تولای هاتیمئۆغولاری پەیامی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی گەیاندە عەلەوییەکان
تولای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە چوارچێوەی بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک پەیامی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی بە عەلەویەکان گەیاند و وتی:عەلەویش لە دڵی پرۆسەکەدان.

ناوەندی هەواڵ
تولای هاتیمئۆغولاری هاوسەرۆکی پارتی دیموکرات و یەکسانی گەلان لە چواردەهەمین کۆبوونەوەی گشتی کۆمەڵە ڕۆشنبیرییەکانی عەلەوی قسەی کرد.
تولای هاتیمئۆغولاری لە کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕیدا سەرنجی بۆ کۆمەڵکوژییەکانی عەلەوییەکان لە سووریا ڕاکێشا و وتی: "ئەم کۆمەڵکوژییانە تازە دەستیان پێنەکردووە. لەگەڵ ئەو کۆمەڵکوژییانەی داعش و بەرەی نوسرە ئەنجامیان دا، لە گوندەکانی لازقیە و حومس و حەما و بانیاس زۆرێک لە عەلەوییەکان کۆمەڵکوژ کران. ئێمە لەبەردەم جینۆسایدێکداین. هەروەها سیاسەتی دیپۆرتکردنەوە لە کاردایە. ئەو هێزانەی کە دەیانتوانی ڕێگری لەو کۆمەڵکوژیانە بکەن، بێدەنگن. بەڵام ئێمە لە هەر چوار گۆشەی تورکیا دەنگمان بەرزکردەوە. "بەهەمان شێوە خوشک و برا کوردەکانمان لە حەسەکە و قامیشلۆ هەوڵی زۆر دەدەن بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی".
'هەوڵەکان بۆ سوریایەکی دیموکراسی بەردەوامە'
تولای هاتیمئۆغولاری لە درێژەی قسەکانیدا سەرنجی بۆ ڕێککەوتنی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی کاتی شام ڕاکێشا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئاگاداری ڕەخنەکانتانین، دڵنیابن ئەم ڕەخنەیەمان لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوبەرێدا هاوبەش کردووە. من دەمەوێت سەرنجتان بە تایبەتی بۆ خاڵی یەکەم و سێیەمی ڕێککەوتنەکە ڕابکێشم. دەمەوێت بزانن کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە هەوڵی سووریایەکی دیموکراسیدایە. ئیدارەی خۆبەڕێوبەری کە گەلی کورد و عەرەب و دروز و گەلانی ئێزیدی لەخۆدەگرێت، تا ئێستا گەورەترین بەرخۆدانی دژ بە داعش و نوسرە و شوێنکەوتووانی داناوە. لە ڕێگەی خەباتی خۆیانەوە نیشانی هەموو دونیایان دا کە داعش دەتوانێ شکست بهێنێت، خۆبەڕیوەبەری بە تایبەتی گرنگی بە پرسی ئازادی و یەکسانی ژنان دەدات، ئەوان دەیانەوێت لە هەموو ئاستەکاندا لە هەرێمەوە تا ناوەند بەشدار بن، دەیەوێت هیچ ئایین و زمان و گەلێک جیاکاری نەکرێت و کار بۆ بونیادنانی سووریایەکی دیموکراسی دەکات.
عەلەوییەکان لە دڵی پرۆسەکەدان
هەم پێش بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی بەڕێز ئۆجالان و هەم دوای بانگەوازەکەمان، لەگەڵ عەلەوییەکان لە تورکیا، لەندەن و ئەڵمانیا کۆبووینەوە، زۆرێک لە عەلەویەکان بەشداریان لەم کۆبوونەوانەدا کردووە، پێشنیارەکانی خۆیان بۆ بونیادنانی تورکیایەکی دیموکراسی بڵاوکردەوە، گوێمان لە بۆچوون و پێشنیاری نوێنەرانی ئێوە بوو. تۆ پێت وتین؛‘عەلەوییەکان لە کوێدا لەم پرۆسەی دیموکراسیکردن و ئاشتیدا جێیان دەبێتەوە؟’ ئێمە هەمان شتمان بۆ ئیمرالی ڕاگەیاند و ئەمە ئەو وەڵامەیە کە پێماندرا؛ 'عەلەوییەکان ڕاست لە ناوەڕاستی ئەم بابەتەدان. لە دڵی ئەودان. چونکە دیموکراسی تەنها بۆ کورد نییە، بۆ تورک نییە، ئەرکی ئێمەیە، بەتایبەتی بۆ عەلەوییەکانی دانیشتووی ئەم وڵاتە، تورکیایەکی دیموکراسی بنیات بنێن کە هەموو گەلان و باوەڕە جیاوازەکان بتوانن لەسەر بنەمای هاوڵاتییەکی یەکسان بژین، با عەلەوییەکان بەم شێوەیە ئەم بانگەوازە قبوڵ بکەن ئەمە پەیامی ئیمرالی بوو بۆ عەلەوییەکان.
تولای هاتیمئۆغولاری ڕایگەیاند کە ئەوان هەرگیز سیاسەتەکانی دزەکردن قبوڵ ناکەن و وتی: ئێمە هەرگیز ئەو عەقڵیەتەمان قبوڵ نەکردووە و هەرگیز قبوڵی ناکەین، ئێمە هەرگیز ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرستانە و نەتەوەپەرستانەمان قبوڵ نەکردووە و قبوڵیش ناکەین، ئێمە وەک دەم پارتی لەگەڵ داواکارییەکانی کۆمەڵگەی عەلەویمان وەستاوین، هەرگیز سیاسەتەکانی حکومەتمان لە دژی عەلەوییەکان قبوڵ نەکردووە و هەرگیز ئەوە ناکەین، پێکەوە دژی ئەوان دەجەنگین، ئەم وڵاتە دیموکراسی نابێت تا مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان بە هەموو ڕۆحمان بدرێت، ئێمە پشتگیری لە هەموو داواکارییە دیموکراسیەکانتان دەکەین.