سەرچنار ئەحمەد: هەڵەبجە ئێستا لەنێوان دوو بەرداشدایە

سه‌رچنار ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە ڕۆژی ١٦ی ئادار ئەم مێژووە بۆ هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان بووەتە هێما و ڕۆژی تەسلیم نەبوون و قوربانیدان، دەشڵێت: "وەک پێویست ئاوڕ لە هەڵەبجە نەدراوەتەوە".

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٦ی ئادار ساڵیادی ٣٤ ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە کە بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەهیدبوون و هەزاران کەسیش کە بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت تا ئێاستا لە چاوەڕوانی وەرگرتنی چارەسەردان.

 

پەرلەمانتار سەرچنار ئەحمەد ڕەخنە دەگرێت لەوەی وەک پێویست خزمەت بە هەڵەبجە نەکراوە، لەو بارەیەوە نووسیویەتی: " دوای ٣٤ ساڵ لە کیمیابارانکردن و وێرانبوونی شارەکە تا ئێستاش وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوەو تاڕادەیەکی زۆریش فەرامۆش کراوە، چ لەڕووی خزمەتگوزاری و چ لەڕووی بە کرداری بوونی بێت وەک چوارەمین پارێزگا لەهەرێمی کوردستان".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەڵەبجە ئێستا لەنێوان دوو بەرداشدایە، حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵ، هەرچی حکومەتی هەرێمە هەوڵەکانی تەنها لە چوارچێوەی بەڵێنی نوسراوو بریقەدار دەرنەچووە و دروشمەکانی بۆ هەڵەبجە گوفتاری بێ کردار بووە.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە حکومەتی عێراقیش خەمسارد بووە لە دۆزی بەفەرمی ناساندنی هەڵەبجە وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق و تا ئێستاش نەیتوانیوە قەرەبووی برینداران و بەرکەوتوان و زیانمەندانی شارەکە بکاتەوە .

 

لە کۆتایی نووسینەکەیدا وتویەتی: "خەڵکی هەڵەبجە ئێستا نیگەرانەو لەبیری بایکۆت و خۆپیشاندایە وەک دوا کارتی فشار و نا ئومێدی لەهەردوو حکومەت، بەڵام هەڵەبجە هەر زیندووە و هەوڵی خۆیدەدات بەڵکو گوێیەک هەبێ بۆ بیستنی داوا ڕەوا پشتگوێ خراوەکانی".