عێراق هاوردەکردنی بەرهەمی پەلەوەر لە تورکیاوە قەدەغە دەکات

حکومەتی عێراق بڕیارێکی دەرکرد بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە، هاوردەکردنی بەرهەمی پەلەوەری لە تورکیاوە قەدەغە دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

حکومەتی عێراق ڕۆژی هەینی بڕیارێکی دەرکرد بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە، هاوردەکردنی بەرهەمی پەلەوەری لە تورکیاوە قەدەغە دەکات.

 

تاهیر سەبری حسێن، پسپۆڕی پەتا لە عێراق باسی لەوە کرد کە بڕیارێک دەرچووە بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی پەلەوەر لەو وڵاتانەی کە ئەنفلۆنزای باڵندەیان تێدا بڵاوبووەتەوە، لەنێویاندا تورکیا هەیە.

 

ڕوونیشیکردەوە: "بڕیارەکە لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو دەرچووە، بەرهەمە پەلەوەرەکانی تورکیا لە بازاڕی عێراق یان پێش وادەی قەدەغەکردن هاوردە کراون یان دوای ئەم بەروارە بەشێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ناو عێراق".

 

مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانی خۆی لەبارەی پەرەسەندنی جۆرە نوێیەکانی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە بڵاوکردەوە، ئەمەش لەئەنجامی گۆڕانکاری لە جەستەی شیردەرەکاندا.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی باسی لەوە کرد کە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کەمبۆدیا دەکات، دوای دۆزینەوەی دوو حاڵەتی پشتڕاستکراوی جۆری H5N1 کە بە ئەنفلۆنزای باڵندە ناسراوە لە نێوان یەک خێزان لە کەمبۆدیا.

 

ئەنفلۆنزای باڵندە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی زۆر درمییە و تووشی باڵندەی ماڵی و کێوی دەبێت.

 

ئەم نەخۆشییە ئاڵۆزە بەهۆی ئەو ڤایرۆسانەوە دروست دەبێت کە دابەشبوون بەسەر چەندین جۆری وەک H5N1، H5N3، H5N8، هەروەها تایبەتمەندییە بۆماوەییەکانیان بە خێرایی پەرەدەسەنن، بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی جیهانی تەندروستی ئاژەڵان WOAH.