لە ئەنجومەنی دادوەری دادگای باری کەسێتی، دادگای نەوجەوانان، دادگای لێکۆڵینەوە.

 

وەزارەتی تەندروستی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی و پزیشکی دادوەری،لە وەزارەتی خوێندنی باڵا مامۆستایانی بەشی کۆمەڵناسی، کاری کۆمەڵایەتیم فەلسەفە، سەنتەری یەکسانی جێندەری زانکۆی حکومییەکان و سەنتەری جێندەر لە زانکۆی ئەمریکی، لە وەزارەتی پەروەردە توێژەری قوتابخانەکان ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان، دەستەی مافی مرۆڤ، کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی کوردستان، یەکێتی پیاوان ڕۆژنامەنوان و چالاکوان و مردووشۆرێکی ژن چاوپێکەوتن کراوە.

 

کوشتن بە بیانووی شەرەف لە هەرێمی کوردستان

بەپێی زانیارییەکانی ناو توێژینەوەکە ساڵانە لە جیهاندا پێنج هەزار ژن بە بیانووی پاراستنی شەرەف دەکوژرێن، هەروەها بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی دانیمارکی دانش لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدراوە، تێیدا ئاماژە بە چەندین توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز لە هەرێمی کوردستان کراوە، کە یەکێک لەوانە کوشتن بە بیانووی شەرەفە، لێکۆڵینەوەکان ئەوەی دەرخستووە، کە لە تاوانەکانی توندوتیژی و کوشتن لەسەر شەرەف زیاتر لە شارۆچکەکاندا ئەنجام دەدرێت، لە هەندێک حاڵەتیشدا بە ناوی خۆکوشتن یان خۆسوتاندن بووە، کە لە ڕاستیدا ئەوەی تاوانی کوشتن بوە بە بیانووی شەرەف، کە خودی ژنەکە ناچار و ئاڕاستەکراوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.

 

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٠ ئامارەکان زانیارییەکان بەشێوەیەکی تەواو بەردەست نین، ئەوەش بەهۆی ناڕێکی دەوامکردن و مانگرتن و داخستنی فەرمانگەکا، پزیشکێکی داوەری دەڵێت، "کەیسمان هەیە زۆر بە ئاشکرا دیارە کەسەکە خۆی ستاندووە بەڵام دادوەر دەڵێت غاز یان پەرەمێزی پیادا تەقیوەتەوە".

 

یەکێک لە کێشەکان پۆڵێن نەکردنی حاڵەتەکانی کوشتنە بە بیانووی شەرەف، کە لە ئامارەکاندا هۆکاری کوشتنەکە دیاری ناکرێت، یەکێکی دیکە لە گرفتەکان ئاشنانەبوونی ژنانە بە مافە یاساییەکان کە بەهۆیەوە ژنان ناچن سکاڵا تۆماربکەن، بەشێکی دیکە لە شاردنەوەی ئامارەکان و ناڕاستی ئامارەکان گەڕێندراوەتەوە بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بپارێزێت لە سەرزەنشتکردنی نێودەوڵەتی لەلایەن وڵاتانی دەرەوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەمانە کۆمەڵێک کێشە و هۆکارن تا ئەم کەیسانە بشاردێنەوە.

 

هەروەها نەبوونی سیاسەتێکی ڕوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بابەتی پاراستنی سەلامەتی گەواهیدەرکان ، ئەمەش وادەکات کە گەواهیدەری ڕووداوەکان نەتوانن لە دادگا گەواهی بدەن، لەپێناو سەلامەتی گیانی خۆیان.

 

لە توێژینەوەکەوەدا لە وەڵامی ئەوەی "ئایا شەرف لە دیدی تاوانبارانی ژنکوژ چییە؟" بەشێکی زۆر لە وەڵامەکان "تەماعکردن لە ئافرەتی خەڵک، ناوزڕاندن، بڵاوکردنەوەی وێنە، ڕابواردن، درۆکردن، جوتبوون، بێ ڕەوشتی، پەیوەندی ژن لەگەڵ کەسێکی دیکە، هەر ڕەفتارێک کە پێچەوانەی کۆمەڵگا بێت، پەردەی کچێنی" بووە.

 

لە کۆی ئەو ٢٠ کەسەی ژنێکیان بە بیانووی شەرەف کوشتووە، ١٩ پەشیمان بوون لەو کارەی ئەنجامیان داوە، پیاوانی تاوانبار بە کوشتنی ژنان، پێیان وایە کوشتن ڕێگایەکە بۆ گەڕاندنەوەی شەرەفیان، یاخود گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون.

 

هۆکارەکانی کوشتن بە بیانووی شەرەف

لە پشت هەر کوشتنێک و توندوتیژییەک بە بیانووی شەرەفدا چەندین هۆکاری، تاکە کەسی، خێزانی و کۆمەڵایەتی هەیە، کە هەریەک لەو هۆکارانە چەندین لایەنی دیکەیان هەیە.

 

هۆکاری تاکی و دیمۆگرافی، واتە خودی تاک کە هۆکارە بۆ ئەم حاڵەتە، یەکێکی لە هۆکارەکان ڕەگەز، کە ژن وەک شەرەف سەیردەکرێت، بەڵام کەمتر ئەم حاڵەتە ڕووبەڕووی پیاو دەبێتەوە، لەڕووی تەمەنەوە ژنان لە تەمەن ١٤ ساڵیەوە هەیە کە کوژراون تا ٤٧ ساڵی، تاوانبارانیش زۆرینەیان لە تەمەنی ٣٠ ساڵ زیاتر بووە، پەیوەندی سۆزداری و خۆشەویستی بە یەکێکی لە بیانووەکان بۆ کوشتنی ژنێک دادەنرێت، کە دەیەوێت هاوسەرگیری لەگە کەسێکدا بکات.

 

هۆکارەکانی پەیوەست بە خێزان، ئەمە زیاتر دیاردەی کوشتن بە بیانووی شەرەف وابەستە دەکات بە خێزانەوە، خودی کوشتنی ژنەکانیش لەلایەن ئەندامانی خێزان و کەسە نزیکەکانەوە ڕوودەدەن، کە ٪١٧ باوک، ٪٢٥ برا، ٪٢٢ هاوسەر کوشتن و توندوتیژییەکان ئەنجام دەدرێن.

 

لە باری خێزانیدا ئەو ژنانەی کە خێزاندارن زیاتر ڕووبەڕووی ئەم تاوانە دەبنەوە، هاوکات ئەو ژنانەش کە جیابوونەتەوە ئەگەری کوشتنیان زیاترە، پەیوەندی توندوتیژی نێوان هاوسەران، دڵپیسی، کە بە گومانەوە سەیری ڕەفتاری هاوسەرەکەیان دەکەن، ناپاکی هاوسەری، پێگەیاندنی خێزانی لە پەروەردەکردنی منداڵەکەیەوە، جیاوازی نێوان کچ و کوڕ لە خێزاندا، لەمبارەیەوە یەکێک لە ژنەکان دەڵێت "من لە ماڵی باوکمدا لە خێزانێکدا گەورەبووم بەردەوام براکانم خۆشەویستربوون لە کچەکان، ئەوان وەک گەورەی ماڵ هەڵوسکەوتیان دەکرد، کچ تەنها بۆ ئیشکردن و وەک کۆیلە سەیر دەکرا، بەردەوام هەرچیەکمان بکردایە یەکسەر دەکەوتنە لێدانی خۆم و خوشکەکانم، زۆر ئازاریان دەداین، تەنانەت لە لەبەرکردنی جلوبەرگ و ڕەنگی جلیشدا تەداخولیان دەکردین".

 

هۆکاری پەیوەست بە کۆمەڵگا، کەلتور و دابونەریتەکان، یەکێک لە ڕەگوڕیشەکانی کەلتوری توندوتیژی نێو کۆمەڵگای کوردی بریتییە لە دابونەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان، کە باگراوندەکەی هەستی دەرەبەگی، خێڵ و هۆزە و بووەتە بەشێک لە دابونەریت، یەکێک لە دادوەرەکانی پزیشکی دادی سلێمانی دەڵیت: "کەلتور شتی جوانی تێدایە و هەندێک شتیشی تێدایە وەک مۆتەکەیە و لێت نابێتەوە، بەڕاستی کەلتور کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ئەم دیاردەیە، ئێمە شتی وامان بۆ هاتووەم کە کوڕەکە بە لای مەڵی کچەکەیا ڕۆشتووە، کوڕەکەش و کچەکەشیان کوشتووە".

 

لە وەڵامی پرسیاری ئایا هۆکارەکانی کوشتن چییە، توێژی سەرچاوەکانی زانیاری هۆکاری کوشتنیان بە بیانووی شەرەف گەڕاندەووەتەوە کە وەک سزایەک بۆ پێشێلکردنی نورۆمە تەقلیدی و کەلتورییەکانی کۆمەڵگا، کردەیەک بۆ سڕینەوەی شورەیی، گونا‌هو لەکەدارکردنی خێزانی، ڕێگرییەک بۆ گۆڕایەڵینەکردنی ژنانی تر بۆ پیاو و کۆمەڵگا، لە سیستمێکی کەلتوری خێڵەکیدا ژن بنەمای شەرەفە، ژن بەرپرسیارە لە پاراستنی شەرەفی هەمووان، ناموس گرێدراوە بە شەرەفی ژنەوە.

 

هاندان و قسەی خەڵک یەکێکی دیکەیە لە هۆکارە کۆمەڵگەییەکان، قسەی خەڵک و دەستوەردان و ناوزڕاندن، جیاوازی جێندەری، ئەرکی ژن و پیاو دیاریکراوە، ڕۆڵی ژن زیاتر خزمەتکردن و ڕێزگرتنە لە پیاو، ژن نابیت کە پیاو قسەی کرد ئەو قسە بکات، ژن نابێت بە دەنگی بەرز پێبکەنێت، لەبەرامبەردا هەژموونی پیاوەتی و شڵەژانی پێوانەیی، کە هەر پیاوێک دەبێت خاوەنی منداڵ و ماڵ و هاوسەرەکەی بێت، بەکارهێنانی ئاین بۆ بەرژەوەندی پیاوان، بە بەشێکی دیکە لە هۆکارەکان دادەنرێن.

 

پەرەوردەکردن، بەگشتی توێژەرەوانی توێژینەوەکە جەختیان لەوەکردووەتەوە، حاڵەتەکان کە ژن تێیدا دەکوژرێت زۆرینەیان لەناو ئەو خێزانانەدان کە خەڵکی خوێندەواریان کەمترە، هەروەها ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژییا پەیوەندییەکا بوونەتە هۆکاری ئەو کێشانە کاریگەری نەرێنیان هەبووە، هاوکات پەخشکردنی دراما تورکییەکان کە گونجاندنێک نییە لەنێوان کەلتوری تورکیا و هەرێمی کوردستان.

 

لە یاساکانی عێراقدا، بۆ سزادانی تاوانباران نەرمی تێداهەبووە، ناڕاستەوخۆ توانای ئەوەیان داوە بە پیاوان کە ژن و کچەکانیان بکوژن ئەگەر گومانی خراپیان لێبکەن، هۆکاری سیاسی، جەنگ و باڵادەستی هێزی چەکداری، بەردەوامی جەنگ و کێشەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا  فیکری توندوتیژیان پەیڕەوکردووە، لە مێشکی کۆمەڵگادا، هاوکات بڵاوبوونەوەی چەک لەناو خەڵکدا حکومەت.

 

هۆکاری ئابووری،و نەبوونی گوزەرانی جێگیر یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان، جیانەکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری، بوونی دەستوەردان و باڵادەستی هێزی چەکداری بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکان بەرامبەر ژنان، بوونی سیستمێکی دادوەری نا فەرمی کە "سوڵحی عەشایەری"یە، نەپاراستنی ژیانی کەسی گەواهیدەر کۆمەڵێک هۆکاری دیکەن.

 

جێکەوتەی توندوتیژی وکوشتن بە بیانووی شەرەف

جێکەوتەکانی توندوتیژی و کوشتن بەبیانووی شەرەف ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە، کاریگەری نەرێنییان دەبێت لەسەر ئاستی تاک،  جەستەیی، خێزان، دەروونی، کۆمەڵایەتی.

 

جێکەوتەی پەیوەست بە تاک، ئەمەش واتە ئەو کاریگەرییانەی بەهۆی توندوتیژی و کوشتن بە بیانووی شەرەف لە ڕووی خۆشگوزەرانی، هەست و سایۆکلۆژی ژنان لاواز دەکات، دوو جۆر کاریگەری دەبێت، یەکەمیان کاریگەریە کورتەخایەنەکان، لە نمونەی ترسی، هەڵسوکەوتی توندوتیژ، تورەبوون، ئاڵۆزی، هەستکردن بە چەوساندنەوە، هەڵسوکەوتی نەگونجاو لە قۆناغی گەشەکردندا، دووەمیان کاریگەرییە درێژخایەنەکان، سەرلێشوان، دامرکاندن، هەستکردن بە دابڕان، نەمانی متمانە بە کەسانی تر، متمانە بەخۆنەبوون، ئازاردانی خودی، خوگرتن بە خواردنی نا تەندروست، گۆشەگیری، تووشبوون بە چەوسانەوە.

 

لێکەوتی جەستەیی، لەوانە لێدان شین بوونەنەوە، سوتان، بڕاوی بەکارهێنانی چەقۆ و گوێزان، لێکەوتی دەروونی ئەو پیاوانەی بوتەنە بکوژ کاریگەیرییە دەروونیەکانی بەو جۆرە بووە کە هەستی ئابڕووچوون و نەبوونی شەرەفی هەبووە و هەستی پەشیمانیش زۆر زاڵ بووە.

لەبەرامبەردا ژنان بەردەوام هەستیان بە ترس و دڵەڕاوکێ، هەڕەشە لەسەر ژیانیان کردووە، زەبری دەروونی و نیگەرانی و ترس، واتە ترسێکی زۆر لەسەر دەروون و سایکۆلۆژیای ژن دروست دەکات، بیرۆکەی خۆکوشتن، کە ژنەکان هەوڵیانداوە خۆیان بکوژن و تەنها چارەسەریان بە خۆکوشتن لێکداوەتەوە.

 

جێکەوتەکان لەسەر خێزان لەوانە نەمانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، پچڕاندنی پەیوەندی لەنێوان کەسی ڕزگاربوو کوشتن ڕایکردووە، ترس لە داهاتووی منداڵ و خێزانەکەی، ڕۆشتن و جێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوون.

 

جێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان، ناو و پێگە و کەسایەتی، نەمانی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ و کەسە نزیکەکان، لەدەستدانی کار و پیشە، پچڕانی پەیوەندی دوو بنەماڵە، یاخود دروستبوونی دوژمنایەتی، بەردەوام گومانی پیاو لە هەر ژنێک.

 

لە کۆتایدا ڕاسپاردە و پێشنیارەکان بۆ کەمکردنەوەی بنەبڕکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی و کوشتن بە بیانوی شەرەف لە هەرێمی کوردستان خراوەتە ڕوو، ئەوانیش

١-بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی زیاتر لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی تاوانەکە.

٢-بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە وتاری ڕۆژی هەینی.

٣-هاندانی خێزانەکان بۆ تەواوکردنی خوێندنی منداڵەکانیان.

٤-بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری توێژە جیاوازەکان سەبارەت بە مافەکان و یاساکان.

٥-سەربەخۆکردنی دەسەڵاتی دادوەری.

٦-باشترکردنی کوالێتی کارکردنی پۆلیس لە ڕێگای ڕاهێنان.

٧-دروستکردنی داتابەیسێک بۆ جیاکردنەوەی حاڵەتەکانی کوشتن بە بیانووی شەرەف بە وردی.

٨-داڕشتنی سیاسەتێکی جێندەری گونجاو کە بتوانێت دەستەبەری مافی ژنان بکات لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییەوە.

٩-کارکردنی زووی خوێندنی باڵا بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بۆ لایەنی دەروونی کێشەی کۆمەڵایەتی و یاسایی کوشتن بە بیانووی شەرەف.

١٠- ڕاگرتنی باڵانسی جێندەری لە فەرمانگە حکومییەکان بە تایبەت بە وەزارەتی ناوخۆ، دامەزراوە یاساییەکان.

١١-کارکردنی زیاتری وەزارەتی ڕۆشنبیری لەسەر ئیتیکی کاری ڕاگەیاندن، چۆنیەتی ڕوماڵکردنی بابەتەکانی تایبەت بە کوشتن بە بیانووی شەرەف.

١٢-هۆشیارکردنەوەی کەسانی شارەزای ناو کۆمەڵگا، لەوانە مامۆستا، مەلای ئاینی لەبارەی ئەو تاوانە، تا هۆشیاری بڵاو بکەنەوە.

١٣-ڕاهێنانی پزیشک و کارمەندی تەندروستی بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کچ و ژنانەی دەستدرێژی کراوەتە سەریان.

١٤-کردنەوەی خول بۆ قوتابخانەکان لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە.

١٥-دامەزراندن و گەشەپێدانی بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی دادوەری بۆ پاراستنی گیانی گەواهیدەرەکان لە کاتی گەواهیدان بۆ ئەو تاوانە.

١٦-پەرەپێدانی تواناکانی پۆلیس بۆ دەستنیشانکردنی بەڵگە و لێکەوتەکان لەسەر تەرمی کوشتن بە بیانووی شەرەف، ون نەبوونی بکەرەکە و زووتر ئەنجام بەدەستهێنان.

١٧-دانانی جێگەی تایبەت بە بینینی کەیس لە بنکەکانی تایبەت بە تۆمارکردنی سکاڵا بە مەبەستی ئارامی، دروستبوونی متمانە و پاراستنی نهێنی.