هەڵەبجە، کۆنگرەی ستار سەردانی نوخشە ناسیحی قائیمقامی هەڵەبجەیان کرد

نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە و داگیرکردنی عەفرینەوە سەردانی شاری هەڵەبجەیان کرد و لەگەڵ قائیمقامی شارەکە کۆبوونەوە.

هەڵەبجە

بە بۆنەی ساڵیادی ١٦ی ئادار، کیمیابارانی هەڵەبجە و ١٨ی ئادار، ساڵڕۆژی داگیرکردنی عەفرینەوە، ئەمڕۆ نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان سەردانی شاری هەڵەبجەیان کرد و لەگەڵ نوخشە ناسیح، قائیمقامی هەڵەبجە کۆبوونەوە.

 

شاندەکەی کۆنگرەی ستار بە مەبەستی هاوخەمی دەربڕین بۆ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لەگەڵ قائیمقامی هەڵەبجە کۆبوونەوە، تێیدا سلاڤا سلێمان، ئەندامی نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار باسی لەوەکرد، لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەگەرچی ڕژێمی بەعسی سوریا ڕێگری کردووە لە یادکردنەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەڵام گەل هەموو ساڵێک لە ماڵەکانی خۆیانەوە یادی هەڵەبجەیان کردووەتەوە.

 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا لەیمان شویش، نوێنەری کۆنگرەی ستار باسی لەوەکرد، کە ڕۆژئاوای کوردستان ئەزمونی شۆڕشی کردووە وخۆی بەڕێکخستن کردووە لە ئێستادا، لەبەر ئەوەی مێژووی گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان وەکو یەکە، دەبێت ئەو ئەزمونە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و بەتایبەت باشوری کوردستان دابمەزرێت و گەل خۆی بەڕێکخستن بکات.

 

نوخشە ناسیح، قائیمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەدا کە لە داهاتوودا کاری هەماهەنگیان لەگەڵ کۆنگرەی ستاردا دەبێت و پەیوەندییەکانیان بەردەوامی پێدەدەن.

ت.پ