ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراو ژنیکی دیکەش بە گوماناویی گیانی لەدەستدا
تەرمی ژنێک گەیەندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای شاری ھەولێر، کە لایەن هاوژینەکەیەوە ملی بڕدراوە، ژنیکی گەنجی دیکەش بە گوماناویی کەوتە خوارەوەو گیانی لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر بە میدیاکانی ڕایگەیاندوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی ژنێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکە، کە ئاسەواری بڕین بەملیەوە دیارە و دەنگۆی کوشتنی لەلایەن هاوژینەکەیەوە هەیە.
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، "ژنەکە ناوی "كوێستان پیرۆت خدر"ەو لە گەڕەكی كوردستان-ی شاری هەولێر ڕووداوەکە ڕویداوە، تیمەكانی لێكۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتیمان و بنكەی ئاسایشی گەڕەك گەیشتنە شوێنی تاوان و دەستیانكرد بە لێكۆڵینەوە و دەركەوت لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی (أ. ش. ع.) لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی بە چەقۆ كوژراوە".
ئاسایشی هەولێر دەڵێت: "دواتر توانرا دوای كەمتر لە دوو كاتژمێر تاوانبار دەستگیر بكرێت و لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆلینەوە بە مادەی ٤٠٦ لەلامان بەندكراوە و لە رێگەی دادگا رووبەڕوی یاسا دەكرێتەوە".
هاوکات ھۆگر عەزیز، وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى دا ئاشكرایكرد، دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه، ژنێکی گەنج به‌ناوى "ئاریا محه‌مه‌د خه‌لیل" له باڵه‌خانه‌یه‌كى ته‌واونه‌كراوى شاره‌كه له‌سه‌ر رێگاى هه‌ولێر- كه‌ركوك خۆی فڕێداوه‌ته خواره‌وه و به‌وهۆیه‌وه ده‌ستبه‌جێ گیانى له‌ده‌ستداوه.
ئاماژە بەوەشکراوە کە ژنە گەنجەکە ته‌مه‌نى ٢١ ساڵه و فێرخوازی په‌یمانگاى ته‌كینیكی هه‌ولێر به‌شى كتێبخانه و زانیاری بوه.