تاژێ: ئازاری ئێمەی ژنانی شەنگال و گەلی عەفرین وەک یەکە

لە ساڵیادی داگیرکردنی عەفریندا تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لێدوانێکی نوسراوی بڵاوکردەوەو وتی: "وەک ژنانی ئێزدی ئازاری ئێمەی ژنانی شەنگال و خەڵکی عەفرین یەکە، بۆ ئەوەی ئەم داگیرکارییە تێکبدەین، بە ڕۆحی بەرخۆدانی سەردەم ئازادکردنی عەفرین مسۆگەر دەکەین".

ناوەندی هەواڵ

 

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە ساڵیادی داگیرکردنی عەفریندا لێدوانێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و وتی: "لە چوارەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفریندا هەموو شەهیدانی ئازادی لە کەسایەتی بارین و ئاڤێستا بەبیر دێنینەوە، لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ سوپای تورک و چەتەکانی ئۆپەراسیۆنێکی بازاڕی نێودەوڵەتییان بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد ئەو هێرشەی کە لەلایەن هەندێک دەوڵەتەوە پشتیوانی دەکرا و هێزە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگ بوون، سەدان هاوڵاتی کوژران و سەدانیش برینداربوون وەک دەزانرێت، ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە و هەسەدە بەردەوام بوو، دواجار عەفرین پاش ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدان داگیرکرا".

 

 

"بەرخۆدانی عەفرین راستیی گەلی کورد-ی خۆڕاگری نیشانی هەمووان دا"

تاژێ تیشکی خستە سەر مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد و لە بەردەوامیدا هاتووە: "گەلی کورد لە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا چەندین دەستی بەرخۆدانی هەبووە هەمیشە لە بەرامبەر دەوڵەتە داگیرکەر و بکوژەکان بەرخۆدانی کردووە و سەری دانەنەواندووە، بەرخۆدانی خەڵکی عەفرین لە دژی فاشیزمی دەوڵەتی تورک کە تەکنەلۆجیای ناتۆی هەبوو توانی گەورەترین بەرخۆدانی سەدەی ٢١ نیشان بدات و ئەم هەڵوێستە جێگەی شانازییە بۆ هەموو کوردێکی ئازاد، ڕاستی بەرخۆدانی کورد بۆ هەمووان نیشان دراوە، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بەئامانجی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد و سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد لەبەرچاوی دەوڵەتە باڵادەستەکان، بە ڕەزامەندی ڕووسیا و بێدەنگی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا بە ٧٢ فڕۆکەی جەنگی و هەزاران سەرباز و چەتە هێرشیان کردە سەر خەڵکی عەفرین لەو هێرشانەدا، لە سروشتی عەفرینەوە بۆ منداڵان، ژنانیان کوشت لەو کاتەوە سەدان ژن لەلایەن چەتەکانی داگیرکەری عەفرینەوە ڕفێندراون و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر.

 

لەو هێرشانەدا کە دەوڵەتی تورک لە عەفرین ئەنجامی دا، ڕووی ڕاستی دەوڵەتی تورک بوو، تا ئەمڕۆش هێرشەکە بەردەوامە و سەدان هەزار هاوڵاتی عەفرینیش کۆچ دەکەن دەوڵەتی تورک و چەکدارەکەی ڕۆژانە لە عەفرین هاوڵاتیان دەڕفێنن و دەکوژن.

 

وەک تەڤگەری ژنانی ئێزدی داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە دڵسۆزەکان بەتایبەتی داوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین کە بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، وەک ژنانی ئێزدی ئازاری ئێمە ژنانی شەنگال لەگەل گەلی عەفرین یەکێکە، دۆزی ئێمە یەکێکە و خوێنمان یەکێکە بۆ ئەوەی داگیرکەر تێکبشکێنین با لەسەر هێڵی شەهیدان بەو ڕۆحەوە شتێکۆشان بکەین و ڕزگارکردنی عەفرین مسۆگەر بکەین"