سیهام شنگالی: دەنگەکانتان بدەن بەو کەسانەی کە کار بۆ کۆمەڵگە دەکەن
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سیهام شنگالی جەختی لەوە کردەوە، کە کۆمەڵگە دەیەوێت نوێنەری ڕاستەقینەی لە سیاسەتی عێراقدا هەبێت و چارەنووسی خۆی دیاری بکات.
 
					شنگال- ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە کە بارودۆخێکی سیاسی پشێو و ئاڵەنگاری نوێ و گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات و کاریگەرییەکانیشیان لەسەر عێراق زۆر بەرچاوە.
لەم هەڵبژاردنانەدا کە پێکهاتەکان وەک دەرفەتێک بۆ گۆڕانکاری دەزانن، شنگال پێگەیەکی چارەنووسسازی هەیە، چونکە ئەو لایەنەی لە شنگال سەردەکەوێت، دەسەڵات و کاریگەری بەدەست دەهێنێت لە داڕشتنی سیاسەتی عێراقدا، هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێکهاتەی ئێزیدی هەوڵدەدات نوێنەری خۆی بنێرێت بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی ڕۆڵ و دەنگی هەبێت لە سیاسەتی عێراقدا.
"دەستوەردانی سێ لایەن لە عێراق هەیە"
لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و کاریگەرییەکانیان لەسەر عێراق بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگی شنگال و پێکهاتەی ئێزیدی، سیهام شنگالی، نوێنەری لیژنەی دیبلۆماسی تەڤگەری ژنانی ئێزیدی (TAJE) ئاماژەی بەوەدا، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وڵاتێکی وەک عێراق کە شایەتحاڵی شەڕ و ململانێکانە لە هەموو گۆشەیەکدا، نوێنەرایەتی تیشکێکی هیوا دەکات بۆ کۆمەڵگە بەوەی گۆڕانکاری ڕوودەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆرێک دەڵێن هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام هەندێک لایەن دەڵێن ڕەنگە لە کۆتا خولەکدا هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێنرێتەوە بەهۆی فشاری ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنانە لەم کاتەدا لەڕادەبەدەر گرنگن، چونکە لەڕووی سیاسی و یاساییەوە قەیران لە هەموو لایەک لە عێراقدا هەیە، خاکی عێراق لەلایەن سێ وڵاتەوە داگیرکراوە، ئەوانیش تورکیا، ئێران و وڵاتانی ئەوروپایە، بەو هۆیەوە ساڵانێکە چارەسەرێکی هەمەلایەنە بەدی نەهاتووە، بۆیە کۆمەڵگە بە هیوای گۆڕانکاری بەرچاو لە هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە''.
"دەنگەکانتان بدەن بەو کەسانەی کە کار بۆ کۆمەڵگە دەکەن''
سیهام شنگالی، لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی پێکهاتەی ئێزیدی بۆ ناردنی نوێنەری ڕاستەقینە بۆ پەرلەمانی عێراق، وتی: ''ماوەی ١١ ساڵە، تەنانەت پێش جینۆسایدیش، پێکهاتەی ئێزیدی لە هەوڵی ئەوەدابووە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی لە سیاسەتی عێراقدا هەبێت، وە دوای جینۆسایدش چەندین هەوڵ بۆ ئەم ئاراستەیە سەریهەڵداوە، جیهان زۆر باش دەزانێت کە هەڵبژاردنەکانی پێشوو شەفاف و دادپەروەرانە نەبوون، پێشتر پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزیدی (PADÊ) هەوڵی ناردنی نوێنەری دەدا، بەڵام ئەم هەوڵە لە ڕێگەی ساختەکارییەوە پووچەڵکرایەوە، پاشان ڕێگەی پێنەدرا بەناوی پێکهاتەی ئێزیدیەوە بچێتە پەرلەمانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان''پەدەکە''، پارە و دەستکاریکردن بەکاردەهێنێت بۆ پاڵنانی کەسانی سەربەخۆی خۆی بۆ ناو پەرلەمان، ئەو کەسانەش دژی پێکهاتەی ئێزیدی و داواکانی کاردەکەن، بۆ نموونە محەمەد خەلیل و ڤیان دەخیل پێش جینۆساید لە پەرلەمان بوون، بەڵام پێکهاتەی ئێزیدی بە چاوی خۆی بینی کە هیچیان بۆ نەکردووە، بەڵکو زیانیان پێگەیاندووە و تەنها بۆ حزبەکەیان و بەرژەوەندییەکان کاریان کردووە".
ڕاشیگەیاند: "لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا، کۆمەڵگەی ئێزیدی هەوڵدەدات نوێنەرایەتییەکی ئازاد بنیات بنێت کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خۆی بێت و دەنگی خۆی بدات بەو کەسانەی کە کار بۆ پێکهاتەکە دەکەن، هیوای ئێمە ئەوەیە کە کۆمەڵگەکەمان دەنگی خۆی بدات بەو کەسانەی کە بەڕاستی خزمەتی دەکەن".
"هەرکەسێک نوێنەرایەتی ڕاستەقینە بەدەستبهێنێت، ئێمە تا کۆتایی پشتگیریان دەکەین"
سیهام شنگالی باس لەوە دەکات کە بەشێک لەو لێدوانانەی لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دەدرێن دوورن لە ڕاستییەوە وتی: "بۆ نمونە کاتێک بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، نێچیرڤان بارزانی هاتە دەرەوە، وتی: هەزاران شەهیدمان پێشکەش کرد بۆ ڕزگارکردنی شنگال، وەک ئەوەی کەسێک ڕاستی نەبینیبێت و شایەتحاڵی جینۆسایدەکە نەبووبێت باوەڕ بەو جۆرە قسانە بکات، هەموو جیهان بینی کە هۆکاری جینۆسایدەکە پارتی دیموکراتی کوردستان ''پەدەکە'' بووە، ئەوان لە ٩تشرینی یەکەم، ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ داعش واژۆکرد و شنگالیان فرۆشت هەمووانیش ئەم شتانە دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دووپاتی دەکەنەوە، شنگالمان ئازاد کرد، شەهیدمان پێشکەش کرد لە پێناویدا ئەوان بێ شەرمانە ئەم قسانە دەڵێن''.
ڕاشیگەیاند: "لە کۆتاییدا ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم واژۆکرا، دوای ماوەیەک مەسعوود بارزانی وتی: بە هیچ شێوەیەک نەمانتوانی ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم جێبەجێبکەین، سەرەڕای پاڵپشتی وڵاتانی دەرەوە بۆ ئەم ڕێککەوتنە و بوونی نەتەوە یەکگرتووەکان تێیدا، هەروەها فشارەکانی تورکیاش بۆ ڕێگریان لە جێبەجێکردنی، سەرەڕای ئەوەش هێشتا دەڵێن پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ شنگال، وەک ئەوەی ئەو کۆمەڵکوژییە ڕووینەدابێت و کۆمەڵگەی ئێزیدی تووشی ئەم هەموو ئازارە نەبووبێت، ئەوان نەگەڕاونەتەوە تەنانەت لە خەونەکانیشدا ناتوانن بگەڕێنەوە''.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەی ١١ ساڵە لەم بوارەدا کاردەکەن، ''تا کۆتایی پشتگیری ئەو کەسانە دەکەین کە دەتوانن نوێنەرایەتی کۆمەڵگەکەمان بکەن، داواش لە کۆمەڵگە دەکەین بەو ڕۆحەوە بەشداری بکەن، هەروەها پشتگیری ئەو کەسانە دەکەین کە بەڕاستی دەتوانن نوێنەرایەتی ئێمە بکەن لە پەرلەمان و ئەوانەی دەیانەوێت جینۆسایدەکە بناسرێتەوە''.
''بانگەوازێکی هەڵبژاردن بۆ پێکهاتەی ئێزیدی''
لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا، سیهام شنگالی جەختی لە پێویستی کۆمەڵگەی ئێزیدی کردەوە کە دەنگی خۆی بداتە کەسانی شایستە کە بتوانن ڕاستگۆیانە نوێنەرایەتی کۆمەڵگەکە بکەن، هەروەها وتیشی: "پێویستە هەڵوێستی ڕوونی هەبێت بەرامبەر بەو کەسانەی خیانەتیان لەم پێکهاتە کردووە، کۆمەڵگەی ئێزیدی دەبێت نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت، هەر بۆیەش ئەم بانگەوازەی بۆی دەکەین، بە هەمان شێوە ژنانی ئێزیدیش دەبێت بە توندی دژی ئەو کەسانە بوەستن کە خیانەتیان لە کۆمەڵگەکەیان کردووە و پەیوەندییان بەو لایەنانەوە هەیە کە پەیوەندییان بەو کەسانەوە هەیە کە بەرپرسیارن لە جینۆسایدەکە".
لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوەشکرد، "ژنانی ئێزیدی ڕێگەنادەن کۆمەڵگەی ئێزیدی بگەڕێنەوە بۆ شنگالی پێش جینۆساید، شنگالەکەی ئەمڕۆ شنگالەکەی دوێنێ نییە، کۆمەڵگەی ئێزیدی، ژنەکانی، گەنجەکانی، ڕێکخستن و ئیرادە و بەرگریکردنیان هەیە، دەبێت هەموو کەسێک باش لەم شتە تێبگات و بزانێت چیتر ناتوانن بە مەرامەکانی خۆیان بگەن".
